بەشی ١٨

1 دوای ئەمە فریشتەیەکی ترم بینی کە لە ئاسمانەوە دادەبەزێت، دەسەڵاتێکی زۆری هەبوو، شکۆکەی زەوی ڕووناک کردەوە. 2 بەدەنگێکی بەرز هاواری کرد: «کەوت، بابلی مەزن کەوت، و بۆتە کۆشکی جنۆکەکان و پەناگەیەک بۆ هەموو گیانێکی ناپاک و هەموو باڵندەیەکی بێزرا و گڵاو، 3 لەبەر ئەوەی هەموو نەتەوەکان لە شەرابی داوێنپیسی ئەویان خواردەوە، پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵداکرد، بازرگانەکانی زەوی بە خۆشگوزەرانی ئەو دەوڵەمەند بوون!» 4 پاشان گوێم لە دەنگێکی تر بوو کە لە ئاسمانەوە بانگەوازی دەکرد: «ئەی گەلەکەم لێی دەربچن، نەک بەشداری گوناهەکانی بکەن، و تووشی بەڵاکانی ئەوببن، 5 گوناهەکانی کەڵەکە بوون تا گەیشتنە ئاسمان، خودا ئەو گوناهانەی بیر هێنایەوە کە کردبووی! 6 ئەوەی لەگەڵ بکەن کە ئەو لەگەڵتان کردی، سزاکەیان دوو هێندە بکەن لەسەر ئەو کارەی کە کردبووی. لەو جامەی تێکەڵی کرد بۆ کەسانی تر، دوو هێندەی بۆ تێکەڵ بکەنەوە. 7 هێندەی ئەوەی کە خۆی بە مەزن و خۆشگوزەران داناوە، ئەشکەنجە و نەهامەتی بدەنێ. چونکە دەیگوت: من وەک شاژن دانیشتووم، و بێوەژن نیم، هەرگیز تامی خەم و پەژارە ناکەم. 8 بۆیە لە یەک ڕۆژدا بەڵاکان بەسەریدا دێن، لەوانە مردن و خەم و برسێتی، وە بە ئاگر دەسوتێنرێت، چونکە ئەو خودایەی داوەری دەکات پەروەردگاری هەرە بەتوانایە. 9 پاشاکانی سەر زەوی کە داوێنپیسیان لەگەڵ کرد و لەگەڵیدا خۆش بەخت بوون، کاتێک سەیری دوکەڵی سووتانەکەی دەکەن، شیوەنی بۆ دەگێڕن، 10 لە ترسی سزادانەکەی، لە دووریەوە دەوەستن، و هاوار دەکەن و دەڵێن: ئەی هاوار، ئەی هاوار ئەی شارە مەزنەکە، بابلی بەهێز! چونکە لە کاتژمێرێکدا سزات بەسەردا هات! 11 بازرگانانی زەوی بۆی دەگرین و ماتەمینی بۆ دەگێڕن، چونکە کەس نەما کەلوپەلەکانیان بکڕێت، 12 زێڕ و زیو و بەردی بەنرخ و مرواری، و کەتان و ئەرخەوان و ئاوریشم و قرمز، و هەموو جۆرە دارێکی بۆنخۆش و کەلوپەلی عاج و کاری دەستی داری بەنرخ، و مس و ئاسن و مەڕمەڕیان لێ دەکڕین، 13 دارچین و بەهارات، و بۆن و بەرام و بخور، و شەراب و ڕۆن و ئارد و دانەوێڵە، و ئاژەڵ و مەڕ، و ئەسپ و گالیسکە، و جەستە و گیانی مرۆڤ 14 دەڵێن: ئەو بەرهەمەت لەدەست داوە کە گیانت ئارەزووی دەکرد؛ هەموو لایەنەکانی خۆشگوزەرانی و مەزنایەتی لە تۆدا نەماون، و هەرگیز ناگەڕێنەوە! 15 ئەم بازرگانانە کە بەهۆی بازرگانی کردن لەگەڵیدا دەوڵەمەند بوون، لە دووریەوە وەستاون لە ترسی سزادانەکەی، و دەگرین و شیوەن دەگێڕن 16 دەڵێن: هاوار، بۆ شارە مەزنەکە! بە باشترین کەتان و ئەرخەوان و قرمز، پۆشرابوویت، بە زێڕ و بەردی بەنرخ و مرواری ڕازابوویتەوە، 17 ئەم هەموو دەوڵەمەندیە لە یەک کاتژمێردا نەما! هەموو کەشتیوانان سەرنیشینان و کرێکارانی نێو کەشتی لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە دەریادا کار دەکەن، لە دووریەوە دەوەستن 18 سەیری دوکەڵی سوتانەکەی دەکەن، و هاوار دەکەن: چ شارێک وەک ئەم شارە مەزنە بوو؟ 19 خۆڵ بەسەری خۆیاندا دەکەن دەگرین و هاواردەکەن: ئەی هاوار، ئەی هاوار بۆ ئەو شارە گەورەیە کە سامانەکەی هەموو خاوەن کەشتیەکانی دەوڵەمەند کردووە! ئەوەتا لە یەک کاتژمێردا نەما! 20 شادی بۆ تۆ بێت ئەی ئاسمان! شادی بۆ ئێوە بێت ئەی پیرۆزکراوان و نێردراوان و پێغەمبەران، خودا ئەوەی بەسەر هێنان کە بەسەر ئێوەیاندا هێنابوو». 21 فریشتەیەکی بەهێز بەردێکی وەک بەرداشێکی گەورەی هەڵگرت و فڕێیدایە ناو دەریاکە و گوتی: «بەم شێوەیە بابلی شارە مەزنەکە، پاڵ دەنرێت و فڕێی دەدرێت و بۆ هەمیشە نامێنێت! 22 چیتر ژەنینی مۆسیقا لە ئێوەدا نابیسترێت، نە دەنگی قیسارە و نه شمشاڵ و نە کەڕەنا، هیچ پیشەیەک لە تۆدا ئەنجام نادەدرێت، و نە دەنگی ئاش لە تۆدا دەبیسترێت 23 ڕووناکی چرا لە تۆدا نادرەوشێتەوە. دەنگی بووک و زاوا لە تۆدا نابیسترێت. بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون، و بە جادووەکەت هەموو گەلانت بەلاڕێدا برد. 24 خوێنی پێغەمبەران و پیرۆزکراوان و هەموو ئەوانەی لەسەر زەوی کوژراون، تێیدا دۆزرایەوە».