بەشی ٢٠

1 پاشان بینیم فریشتەیەک لە ئاسمانەوە دادەبەزێت، کلیلی جیهانی مردوان و زنجیرێکی گەورە لە دەستدا بوو 2 ئەژدیهاکەی بەستەوە، واتە مارە کۆنەکە کە شەیتانە، و بۆ ماوەی هەزار ساڵ زیندانی کرد، 3 فڕێیدایە ناو جیهانی مردوان و دایخست لەسەری، و مۆری کرد، تاکو واز لە فریودانی نەتەوەکان بهێنێت، تا هەزار ساڵەکە تەواو دەبێت. بەڵام دەبێت دوای ئەوە بۆ ماوەیەکی کورت بێتە دەرەوە. 4 پاشان چەند تەختێکم بینی ئەوانەی لەسەری دانیشتبوون مافی دادوەرییان پێدرا. گیانی ئەو کەسانەم بینی کە لە پێناو شایەتحاڵی یەشوا و لە پێناو وشەی خودا کوژرابوون، و ئەوانەی ڕەتیانکردەوە کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی ببەن، و ئەوانەی کە نیشانەکەی سەر دەست و نێوچەوانیان وەرنەگرت، گەڕانەوە بۆ ژیان، و هەزار ساڵ لەگەڵ مەسیح فەرمانڕەواییان کرد. 5 ئەمە هەستانەوەی یەکەمە. سەبارەت بە مردووەکانی دیکە، تا هەزار ساڵ تێنەپەڕێت، ناگەڕێنەوە بۆ ژیان. 6 چەند دڵخۆش و پیرۆزن ئەوانەی لە هەستانەوەی یەکەمدا بەشیان هەبووە! مردنی دووەم دەسەڵاتی بەسەریاندا نابێت، بەڵکو کاهینی خودا و مەسیح دەبن، و هەزار ساڵ لەگەڵیدا فەرمانڕەوای دەکەن. 7 کاتێک هەزار ساڵەکە تەواو بوو، شەیتان لە زیندانەکەی ئازاد دەبێت، 8 وە دەچێتە دەرەوە بۆ فریودانی نەتەوەکانی چوار گۆشەی زەوی، گۆگ و ماگۆگ، کۆدەکاتەوە بۆ جەنگ، ژمارەیان زۆرە وەک لمی دەریا! 9 دەچنە سەر پانتایی دەشتەکانی زەوی، و لە هەموو لایەکەوە ئۆردوگای پیرۆزکراون و شارە خۆشەویستەکە گەمارۆ دەدەن، بەڵام ئاگر لە ئاسمانەوە بەسەریاندا دەبارێت و دەیانخوات. 10  ئەو شەیتانەی گومڕای دەکردن فڕێدرایە دەریاچەی ئاگر و گۆگرد، کە دڕندەکە و پێغەمبەرە درۆزنەکەی لێیە. هەتاهەتایە شەو و ڕۆژ ئازار دەدرێن. 11 پاشان تەختێکی مەزنی سپیم بینی و ئەوەی لەسەری دانیشتبوو ئاسمان و زەوی لەبەر دەمی هەڵاتن، و شوێنیان بۆ نەمایەوە. 12 مردووەکانم بینی گەورە و بچووک، لەبەردەم تەختەکەدا وەستابوون. پەرتووکەکان کرانەوە، پاشان پەرتووکێکی تر کرایەوە کە تۆماری ژیانە، مردووەکان بەپێی ئەوەی لەو پەرتوکانەدا تۆمار کرابوو، هەریەکەیان بەپێی کردەوەکانی خۆی داوەری کران. 13 دەریاش مردووەکانی ناوخۆی ڕادەست کرد، هەروەها مردن و جیهانی مردووان مردووەکانی خۆیان ڕادەست کرد، و هەریەکە و بەپێی کردەوەکانی داوەری کران. 14 جیهانی مردووان مردووەکانی فڕێدرانە ناو دەریاچەی ئاگرەوە، کە مردنی دووهەمە. 15 هەرکەسێک ناوی لە تۆماری ژیاندا نەنووسرابوو فڕێدرایە ناو دەریاچەی ئاگرەوە!