بەشی ٢١

1 پاشان ئاسمانێکی نوێ و زەوییەکی نوێم بینی کە دەریای تێدا نەبوو، چونکە ئاسمان و زەوی کۆنەکە بەسەرچوون. 2 شارە پیرۆزەکەم بینی، یۆرشەلایمی نوێ، لە ئاسمانەوە لەلای خوداوە هاتە خوارەوە، وەک بووکێک ئامادەکرابوو کە بۆ زاواکەی ڕازاوەتەوە. 3 گوێم لە دەنگێک بوو کە لە تەختەکەوە بانگەوازی دەکرد: «ئێستا نشینگەی خودا لەگەڵ خەڵکدایە، ئەو لەنێویاندا نیشتەجێ دەبێت، ئەوانیش دەبنە گەلەکەی. خودا خۆی وەک خودای ئەوان لەگەڵیان دەبێت! 4 وە هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە. مردن و دڵتەنگی و هاوار و ئازار نامێنێت، چونکە هەموو شتە کۆنەکان بەسەر چوون!» 5 دانیشتووی سەر تەختەکە فەرمووی: «هەموو شتێک نوێ دەکەمەوە». پاشان پێی گوتم: «ئەمە بنووسە، چونکە ئەوەی دەیڵێم ڕاستگۆییە و ڕاستە». 6 پاشان پێی فەرمووم: « هاتە دی. من ئەلف و یێم (سەرەتا و کۆتاییم). لە کانی ئاوی ژیان بەخۆڕایی دەدەمە تینووەکان. 7 ئەمە بەشی هەموو سەرکەوتوویەکە، منیش دەبمە خودای ئەو، ئەویش دەبێتە کوڕم. 8 سەبارەت بە ترسنۆکەکان و بێباوەڕەکان، و گەندەڵەکان و بکوژەکان و داوێنپیسان، و ئەوانەی پەیوەستن بە شەیتانەوە هەموو بتپەرستان و درۆزنەکان، چارەنووسیان بۆ ئەو دەریاچەیە کە بە ئاگر و گۆگرد داگیرساوە، کە مردنی دووهەمە». 9 یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی کە جامەکانی حەوت بەڵای کۆتاییان بەتاڵ کردبۆوە، هات و پێی وتم: «وەرە بووکی بەرخەکەت پیشان دەدەم». 10 بە گیان بردمی بۆ لوتکەی شاخێکی زەبەلاح و بەرز، و شارە پیرۆزەکەی پیشاندام کە یۆرشەلایم بوو کە لە ئاسمانەوە لەلای خوداوە دادەبەزی 11 شکۆمەندی خودای هەیە، وە وەک بەردی بەنرخ دەدرەوشێتەوە، وەک ئەوەی لە بەردی یەشەب بلوری دروستکرابێت! 12 شوورایەکی زەبەلاح و بەرزی هەیە و دوانزە دەروازەی هەیە کە دوانزە فریشتە پاسەوانی دەکەن، و ناوی دوانزە هۆزی یەسرائیل لەسەری نووسراوە؛ 13 لە ڕۆژهەڵاتەوە سێ دەروازە؛ لە باکوور سێ دەروازە، و لە باشوور سێ دەروازە؛ و لە ڕۆژئاواش سێ دەروازەی هەیە. 14 شوورای شارەکە لەسەر دوازدە ستوون وەستاوە کە ناوی دوازدە نێردراوەکەی بەرخەکەی لەسەر نووسراوە. 15 ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵ دەکردم قامیشێکی زێڕینی بەدەستەوە بوو بۆ پێوانەکردنی شارەکە و دەروازەکانی و شووراکەی. 16 خاکی شارەکە چوارگۆشە بوو، درێژییەکەی یەکسان بوو بە پانییەکەی، بۆیە کاتێک بە قامیشەکە پێوانەی کرد دەرکەوت کە لایەکەی یەکسانە بە دوو هەزار و چوار سەد کیلۆمەتر، ئەوەش یەکسانە بە درێژی و پانی و بەرزیەکەی. 17 پاشان شوراکەی پێوانە کرد، دەرکەوت کە یەکسانە بە سەد و چل و چوار باڵ، فریشتەکە پێوانەیەکی هاوتای باڵی مرۆڤی بەکاردەهێنا. 18 شارەکە لە زێڕی پاک دروستکرابوو، ڕوون وەک شووشەی پاک. سەبارەت بە شوراکەی، لە یەشەب دروستکرا بوو، 19 بناغەی دوازدە ستوونە کە بە بەردی بەنرخ جێگیر کرابوو: ستوونی یەکەم لە یەشەب؛ دووهەمیان لە یاقوتی شین؛ سێهەمیان لە گەوهەری سپی؛ چوارەمیان لە زەمروود؛ 20 پێنجەم لە شيلانە؛ شەشەمیان لە گەوهەری سوور؛ حەوتەمیان زەبەرگەد؛ هەشتەمیان لە زەمروودی سەوز؛ نۆیەمیان لە یاقوتی زەردە، و دەیەمیان لە گەوهەری سەوز؛ وە یازدەهەمین ئەسماگۆنی؛ دوازدەهەمیان لە گەمشت. 21 دوازدە دەروازەکەش دوازدە مروارییە: هەر دەروازەیەک یەک مروارییە. گۆڕەپانی شارەکە لە زێڕی بێگەرد دروستکراوە، وەک شووشەی ڕوون . 22 هیچ پەرستگایەکم لە شارەکەدا نەدۆزیەوە، چونکە پەروەردگاری خودای هەرە بەتوانا و بەرخەکە پەرستگای ئەون. 23 شارەکە پێویستی بە ڕووناکی خۆر و مانگ نەبوو، چونکە شکۆمەندی خودا ڕووناکی دەکردەوە، بەرخەکەش چرای بوو. 24 گەلان بە ڕووناکییەکەیدا دەڕۆن، و پاشاکانی زەوی بە گەنجینەکانیانەوە دێنە لای. 25 بە درێژایی ڕۆژ دەرگاکانی داناخرێن، چونکە شەو بەسەریدا نایەت! 26 گەنجینە و شکۆی گەلانی بۆ دەهێنرێت. 27 هیچ شتێکی گڵاو ناچێتە ناوی، نە ئەوانەش کە قێزەون و خراپەکارن، بەڵکو تەنها ئەوانەی کە ناویان لە پەرتووکی ژیانی بەرخەکەدا نووسراوە!