بەشی ٨

1 کاتێک بەرخەکە مۆری حەوتەمی کردەوە، نزیکەی نیو کاتژمێر ئاسمان بێ دەنگ بوو. 2 حەوت فریشتەکەم بینی کە لەبەردەم خودا وەستابوون و حەوت کەڕەنایان پێدرا. 3 پاشان فریشتەیەکی تر هات و بخوردانێکی زێڕینی پێبوو لە لای قوربانگاکە وەستا، بخورێکی زۆری پێدرا بۆ ئەوەی لەگەڵ نزای پیرۆزکراواندا لەسەر قوربانگا زێڕینەکەی پێش تەختەکە پێشکەشی بکات، 4 پاشان دوکەڵی بخور لە دەستی فریشتەکەوە بەرزبووەوە لەگەڵ نزای پیرۆزکراواندا، بۆ ئامادەبوونی خودا. 5 پاشان فریشتەکە بخوردانەکەی پڕ کرد لە ئاگر کە لەسەر قوربانگاکە بوو و فڕێیدایە سەر زەوی، و هەورەگرمە و دەنگی بروسکە و بوومەلەرزە ڕوویدا. 6 حەوت فریشتەی، خاوەن حەوت کەڕەناکە، خۆیان ئامادە کرد بۆ لێدانی. 7 کاتێک فریشتەی یەکەم کەڕەناکەی لێدا، تەرزە و ئاگری تێکەڵ بە خوێن کەوتە سەر زەوی و سێ یەکی زەوی، و سێ یەکی درەختەکان سووتان لەگەڵ هەموو گژو گیایەکی سەوز. 8 کاتێک فریشتەی دووهەم کەڕەناکەی لێدا، شتێک وەک شاخێکی مەزنی ئاگردار فڕێدرایە ناو دەریاکە، و سێ یەکی دەریاکە بوو بە خوێن، 9 سێیەکی بەدیهێنراوە زیندووەکانی ناوی مردن، وە سێیەکی کەشتیەکانیش تێکشکان. 10 پاشان فریشتەی سێهەم کەڕەناکەی لێدا، ئەستێرەیەکی مەزن وەک بڵێسەی ئاگر لە ئاسمانەوە کەوتە خوارەوە، و کەوتە سەر سێ یەکی ڕووبارەکان و کانیاوەکان. 11 ناوی ئەستێرەکە «زەقنەبووت»بوو. یەک لەسەر سێی ئاوەکان تاڵ بوون، و خەڵکێکی زۆر بەهۆی تاڵی ئاوەکەوە مردن. 12 کاتێک فریشتەی چوارەم کەڕەناکەی لێدا، لێدانێک لە سێیەکی خۆر و سێیەکی مانگ و سێیەکی ئەستێرەکان بوو، بۆیە سێیەکی ئەوان تاریک بوون و ڕۆژ سێیەکی ڕووناکی خۆی لەدەستدا ، هەروەها شەویش. 13 پاشان سەیرم کرد هەڵۆیەکم بینی کە لە ناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕێت و گوێم لێ بوو بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکات و دەڵێت: «هاوار هاوار هاوار بۆ دانیشتووانی زەوی بۆ ئەوەی چییان بەسەر دێت کاتێک ئەو سێ فریشتەیەی کە ماون کەڕەناکەیان لێبدەن!»