بەشی ٩

1 کاتێک فریشتەی پێنجەم کەڕەناکەی لێدا، بینیم ئەستێرەیەک لە ئاسمانەوە کەوتە سەر زەوی، و کلیلی جیهانی مردوانی پێدرابوو. 2 کاتێک کردییەوە دووکەڵێک لە شێوەی دووکەڵی کوورەیەکی مەزن لێی بەرزبۆوە، و خۆر و کەشەکەی تاریک کرد. 3 لە دووکەڵەکەوە کوللە هاتە دەرەوە بۆ سەر زەوی، دەسەڵاتی وەک دوپشکیان پێدرابوو، 4 فەرمانیان پێدرا کە زیان بە گژ و گیای زەوی و کێڵگە و هیچ درەختێک نەگەیەنن تەنها زیان بەوانە بگەیەنن کە مۆری خودا لەسەر نێوچەوانیان نییە، 5 بۆ ماوەی پێنج مانگ ئەشکەنجەیان دەدات بەبێ ئەوەی بیانکوژێت، ئەو ئازارەی کە دەیاندات هاوشێوەی ئازاری پێوەدانی دوپشکە. 6 لەو مانگانەدا مرۆڤەکان هەوڵی ڕزگاربوون لە ژیانیان دەدەن بەڵام ناتوانن! ئەوان ئارەزووی مردن دەکەن، بەڵام مردن لێیان ڕادەکات. 7 ئەم کوللانە لەو ئەسپانە دەچوون کە بۆ شەڕ ئامادەکراون، ئەوەی لەسەر سەریان بوو وەک تاجی زێڕین وابوو، ڕووخساریشیان وەک ڕووخساری مرۆڤ وابوو، 8 قژێکی درێژیان هەبوو وەک قژی ژن، ددانەکانیان وەک ددانی شێر بوو، 9 سنگیان وەک قەڵغانی ئاسن بوو، دەنگی باڵەکانیان وەک ژاوەژاوی گالیسکەی ئەسپەکان بوو کە دەچنە شەڕەوە، 10 کلکیان وەک دوپشک چزوی هەبوو. دەسەڵاتی ئەوەیان هە بوو بە کلکیان زیان بە مرۆڤ بگەیەنن بۆ ماوەی پێنج مانگ. 11 پاشاکەیان «فریشتەی جیهانی مردوان» بوو، بە عیبری ناوی «ئەبەدۆنە»‏، و بە یۆنانی ناوی «ئەپۆلیۆنە».‏ 12 هاوار و نەهامەتی یەکەم تێپەڕی، و دوو هاوار و نەهامەتی تریش دێت! 13 پاشان فریشتەی شەشەم کەڕەناکەی لێدا، و دەنگێکم بیست کە لە چوار قۆچەکەی قوربانگا زێڕینەکەی بەردەم خوداوە هات، 14 بە فریشتەی شەشەمی دەگوت کە کەڕەناکەی پێبوو: «چوار فریشتە بەستراوەکەی لای ڕووباری گەورەی فورات ئازاد بکە». 15 ئەم چوار فریشتەیە ئامادەکرابوون بۆ ئەو کاتژمێر و ڕۆژ و مانگ و ساڵە، بۆیە ئازادکران بۆ کوشتنی یەک لەسەر سێی مرۆڤایەتی. 16 بیستم سوپاکەیان دەگەیشتە دوو سەد ملیۆن جەنگاوەر! 17 لە بینینەکەدا ئەسپەکانم بینی سواریان لەسەر بوو زرێ لەبەردا بوو هەندێکیان سووری ئاگرین، و هەندێکیان وەنەوشەیی، و هەندێکیان زەردی گۆگردی بوون. سەری ئەسپەکان وەک سەری شێر بوون، ئاگر و دوکەڵ و گۆگردیان لە دەمیانەوە دەردەکرد. 18 یەک لەسەر سێی خەڵکەکە بەهۆی ئەم سێ بەڵایە کوژران، بە ئاگر و دوکەڵ و گۆگرد کە لە دەمی ئەسپەکانەوە دەردەچوو. 19 هێزی کوشندەی ئەسپەکان لە دەم و کلکیاندا بوو، چونکە کلکەکانیان لە مار دەچوو کە سەری زیانبەخشی پێوەبوو! 20 بەڵام ئەو خەڵکەی لەم بەڵایانە ڕزگاریان بوو، لە کارەکانیان پاشگەز نەبوونەوە، و بەردەوام بوون لە کڕنۆش بردن بۆ شەیتان و بۆ ئەو بتانەی کە لە زێڕ و زیو و مس و بەرد و دار دروستیان کردبوون، لەگەڵ ئەوەی نەیاندەتوانی ببینن و ببستن و بجوڵێن! 21 لە کوشتن و جادوو داوێنپیسی و دزی پاشگەز نەبونەوە!