بەشی ١٧

1 یەکێک لەو حەوت فریشتەیەی کە حەوت جامەکەی هەڵگرتبوو هات و پێی وتم: «وەرە سزای لەشفرۆشە گەورەت پیشان دەدەم کە لەسەر ئاوێکی زۆر دانیشتووە، 2 پاشاکانی سەر زەوی داوێنپیسیان لەگەڵ کرد، و خەڵکی سەر زەوی بە شەرابی داوێنپیسیەکەی سەرخۆش بوون». 3 فریشتەکە بە گیان هەڵیگرتم بۆ چۆڵەوانی، ژنێکم بینی کە سواری دڕندەیەکی قرمزی ببوو کە حەوت سەر و دە قۆچی هەبوو، ناوی کوفر لەسەر هەموو جەستەی نووسرابوو. 4 ژنەکە جل و بەرگی ئەرخەوانی و قرمزی لەبەردا بوو، بە زێڕ و بەردی بەنرخ و مرواری ڕازا بۆوە، جامێکی زێڕینی لە دەستدا بوو کە پڕ بوو لە داوێنپسیە قێزەون و گڵاوەکەی، 5 لەسەر نێوچەوانی ناوێک نووسرابوو: نهێنی: «بابلی گەورە، دایکی لەش فڕۆشانی زەوی و بتە قێزەونەکان». 6 ژنەکەم بینی کە سەرخۆش بوو چونکە زۆر لە خوێنی پیرۆزکراوان، و خوێنی شەهیدانی یەشوا کە کوشتبوونی خواردبۆوە. سەرم سوڕما کە بینیم، 7 پاشان فریشتەکە لێی پرسیم: «بۆچی سەرسام بوویت؟ پێتی دەڵێم هێمای ژنەکە و ئەو دڕندەیە چیە، کە حەوت سەر و دە قۆچی هەیە : 8 ئەو دڕندەیە ڕۆژێک هەبووە، و ئێستا نییە، بەڵام خەریکە لە بیری بێ بن دەردەچێت و بۆ لەناوچوون دەڕوات. دانیشتووانی زەوی ئەوانەی لە دامەزراندنی جیهانەوە ناویان لە پەرتووکی ژیاندا نەنووسراوە کاتێک دڕندەکە دەبینن سەرسام دەبن، چونکە دڕندەکە پێشتر هەبووە و ئێستا نییە، پاشان لە داهاتوودا دێتەوە! 9 «لێرەدا دەبێت ژیرمەندی هەبێت: حەوت سەرەکە هێمای ئەو حەوت گردەیە کە ژنەکە لەسەری دادەنیشێت، هەروەها هێمای حەوت پاشایە، 10 پێنجیان ڕۆیشتوون، ئێستا شەشەم فەرمانڕەوایی دەکات، حەوتەمیش دێت، بەڵام ماوەی فەرمانڕەوایەتیەکەی کورت دەبێت. 11 سەبارەت بەو دڕندەیەی کە هەبووە و پاشان نەما، ئەوە پاشای هەشتەمینە کە پێشتر وەک یەکێک لە حەوتەکە فەرمانڕەوای کردووە، بەرەو لەناوچوون دەڕوات. 12 سەبارەت بەو دە قۆچەی کە بینیتان، دە پاشان کە هێشتا شانشینییان وەرنەگرتووە، و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر دەسەڵاتی پاشایەتی دەگرنە دەست لەگەڵ دڕندەکەدا، 13 لەسەر یەک بۆچوون ڕێک دەکەون بۆ ئەوەی توانا و دەسەڵاتی خۆیان بدەنە دڕندەکە. 14 پاشان لەگەڵ بەرخەکە دەجەنگن، بەڵام بەرخەکە تێکیان دەشکێنێت، چونکە ئەو پەروەردگاری پەروەردگارەکانە و پاشای پاشاکانە، ئەوانەی لەگەڵیدا بانگکراون، هەڵبژێردراوەکان، و دڵسۆزەکانن». 15 پاشان فریشتەکە پێی گوتم: «ئەو ئاوانەی کە بینیت کە لەشفرۆشەکە لەسەری دانیشتی بوو، هێمای گەلان و خەڵک و نەتەوە و زمانەکانن. 16 دە شاخەکە کە بینیت، وە دڕندەکە، ڕق لە لەشفرۆشەکە هەڵدەگرن و ڕووتی دەکەنەوە، گۆشتەکەی دەخۆن و بە ئاگر دەیسووتێنن، 17 چونکە خودا دڵی والێکردن بەپێی مەبەستی ئەو ئەنجامی بدەن، وە ئەوانیش ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی شانشینی خۆیان بدەنە دڕندەکە، بۆ ئەوەی قسەکانی خودا بێتە دی. 18 سەبارەت بەم ژنە کە بینیت، هێمای شارە گەورەکەیە کە فەرمانڕەوای پاشاکانی زەوی دەکات».