بەشی ١٥
1
پاشان لە ئاسماندا نیشانەیەکی تری گەورە و سەرسوڕهێنەرم بینی: حەوت فریشتە ڕاسپێردرابوون بۆ دابەزاندنی حەوت بەڵای کۆتایی لەسەر زەوی کە بەوان تووڕەیی خودا تەواو دەبێت.
2
هەروەها شتێکم بینی کە لە دەریایەکی شووشەی تێکەڵ بە ئاگر دەچوو، هەموو ئەوانەی کە دڕندەکە و پەیکەرەکەی و ژمارەی ناوەکەیان شکست پێهێنا بوو، لەسەری وەستابوون و قیسارەی خودایان هەڵگرتبوو،
3
سروودی موشە خزمەتکاری خودا، و بەرخەکەیان دەگوتەوە: «ئەی پەروەردگار، کارەکانت مەزن و سەرسوڕهێنەرن خودای توانادار بەسەر هەموو شتێکدا، ئەی پاشای سەردەمەکان ڕێگاکانت دادپەروەر و ڕاستن.
4
کێ هەیە لە تۆ نەترسێت پەروەردگار و ناوەکەت شکۆمەند نەکات؟ تەنها تۆ پیرۆزیت! هەموو گەلان دێن و کڕنۆشت بۆ دەبەن، چونکە داوەرییەکەت بە ڕوونی دەرکەوت».
5
دوای ئەوە سەیرم کرد و بینیم، چادری پەرستگای شایەتحاڵی لە ئاسمان کراوەتەوە،
6
ئەو حەوت فریشتەیەی لێهاتە دەرەوە کە ڕاسپێردرابوون حەوت بەڵای کۆتایی بخەنە سەر زەوی، جل و بەرگی کەتان و درەوشاوەیان لەبەردا بوو، پشتێنی زێڕینیان لە سنگیان بەستبوو.
7
یەکێک لە چوار بوونەوەرە زیندووەکە حەوت جامی زێڕینی پڕ لە تووڕەیی خودای زیندووی هەتاهەتایی دایە دەست ئەم حەوت فریشتەیە.
8
پەرستگاکە پڕ بوو لە دوکەڵی شکۆمەندی و توانای خودا، کەس نەیدەتوانی بچێتە ناو پەرستگاکە، تا ئەو کاتەی حەوت فریشتەکە تەواو بوو لە دابەزاندنی حەوت بەڵاکە بۆ بەسەر زەوی.