بەشی ٢٢

1 پاشان فریشتەکە ڕووباری ئاوی ژیانی پیشاندام، کە وەک بلوری ڕوونە، کە لە تەختی خودا و بەرخەکەوە سەرچاوەی گرتووە 2 دەچێتە ناو گۆڕەپانی شارەکەوە، لە کەنارەکانیدا درەختی ژیانە کە دوازدە جار بەرهەم دەدات، مانگانە جارێک بەرهەم دەهێنێ. گەڵاکانی دەرمانێکە نەتەوەکان چاک دەکاتەوە. 3 جارێکی تر هەرگیز نابێتە نەفرەت. چونکە تەختی خودا و بەرخەکە لە شارەکەدا جێگیرە، خزمەتکارەکانی لەوێ خزمەت دەکەن 4 ڕووخساری دەبینن، و ناوی لەسەر نێوچەوانیان نووسراوە. 5 لەوێ شەو نابێت، و پێویستیان بە ڕووناکی چرا و خۆر نابێت، چونکە پەروەردگار خودا بەسەریاندا دەدرەوشێتەوە، و بۆ هەتاهەتایە فەرمانڕەوای دەکەن! 6 فریشتەکەش پێی وتم: «ئەم وتانە ڕاستگۆیی و ڕاستن. پەروەردگار خودا گیانی پێغەمبەران فریشتەی خۆی نارد بۆ ئەوەی بە خزمەتکارەکانی بڵێت کە دەبێت بەم زووانە چی ڕووبدات. 7 من خێرا دێم! خۆشبەختە ئەوەی کە ڕەچاوی ئەو شتانە بکات کە لەم پەرتووکی پێشبینیەدا هاتووە!» 8 من یۆخەنام هەموو ئەمانەم بینی و بیستم. دوای ئەوەی هەموو ئەو شتانەم بیست و بینیم، خۆم فڕێدایە بەر پێی ئەو فریشتەیەی کە نیشانی دابووم بۆ ئەوەی کڕنۆشی بۆ ببەم. 9 پێی گوتم: «مەیکە! من خزمەتکارێکم وەک تۆ و برا پێغەمبەرەکانت، وەک ئەوانەی کە چاودێری ئەو شتانە دەکەن کە لەم پەرتووکەدا هاتووە. کڕنۆش بۆ خودا ببە!» 10 پاشان پێی وتم: «مۆر لەسەر ئەوانە مەدەن کە لەم پەرتووکی پێشبینیەدا هاتووە، چونکە کاتی هاتنەدی نزیک بۆتەوە. 11 هەرکەسێک ستەمکارە، با ستەمکار بێت؛ هەرکەسێک گڵاو بوو، با هەر گڵاو بێت؛ ئەوەی چاکە، با هەوڵی چاکەکاری بدات؛ هەرکەسێک پیرۆزکراوە، با هەوڵی پیرۆزێتی بدات!» 12 «خێرا دێم، پاداشتەکە لەگەڵمە بۆ ئەوەی پاداشتی هەرکەسێک بدەمەوە بەپێی کارەکەی. 13 من ئەلف و یێم، یەکەمین و دواهەمینم، سەرەتا و کۆتاییم. 14 خۆزگە بە ئەوانەی جل و بەرگەکانیان دەشۆن، چونکە دەسەڵاتیان بەسەر درەختی ژیاندا هەیە، مافی ئەوەیان هەیە لە دەروازەکانەوە بچنە ناو شارەکەوە! 15 لە دەرەوەی شارەکە، سەگ و جادووگەر، و داوێنپیس و بکوژ، و بتپەرست و درۆزن و فێڵباز هەیە! 16 من یەشوام فریشتەکەمم ناردووە بۆ ئەوەی شایەتی بدەم دەربارەی ئەو شتانەی لە کڵێساکاندان. من بنەچە و ڕەچەڵەکی داڤیدم. من ئەستێرەی پرشنگداری بەیانیم». 17 گیانەکە و بووک دەفەرموون: «وەرە!» ئەوەی گوێی لێیە با بانگەوازەکە دووبارە کاتەوە: «وەرە!» ئەوەی تینوویەتی با بێت! ئەوەی دەیەوێت، با بەخۆڕایی لە ئاوی ژیان بخواتەوە! 18 من شایەتی لەسەر هەموو ئەوانە دەدەم کە گوێیان لە وشەکانی پێشبینیی ئەم پەڕتووکە دەبێت: ئەوەی شتێک زیاد بکات بۆ ئەوەی تێیدا نوسراوە، ئەوا خودا ئەو بەڵایانەی لەسەر زیاد بکات کە باسکران، 19 ئەگەر کەسێک شتێک لە وتەی پێشبینییەکانی ئەم پەرتووکە لابەرێت، خودا لە درەختی ژیان و لە شارە پیرۆزەکە بێبەشی دەکات، ئەوەی لەم پەرتووکەدا باسکراوە. 20 ئەوەی شایەتحاڵی ئەمانەیە دەفەرموێت: «بەڵێ! بە پەلە دێم». ئامین! وەرە ئەی یەشوای پەروەردگار! 21 بەخششی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح لەگەڵ هەمووتان بێت.