بەشی ٣

1 بۆ فریشتەی کڵێسای ساردس بنووسە: ئەوەی حەوت گیانی خودا و حەوت ئەستێرەکەی هەیە دەفەرموێت: من کارەکانت دەزانم. تۆ بە ناو زیندوویت، بەڵام لە ڕاستیدا مردوویت. 2 هەستە، ئەوەی ماوتە پێش ئەوەی بمرێت زیندووی بکەرەوە، چونکە کارەکانتم لە پێش چاوی خوداکەمدا بە ناتەواوی بینی. 3 ئەوەی پێشتر پەسەندت کردووە و بیستووتە لەبیرت بێت، دەست بگرە بەوەی کە باوەڕت پێیەتی، پاشگەز بەرەوە! ئەگەر گرنگی پێ نەدەیت، وەک دزێک دێمە لات، تۆش نازانیت لە چ کاتێکدا دێمە سەرت! 4 بەڵام چەند کەسێکتان هەیە لە ساردس کە جلەکانیان بە پیسی گڵاو نەکردووە. ئەمانە بە جلی سپییەوە لەگەڵمدا دەڕۆن. 5 ئەوەی سەردەکەوێت، جلێکی سپی لەبەر دەکات، منیش ناوی ئەو لە تۆماری ژیاندا ناسڕمەوە، منیش لەبەردەم باوکم و فریشتەکانیدا دان بە ناوەکەیدا دەنێم. 6 هەرکەسێک گوێی هەیە با بیبیستێت گیاناکە چی بە کڵێساکان دەڵێت! 7 بۆ فریشتەی کڵێساکەی فیلادلفیا بنووسە: ئەوەی پیرۆز و ڕاستە، کلیلەکەی داڤیدی لە دەستە، ئەوەی دەیکاتەوە و کەس دایناخات، دایدەخات و کەس نایکاتەوە دەفەرموێت. 8 کردارەکانت دەزانم. هەرچەندە هێزێکی کەمت هەیە، بەڵام گوێڕایەڵی وشەی من بوویت و نکۆڵیت لە ناوی من نەکرد، بۆیە دەرگایەکم بۆت کردۆتەوە کە کەس ناتوانێت دایبخات. 9 سەبارەت بەوانەی کە لە کەنیشتی شەیتانن، و بە درۆ دەڵێن یەهودین، ناچاریان دەکەم کڕنۆش بۆ پێیەکانت ببەن و دان بەوەدا بنێن کە خۆشم ویستووی. 10 لەبەر ئەوەی وشەی منت پاراست دانت بە خۆتدا گرت، هەروەها لە کاتی تاقیکردنەوەکە دەتپارێزم کە بەسەر هەموو جیهاندا دێت بۆ تاقیکردنەوەی ئەوانەی لەسەر زەوی نیشتەجێن. 11  من زوو دێم، دەست بگرە بەوەی کە هەتە، تاکو کەس تاجەکەت لێ نەستێنێت. 12 هەرکەسێک سەربکەوێت دەیکەم بە پایەیەک لە پەرستگای خودام، هەرگیز لێی دەرناچێت، ناوی خودام و ناوی شاری خودام یورشەلایمی نوێی، لەسەری دەنووسم، ئەوەی لەلای خودامەوە لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە و ناوی نوێی خۆمی لەسەری دەنووسم. 13 ئەوەی گوێی هەیە با ببیستێت گیاناکە چی بە کڵێساکان دەڵێت! 14 بۆ فریشتەی کڵێسای لاودکیا بنووسە: شایەتحاڵی دڵسۆز و ڕاستگۆ، فەرمانڕەوای دروستکراوەکانی خودا: 15 من کارەکانت دەزانم، دەزانم کە تۆ نە ساردیت و نە گەرمیت. خۆزگە سارد بویتایە یان گەرم! 16  بەڵام لەبەر ئەوەی شلەتێنیت، نە ساردیت و نە گەرمیت، دەمەوێت لە دەممەوە بتتفێنمەوە! 17 تۆ دەڵێیت: من دەوڵەمەندم، و دەوڵەمەند بووم و لە هیچم کەم نییە! بەڵام نازانیت بەدبەخت و داماو و هەژار و کوێر و ڕووتیت. 18 ئامۆژگاریم بۆ ئێوە ئەوەیە کە زێڕی پاکم لێ بکڕن، کە بە ئاگر پاککراوەتەوە، بۆ ئەوەی بەڕاستی دەوڵەمەند بن، هەروەها جل و بەرگی سپی بۆ داپۆشینی ڕووتی شەرمەزاریتان، هەروەها کل بۆ چاککردنەوەی چاوەکانتان بۆ ئەوەی بینینتان بۆ بگەڕێتەوە. 19 ئەوانەی خۆشم بوێن سەرزەنشتیان دەکەم و تەمبێیان دەکەم. بۆیە دڵگەرم بە و پاشگەز بەرەوە لە گوناهەکانت! 20 ئەوەتا لە بەردەرگا وەستاوم و لە دەرگا دەدەم. ئەگەر یەکێک گوێی لە دەنگم بوو و دەرگاکەی کردەوە، لێی دێمە ژوورەوە و نانی لەگەڵ دەخۆم ئەویش لەگەڵ من. 21 ئەوەی سەربکەوێت لەگەڵ خۆم لەسەر تەختەکەم دایدەنیشێنم، وەک چۆن منیش سەرکەوتم و لەگەڵ باوکم لەسەر تەختەکەی دانیشتم؛ 22 ئەوەی گوێی هەیە، با بیبیستێت گیاناکە چی بە کڵێساکان دەڵێت!»