بەشی ٧
1
دوای ئەوە چوار فریشتەم بینی لە چوار گۆشەی زەوی وەستابوون، چوار بای زەوییان ڕاگرتبوو، بۆ ئەوەی هیچ بایەک بەسەر وشکانی و دەریا و درەختدا هەڵنەکات.
2
پاشان بینیم فریشتەیەکی تر لە ڕۆژهەڵاتەوە هات و مۆری خودای زیندوو هەڵگرتبوو، بە دەنگێکی بەرز بانگی ئەو چوار فریشتەیەی کرد کە ئەرکی زیانگەیاندن بە وشکانی و دەریایان پێسپێردرابوو:
3
«چاوەڕوان بن! زیان لە خاک و دەریا و درەختەکان مەدەن، تا مۆری خوداکەمان لەسەر نێوچەوانی خزمەتکارەکانی دادەنێین».
4
بیستم کە ژمارەی مۆرکراوەکان، سەد و چل و چوار هەزار کەس بوون، لە هەموو هۆزەکانی نەوەی یەسرائیل:
5
لە هۆزی یەهودا دوازدە هەزار مۆرکراو؛ لە هۆزی ڕۆبین دوازدە هەزار؛ لە هۆزی گادیش دوازدە هەزار؛
6
لە هۆزی ئاشێر دوازدە هەزار؛ لە هۆزی نەفتالیش دوازدە هەزار؛ لە هۆزی مەنەشێ دوازدە هەزار
7
لە هۆزی شیمۆن دوازدە هەزار؛ لە هۆزی لێڤی دوازدە هەزار؛ لە هۆزی یساخار دوازدە هەزار؛
8
لە هۆزی زەڤولون دوازدە هەزار؛ لە هۆزی یۆسپ دوازدە هەزار؛ لە هۆزی بنیامین دوازدە هەزاری مۆر کرد.
9
پاشان سەیرم کرد، و بینیم جەماوەرێکی بێشومار، لە هەموو نەتەوە و هۆز و گەل و زمانێکەوە، لەبەردەم تەختکەو و لەبەردەم بەرخەکەدا وەستابوون، جل و بەرگی سپییان لەبەردا بوو پەلکە خورمایان بەدەستەوە بوو،
10
بە دەنگی بەرز دروشمیان دەگوتەوە: «ڕزگاری لە خودامانەوەیە کە لەسەر تەختەکە دانیشتووە و لە بەرخەکەوەیە!»
11
لە دەوری تەختەکە فریشتەکان، و پیرەکان و چوار بوونەوەرە زیندووەکە، کۆبوونەوە و لەبەردەم تەختەکە بەڕودا کەوتن و کڕنۆشیان بۆ خودا دەبرد،
12
دەیانگوت:«ئامین! شکۆ و دانایی و سوپاس و ڕێز و توانا و هێز بۆ خودامانە هەتاهەتایە. ئامین!»
13
یەکێک لە پیرەکان لێی پرسیم: «ئایا دەزانی ئەم کەسانەی جلی سپییان لەبەردایە کێن، و دەزانیت لە کوێوە هاتوون؟»
14
منیش وەڵامم دایەوە: «تۆ دەزانی گەورەم!» وتی: «ئەمانە لە تەنگانە مەزنەکەوە هاتوون، و جلەکانیان شۆردووە و بە خوێنی بەرخەکە سپییان کردووەتەوە.
15
هەر بۆیە لەبەردەم تەختی خودادان و شەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەیدا خزمەتی دەکەن دانیشتووی سەر تەختەکە بە چادرەکەی دایان دەپۆشێت،
16
نە برسی دەبن و نە تینوو دەبن، نە خۆر و هیچ گەرمایەک لێیان نادات،
17
چونکە بەرخەکە کە لە ناوەڕاستی تەختەکەدایە، و شوانایەتیان دەکات و دەیانباتە سەر کانیاوەکانی ئاوی ژیان، خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە».