بەشی ٦
1
بەرخەکەم بینی یەکەم مۆری لە حەوت مۆرەکە شکاند، گوێم لە یەکێک لە چوار بوونەوەرە زیندووەکە بوو کە بە دەنگێکی وەک هەورە گرمە بانگی دەکرد: «وەرە!»
2
سەیرم کرد لەبەردەممدا ئەسپێکی سپیم بینی، سوارەکەی کەوانێکی هەڵگرتبوو تاجێکی لەسەر سەربوو، بە سەرکەوتنەوە دەرچوو تاکو سەربکەوێت.
3
پاشان بەرخەکە مۆری دووەمی شکاند، گوێم لە بوونەوەری دووهەم بوو کە بانگی دەکرد: «وەرە!»
4
پاشان ئەسپێکی سوور هاتە دەرەوە، سوارەکەی شمشێرێکی مەزنی پێدرا، و دەسەڵاتی پێدرا کە ئاشتی لەسەر زەوی دابماڵێت و مرۆڤەکان یەکتر بکوژن.
5
کاتێک بەرخەکە مۆری سێیهەمی شکاند، گوێم لە بوونەوەری سێهەم بوو کە بانگی دەکرد: «وەرە!» ئەسپێکی ڕەشم بینی، سوارەکەی تەرازوویەکی بەدەستەوە بوو.
6
لە نێو ئەو چوار زیندەوەرەدا گوێم لە دەنگێک بوو کە دەیگوت: «یەک پێوانە گەنم بە دینارێک، سێ پێوانە جۆ بە دینارێک. سەبارەت بە ڕۆن و شەراب دەستیان لێ مەدە».
7
پاشان بەرخەکە مۆری چوارەمی شکاند گوێم لە بوونەوەری چوارەم بوو کە بانگی دەکرد: «وەرە!»
8
ئەسپێکی «سەوزی کاڵ»م بینی، کە ناوی سوارەکەی «مردن» بوو دواتر ئەسپێکی دیکە کە ناوی سوارەکەی «جیهانی مردوان»بوو، دەسەڵاتیان پێدرا چارەکێکی زەوی لەناوبەرن بە شمشێر و برسێتی و تاعون و بەدڕندەی زیانبەخشی زەوی!
9
بەرخەکە مۆری پێنجەمی شکاند، و قوربانگایەکم بینی کە لە ژێرەوە گیانی ئەو کەسانە بوو کە خوێنیان ڕژابوو لە پێناو وشەی خودا، و ئەو شایەتحاڵییەی کە دایان،
10
بە دەنگێکی بەرز هاواریان بۆ پەروەردگارکرد و گوتیان: «هەتاکەی، ئەی گەورەی پیرۆز و ڕاست، سزادانی خەڵکی زەوی دوادەخەیت لەسەر ئەوەی کە بەسەر ئێمەیاندا هێنا؟ کەی تۆڵەی خوێنی ئێمەیان لێدەکەیتەوە؟»
11
پاشان هەریەکەیان جلێکی سپییان پێدرا، و پێیان گوترا کە بۆ ماوەیەکی کەم ئارام بگرن تا ژمارەی هاو خزمەتکار و براکانیان کە وەک ئەوان دەکوژرێن تەواو دەبێت.
12
پاشان سەیرم کرد، بەرخەکەم بینی مۆری شەشەمی شکاند، و بینیم زەوی بە بوومەلەرزەیەکی گەورە لەرزی و خۆر ڕەش بووەوە و وەک پەڕۆیەکی لە موو چندراو، مانگ وەک خوێن سوور هەڵگەڕا،
13
ئەستێرەکانی ئاسمان کەوتنە سەر زەوی وەک دار هەنجیر کە بایەکی توند دەیهەژێنێت و بەرەکەی دەکەوێت.
14
ئاسمان وەک تۆمارێکی لوولکراو پێچرایەوە، هیچ چیا و دوورگەیەک لە شوێنی خۆی نەما.
15
پاشاکانی زەوی و پیاوە گەورەکان و سەرکردەکان و دەوڵەمەندەکان و دەسەڵاتدارەکان و کۆیلەکان و ئازادەکان هەموویان لە ئەشکەوت و بەردی شاخەکاندا خۆیان شاردەوە،
16
بە شاخ و بەردەکان دەڵێن: بەسەرماندا بکەون، و لە ڕووی دانیشوی سەر تەختەکە و لە تووڕەیی بەرخەکە بمانشارنەوە!»
17
چونکە ڕۆژی تووڕەییە مەزنەکە بەسەریاندا هاتووە، و کێ دەتوانێت لەبەردەمیدا ڕابوەستێت؟