بەشی ٥
1
لە لای ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکە تۆمارێکم بینی کە لە ناوەوە و دەرەوە لێی نووسرابوو، بە حەوت مۆر مۆرکرابوو.
2
وە فریشتەیەکی بەهێزم بینی کە بە دەنگێکی بەرز بانگی کرد: «کێ شایەنی ئەوەیە مۆرەکانی تۆمارەکە بشکێنێت و بیکاتەوە؟»
3
هیچ کەسێک لە ئاسمان و لەسەر زەوی و ژێر زەوی نەیتوانی تۆمارەکە بکاتەوە یان سەیری بکات!
4
بۆیە بە کوڵ دەستم کرد بە گریان چونکە کەس نەبوو شایەنی ئەوە بێت تۆمارەکە بکاتەوە یان سەیری بکات.
5
بەڵام یەکێک لە پیرەکان پێی گوتم: «مەگری! شێرەکەی هۆزی یەهودا، کە ڕەگی لە داڤیدە، سەرکەوت و شایەنی ئەوەیە تۆمارەکە بکاتەوە و حەوت مۆرەکە بشکێنێت».
6
سەیرم کرد و بینم لە ناوەڕاستی نێوان تەختەکە و چوار بوونەوەرە زیندووەکە و پیرەکاندا بەرخێک دەرکەوت وەک ئەوەی سەربڕدرابێت. حەوت قۆچ و حەوت چاوی هەبوو. کە نوێنەرایەتی ئەو حەوت گیانەی خودایان دەکرد کە بۆ هەموو زەوی ناردبوو.
7
جا چووە پێشەوە و تۆمارەکەی لە دەستی ڕاستی دانیشتووی سەر تەختەکە وەرگرت.
8
بیست و چوار پیرکەو چوار بوونەوەرە زیندووەکە کڕنۆشیان بۆ بەرخەکە برد، هەریەکەیان قیسارە و جامێکی زێڕینی پڕ لە بخوریان بەدەستەوە بوو، کە نزای پیرۆزکراوەکانە.
9
دەستیان کرد بە گوتنەوەی سروودێکی نوێ تیایدا گوتیان: «تۆ شایەنی ئەوەیت تۆمارەکە وەربگریت و مۆرەکانی بشکێنیت، چونکە سەر بڕدرایت، و بە خوێنی خۆت لە هەموو هۆز و نەتەوە و گەل و زمانێک، خەڵکت بۆ خودا کڕیوە،
10
ئەوانیشت کردە شانشین و کاهین بۆ خودامان، و فەرمانڕەوایەتی زەوی دەکەن».
11
پاشان سەیرم کرد، و گوێم لە سرودی ملیۆنان فریشتە بوو کە دەوری تەختەکە و بوونەوەرە زیندووەکان و پیرەکانیان دابوو،
12
بەدەنگێکی بەرز دروشمیان دەگوتەوە: «بەرخە سەربڕدراوەکە شایستەی وەرگرتنی توانا و دەوڵەمەندی و دانایی و هێز و شکۆ و ڕێزە».
13
پاشان بیستم هەموو بەدیهێنراوان لە ئاسمان و سەر زەوی، وە ژێر زەوی و سەر دەریا، هەموو ئەوانەی لەوێدا بوون، دەیانگوت: «با ڕێز و شکۆ و دەسەڵات بۆ دانیشتووی سەر تەختەکە و بەرخەکە بێت، هەتاهەتایە».
14
چوار زیندووەکە وەڵامیان دایەوە: «ئامین!» پیرەکانیش چۆکیان دادا و کڕنۆشیان برد.