بەشی ١٩

1 دوای ئەمە گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو وەک ئەوەی لە جەماوەرێکی زۆرەوە بێت لە ئاسمان و دەیگوت: «هەلێلوویا! ڕزگاری و شکۆمەندی و ڕێز و تواناداری هی پەروەردگاری خودامانە 2 داوەریەکانی ڕاست و دادپەروەرن، چونکە سزای ئەو داوێنپیسەی گەورەیەی دا کە زەوی گەندەڵ کرد، تۆڵەی خوێنی خزمەتکارەکانیشی لێ سەندەوە». 3 دووبارە دروشمیان دەگوتەوە: «هەلێلوویا! دوکەڵی ئاگرەکەی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە!» 4 بیست و چوار پیرکە و چوار بوونەوەرە زیندووەکە چەمانەوە و کڕنۆشیان بۆ خودای دانیشتوی سەر تەختەکە برد، دروشمیان دەگوتەوە: «ئامین! هەلێلوویا!» 5 دەنگێک لە تەختەکە هاتە دەرەوە و دەیگوت: ستایشی خوداکەمان بکەن هەموو خزمەکارەکانی ئەوانەی لێی دەترسن، گەنج و پیر!» 6 پاشان گوێم لە دەنگێک بوو وەک ئەوەی دەنگی جەماوەرێکی زۆر بێت یان هاژەی تاڤگە یان هەورە گرمەیەکی بەهێز، دەیگوت: «هەلێلوویا! چونکە پەروەردگاری خودامان و توانادارەکە بەسەر هەموو شتێکدا فەرمانڕەوای دەکات، 7 با شاد و دڵخۆش بین و شکۆمەندی بکەین، چونکە کاتی زەماوەندی بەرخەکە هاتووە، و بووکەکەی خۆی ئامادە کردووە، 8 وە ڕێگەی پێدا کەتانێکی سپی گەشاوەی لەبەر بکات!» کەتان هێمای ئەو کارە چاکانەیە کە پیرۆزەکراوان ئەنجامیان دابوو. 9 فریشتەکە پێی گوتم بنووسم: «خۆشبەختن ئەوانەی بانگهێشت کراون بۆ زەماوەندی هاوسەرگیری بەرخەکە». پاشان وتی: «خودا خۆی ئەم ڕاستییە دەفەرموێت». 10 بۆیە من لەبەر پێی کەوتم بۆ ئەوەی کڕنۆشی بۆ ببەم، ئەویش پێی وتم: «وامەکە! من بەندەی خودام، وەک تۆ و هاوباوەڕەکانت کە شایەتحاڵی یەشوایان هەیە: کڕنۆش بۆ خودا ببە! چونکە شایەتحاڵی سەبارەت بە یەشوا گیانی پێشبینیکردنە». 11 پاشان بینیم ئاسمان کرایەوە، ئەسپێکی سپیم بینی کە سوارەکەی ناوی «دڵسۆز و ڕاستگۆ»بوو داوەری دەکات بە دادپەروەری دەجەنگێت. 12 چاوەکانی وەک بڵێسەی ئاگر بوو، لەسەر سەری تاجی زۆر هەبوو و ناوێک لەسەر نێوچەوانی نووسرا بوو کە جگە لە ئەو کەس نایزانێت. 13 جلێکی لەبەردا بوو کە لە خوێندا نوقم ببوو؛ ناوی «وشەی خودا»یە 14 لەشکرەکانی ئاسمانیش بە سواری ئەسپی سپی بە دوایدا دەڕۆیشتن، وکەتانی پاک و سپی بێگەردیان لەبەردا بوو، 15 لە دەمیەوە شمشێرێکی تیژ دەردەچوو تاکو پێی لە نەتەوەکان بدات بە گۆچانێکی ئاسنین فەرمانڕەواتیان دەکات، لە گوشەری شەرابی تووڕەیی خودای هەرە بەتوانادا ژێر پێیان دەنێت. 16 لەسەر جلەکەی و لەسەر ڕانی نووسرابوو «پاشای پاشاکان و پەروەردگاری پەروەردگارەکان». 17 پاشان بینیم فریشتەیەک لەبەر خۆردا وەستابوو، و بە دەنگێکی بەرز بانگی باڵندەکانی دەکرد کە لە ناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕین و دەیگوت: «وەرەن کۆببنەوە بۆ ئاهەنگە گەورەکەی خودا! 18 وەرەن گۆشتی پاشا و سەرکردە و پاڵەوانەکان، و ئەسپ و سوارەکانیان، و گۆشتی هەموو مرۆڤەکان بخۆن، هی ئازاد و کۆیلە، گەنج و پیر». 19 بینیم دڕندەکە و پاشاکانی زەوی و سوپاکانیان کۆبوونەتەوە بۆ جەنگ لەگەڵ سوارەکە و سوپاکەی. 20 جا ئەو دڕندەیە دەستگیرکرا، لەگەڵ پێغەمبەرە درۆزنەکە ئەوەی لەبەردەم دڕندەکەدا پەرجووی ئەنجامدا بۆ گومڕا کردنی ئەوانەی کە نیشانەی دڕندەکەیان وەگرتبوو وە کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی بردبوو. هەردووکیان بە زیندووی فڕێدرانە ناو دەریاچەی ئاگری بە گۆگرد داگیرساو، 21 ئەو شمشێرەی لە دەمی سوارەکە دەرچوو هەموو ئەوانی دیکەی کوشت، و هەموو باڵندەکانیش لە گۆشتەکەیان تێر بوون.