بەشی ٢

1 بۆ فریشتەی کڵێساکەی ئەفسۆس بنووسە: ئەوەی کە حەوت ئەستێرەکەی بە دەستی ڕاستی گرتووە و لە نێوان حەوت چرادانە زێڕینەکەدا دەڕوات دەفەرموێت: 2 من کردار، و هەوڵەکانت، و ئارام گرتنت دەزانم، وە دەزانم کە تۆ بەرگەی خراپەکاران ناگریت، و بە وردی لەو کەسانەت کۆڵیوەتەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نێردراون، بەڵام نێردراو نین، بۆت ڕوون بۆوە کە ئەوان درۆزنن! 3 لە پێناو ناوی من ئازارت چەشت خۆت ڕاگرت و کۆڵت نەدا. 4 بەڵام ئەمەم لەسەرت هەیە تۆ خۆشەویستییەکەی یەکەمینت واز لێهێناوە! 5 کەواتە بیرت بێت لە کوێ کەوتوویت، وە پاشگەز بەرەوە، بگەڕێوە بۆ کارەکانی پێشووت، ئەگینا دێم و چرادانەکەت لە شوێنی خۆی لادەبەم ئەگەر پاشگەز نەبیتەوە! 6 سەبارەت بەوەی لە تۆدایە دڵخۆشم دەکات ئەویش ئەوەیە کە تۆ ڕقت لە کردەوەی نیکۆلایەکانە کە منیش ڕقم لێیەتی. 7 ئەوەی گوێی هەیە با ببیستێت کە گیانەکە چی بە کڵێساکان دەفەرموێت! ئەوەی سەربکەوێت من لە بەری داری ژیانی دەدەمێ لە بەهەشتی خودا. 8 بۆ فریشتەی کڵێساکەی سمیرنا بنووسە: ئەوەی یەکەمین و دواهەمینە، ئەوەی مردوو بوو و زیندو بۆوە دەفەرموێت: 9 دەزانم چەندە تووشی تەنگانە و هەژاری بویت، هەرچەندە دەوڵەمەندیت. وە من قسەی هەڵبەستراوی ئەوانەش دەزانم کە بانگەشەی ئەوە دەکەن یەهودین بەڵام یەهودی نین، بەڵکو کەنیشتی شەیتانن! 10 لەو ئازارانە مەترسە کە چاوەڕێت دەکەن، چونکە شەیتان هەندێکتان دەخاتە زیندان بۆ ئەوەی تاقی بکرێنەوە، و دە ڕۆژ تووشی چەوسانەوە دەبن. جا تا مردن وەفادار بن، منیش تاجی ژیانتان پێدە بەخشم. 11 ئەوەی گوێی هەیە با ببیستێت گیاناکە چی بە کڵێساکان دەڵێت! ئەوەی سەردەکەوێت بە مردنی دووەم زیانی پێ ناگات! 12 بۆ فریشتەی کڵێساکەی پرگامۆس بنووسە: ئەوەی شمشێری بڕینی دوو لێواری هەیە دەفەرموێت. 13 دەزانم لەکوێ دەژیت، ئەو شوێنەی تەختی شەیتانی لێیە! لەگەڵ ئەوەشدا دەست بە ناوی منەوە گرتووە، تەنانەت لەو ڕۆژانەش کە ئەنتیپاسی شایەتیدەری دڵسۆزم لەلاتان شەهید کرا، لەو شوێنەی شەیتان نیشتەجێیە، ڕەتت کردەوە نکۆڵی لە باوەڕی من بکەیت! 14 بەڵام هەندێک شتم لەسەرت هەیە لێبوردەی لەگەڵ ئەو هۆزەی پابەندن بە فێرکردنی بەلعامەوە ئەوەی بالاکی پاشای فێردەکرد کە نەوەی یەسرائیل لە ناوببات بە تێوەگلان لە داوێن پیسی و لەو قوربانییانە بخۆن کە پێشکەشی بتەکان کراون، 15 بە هەمان شێوە هەندێکیشتان هەیە کە پابەندن بە فێرکارییەکانی نیکۆلایەکانەوە! 16 بۆیە پاشگەز بەرەوە، ئەگینا بەم زووانە دێمە لات و بە شمشێرەکەی دەمم لەگەڵ گومڕاکان دەجەنگم. 17 ئەوەی گوێی هەیە با ببیستێت گیاناکە چی بە کڵێساکان دەفەرموێت! ئەوەی سەربکەوێت لە مەنی شاراوەی دەدەمێ، هەروەها بەردێکی سپی بچوکی پێدەدەم کە ناوێکی نوێی لەسەر هەڵکۆڵدراوە جگە لەوەی وەریدەگرێت کەس نایزانێت! 18 بۆ فریشتەی کڵێساکەی سیاتیرا بنووسە: ڕۆڵەی خودا ئەوەی چاوەکانی وەک گڕی ئاگرە و پێیەکانی وەک مسی بێگەردە دەفەرموێت: 19 کارەکانت، و خۆشەویستیت، و باوەڕەکەت، و قوربانیدانەکەت، و ئارام گرتنەکەت دەزانم؛ دەزانم کارەکانی ئەم دواییەت زیاترە لە وانەی پێشووت! 20 بەڵام ئەمەم لەسەرت هەیە تۆ ڕێت بەو ژنە داوە کە ناوی ئێلیشابات، خۆی بە پێغەمبەر دەزانێت، خزمەتکارەکانم گومڕا دەکات فێریان دەکات تاکو داوێنپیسی بکەن و لەو قوربانیە بخۆن کە پێشکەشی بتەکان دەکرێت. 21 ماوەیەکی پێدرا بۆ پاشگەزبونەوە لە داوێن پیسیەکەی، بەڵام پاشگەز نەبۆوە. 22 لەبەر ئەوە فڕێی دەدەمە سەر جێگای نەخۆشی، ئەگەر ئەوانەی داوێنپیسییان لەگەڵی کردووە لە کردارەکانیان پاشگەز نەبنەوە، دەیانخەمە ناو تەنگانەیەکی توندەوە. 23 من منداڵەکانی بە مردن لەناو دەبەم، بۆ ئەوەی هەموو کڵێساکان بزانن منم ئەوەی کە بیر و دڵەکان دەپشکنێت، و بەپێی کردەوەکانتان پاداشتی هەریەکێکتان دەدەمەوە. 24 بەڵام ئێوە، ئەوانەی لە سیاتیرا ماونەتەوە، ئەوانەی ئەم فێرکردنە گەندەڵەیان پەسەند نەکرد، و نەیاندەزانی نهێنی قوڵی شەیتان چییە، منیش بارگرانییەکی نوێ ناخەمە سەرتان. 25 تەنها ئەوەی هەتانە دەستی پێوە بگرن هەتا دێم. 26 ئەوەی سەرکەوتوو بێت، و تا کۆتایی بەردەوام بێت لەسەر ئەوەی ڕەزامەندی من بەدەست بهێنێت، دەسەڵاتی بەسەر نەتەوەکاندا دەدەمێ، 27 بە گۆچانێکی ئاسنین فەرمانڕەوایان دەکات، وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکات، هەروەک چۆن منیش لە باوکم دەسەڵاتی فەرمانڕەوایم وەرگرتووە، 28 وە ئەستێرەی بەرەبەیانی دەدەمێ! 29 ئەوەی گوێی هەیە با بیبیستێت گیاناکە چی بە کڵێساکان دەڵێت!