بەشی ١٦

1 گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو کە لە پەرستگاکەوە دەهات و فەرمانی بە حەوت فریشتەکە دەکرد: «بڕۆن ئێستا حەوت جامەکەی تووڕەیی خودا بڕێژنە سەر زەوی». 2 پاشان فریشتەی یەکەم چوو جامەکەی بەسەر زەویدا ڕشت، برینی پیسی لێ دەرچوو، کاریگەری لەسەر هەموو ئەو کەسانە دروستکرد کە نیشانەی دڕندەکەیان هەبوو وە کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی دەبرد. 3 پاشان فریشتەی دووهەم جامەکەی ڕشت بەسەر دەریاکەدا، بوو بەخوێن وەک خوێنی مردوو، وە هەموو بەدیهێنراوانی ناوی مردن. 4 فریشتەی سێهەم جامەکەی ڕشت بە سەر ڕووبار و کانیاوەکاندا، و هەموویان بوون بە خوێن. 5 گوێم لە فریشتەی ئاوەکان بوو کە دەیگوت: «ئەی خودای پیرۆز، کە هەبووە و هەیە، تۆ لە داوەرییەکەتدا داد پەروەریت، 6 خەڵک خوێنی پیرۆزکراون و پێغەمبەرانیان ڕشتووە، ئەوەتا تۆش خوێن دەدەیت بە بکوژەکانیان! ئەوەیان بەدەست هێنا کە شایەنی بوون!» 7 گوێم لە فریشتەی قوربانگاکە بوو کە دەیگوت: «داوەریەکەت ڕاست و دادپەروەرن ئەی پەروەردگاری توانادار بەسەر هەموو شتێکدا». 8 فریشتەی چوارەم جامەکەی بەسەر خۆردا ڕشت، و ڕێگەی بە خۆردا بۆ ئەوەی خەڵک بە ئاگر بسوتێنێت، 9 خەڵکی بەهۆی گەرمای بە هێزەوە سووتان. بەڵام ئەوان بۆ شکۆمەندی خودا لە گوناهەکانیان پاشگەز نەبوونەوە، بەڵکو کوفریان بە ناوی خودا کرد کە دەسەڵاتی بەسەر ئەم بەڵایانەدا هەیە. 10 پاشان فریشتەی پێنجەم جامەکەی ڕشتە سەر تەختی دڕندەکە، و تاریکییەکی تەواو دابەزییە سەر شانشینییەکەی، وایکرد شوێنکەوتووانی لەبەر ئازار زمانی خۆیان بگەزن. 11 بەڵام لە کارە خراپەکانیان پاشگەز نەبوونەوە، بەڵکو کوفریان بە خودای ئاسمان کرد کاتێک تووشی ئازار و برین بوون! 12 فریشتەی شەشەم جامەکەی ڕشتە سەر ڕووباری گەورەی «فوڕات» و ئاوەکەی وشکی کرد، و بوو بە ڕێڕەوێک بۆ پاشاکان کە لە ڕۆژهەڵاتەوە دەهاتن. 13 لەم کاتەدا سێ گیانی ناپاکم بینی کە لە بۆق دەچوون لە دەمی ئەژدیهاکە، و لە دەمی دڕندەکە، و لە دەمی پێغمبەرە درۆزنەکەوە هاتنە دەرەوە، 14 ئەوانە گیانی شەیتانن کە توانای ئەنجامدانی پەرجوویان هەیە، دەچنە لای هەموو پاشاکانی زەوی و کۆیان دەکەنەوە بۆ جەنگ لەو ڕۆژە مەزنەدا، ڕۆژی خودای توانادار بەسەر هەموو شتێکدا. 15 «ئەوەتا من دێم وەک چۆن دزێک دێت، خۆزگە بە ئەوەی چاوەڕێی من دەکات، و ئێشک دەگرێت و پاسەوانی لە جلەکانی دەکات، نەک بە ڕووتی بڕوات و خەڵکیش ڕووتییەکەی ببینن!» 16 گیانە شەیتانییەکان هەموو سوپاکانی جیهانیانی لە شوێنێک کۆکردەوە کە بە زمانی عیبری پێی دەگوترا «ئارماگدۆن». 17 ئینجا فریشتەی حەوتەم جامەکەی ڕژاند بە هەوادا، دەنگێک لە تەختەکە و لە پەرستگا ئاسمانیەکەوە دەنگی دایەوە و دەیگوت: «تەواو بوو!» 18 پاشان هەورە گرمە و بروسکە و بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویدا لەو کاتەوەی مرۆڤ لەسەر زەوی بوونی هەیە هاوشێوەی ئەمەی نەدیبوو، چونکە بومەلەرزەیەکی وێرانکەر بوو! 19 ئینجا شارە گەورەکە بەسەر سێ بەشدا دابەش بوو، وێرانکاری بەسەر شارەکانی نەتەوەکاندا هات. خودا باسی بابلی گەورەی کرد تاکو جامی شەرابی هەڵچووی توڕەیی خۆی بخواتەوە. 20 هەموو دوورگەکان هەڵاتن، و شاخەکان ون بوون. 21 تەرزەی گەورە لە ئاسمانەوە بەسەر خەڵکدا باری، کە قورساییەکەی یەک تالنت‏ دەبوو، خەڵکیش کوفریان بە خودا کرد لەبەر ئەو بەڵا لە ناوبەرەی بە سەریاندا هاتبوو.