بەشی ٤

1 دوای ئەوە دەرگایەکی کراوەم بینی لە ئاسماندا، ئەو دەنگەی پێشتر گوێم لێ بوو وەک کەڕەنا قسەی لەگەڵ کردم، و فەرمووی: «وەرە سەرەوە بۆ ئێرە و نیشانت دەدەم کە دەبێت دوای ئەمە چی ڕووبدات». 2 لەو کاتەدا بوومە گیان، لە ئاسمان تەختێکم بینی کە کەسێک لەسەری دانیشتبوو 3 ئەوەی سەر تەختەکە وەک بەردی یەشب و یاقووتی سوور بوو. پەلکەزێڕینەیەکیش وەک زمروود لە دەوری تەختەکە دەدرەوشایەوە. 4 تەختەکە بە بیست و چوار تەخت دەورە درابوو، بیست و چوار پیر لەسەری دانیشتبوون کە جل و بەرگی سپییان لەبەردا بوو، تاجی زێڕینیان لەسەر سەربوو. 5 دەنگ و هەورەگرمە و بروسکە لە تەختەکەوە هاتنە دەرەوە، و لەبەردەمیدا حەوت چرای داگیرساو هەبوو، ئەوەش حەوت گیانەکانی خودایە. 6 وا دیار بوو دەریایەکی ڕوون وەک بلوری لەبەردەم تەختەکەدا درێژ بووبێتەوە، وە لە ناوەڕاستی تەختەکە و دەوروبەریدا چوار بوونەوەر هەبوو کە لە پێشەوە و لە دواوە بە چاوێکی زۆر داپۆشرابوون: 7 بوونەوەری یەکەم وەک شێر بوو، دووهەم وەک جوانە گا، سێیهەم ڕوخسارێکی وەک مرۆڤی هەبوو. چوارەم وەک هەڵۆیەکی فڕیو بوو. 8 هەر بوونەوەریک شەش باڵی هەبوو، لە ناوەوە و دەرەوە بە چاو داپۆشرابوون. ئەم چوار زیندەوەرە شەو و ڕۆژ بەبێ وەستان دروشم دەڵێنەوە و دەڵێن: «پیرۆزە پیرۆزە پیرۆزە، پەروەردگار خودای هەرە بەتوانا، کە بووە و هەیە و دێت». 9 هەموو ئەم بوونەوەرانە شکۆمەندی و ڕێز و ستایش پێشکەشی دانیشتووی سەر تەختەکە دەکەن، زیندووە و بۆ هەمیشە و هەتاهەتایە، 10 بیست و چوار پیرەکە کڕنۆش دەبەن لەبەردەم دانیشتووی سەر تەختەکە کە بۆ هەتاهەتایە زیندووە، و تاجەکانی خۆیان دەخەنە بەردەم تەختەکەی و دروشم دەڵێنەوە: 11 «تۆ پەروەردگار و خودای ئێمە شایەنی شکۆمەندی و ڕێز و دەسەڵاتیت، چونکە تۆ هەموو شتەکانت دروست کردووە، و بە خواستی تۆش بوونیان هەیە و دروست بوون!»