بەشی ١٤

1 پاشان بەرخێکم بینی لەسەر چیای سەهێۆن وەستابوو سەد و چل و چوار هەزاریشی لەگەڵ بوو کە ناوی خۆی و باوکی لەسەر نێوچەونیان نووسرابوو. 2 لە ئاسمانەوە دەنگێکم بیست وەک هاژەی تاڤگە یان دەنگی هەورەگرمەیەکی بەهێز. ئەو دەنگەی کە گوێم لێبوو وەک دەنگی سروود خوێنان بوو کە قیسارەکانیان دەژەنن 3 لەبەردەم تەختی خودا، و لەبەردەم چوار بوونەوەرە زیندووەکە و پیرەکاندا سروودێکی نوێیان دەوتەوە. کەس نەیتوانی فێری ئەم سروودە بێت جگە لەو سەد و چل و چوار هەزارەی کە لە زەوییەوە کڕدرابوونەوە، 4 ئەوانە ئەو کەسانەن کە خۆیان لەگەڵ ئافرەت گڵاو نەکردووە چونکە پاک بوون، و شوێن بەرخەکە دەکەون بۆ هەر کوێ بڕوات، ئەوانە لەنێو خەڵک کڕدراونەتەوە وەک نۆبەرە بۆ خودا، و بەرخەکە، 5 دەمی ئەوان درۆی نەدەگوت، هیچ کەموکوڕیان تێدا نەبوو. 6 پاشان بینیم فریشتەیەکی تر لە ناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕی، مزگێنی هەمیشەیی پێبوو کە مژدەی پێدەدا بۆ خەڵکی زەوی و بۆ هەموو نەتەوە و هۆز و زمان و گەلێک. 7 بەدەنگی بەرز بانگەوازی دەکرد: «لە خودا بترسن و شکۆمەندی بکەن، چونکە کاتی دادگایی کردنە. کڕنۆش بۆ ئەوە ببەن کە ئاسمانەکان و زەوی و دەریا و کانیاوەکانی بەدیهێناوە». 8 فریشتەی دووهەم لەگەڵی وتی: «کەوتیت، بابلی مەزن کەوتیت کەوت ئەوەی گەلانی جیهان لە شەرابی تووڕەیی داوێنپیسی ئەویان خواردەوە!» 9 پاشان فریشتەی سێهەم لەگەڵیان بە دەنگێکی بەرز بانگەوازی کرد: «هەموو ئەوانەی کڕنۆشیان بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی بردووە، و نیشانەی ئەویان لەسەر دەستیان یان لەسەر نێوچەوانیان وەرگرتووە، 10 دەبێت ئەوان، لە ئامادەبوونی فریشتە پیرۆزەکان و لەبەردەم بەرخەکەدا، لە شەرابی تووڕەیی بخۆنەوە، کە دەڕژێتە ناو جامی تووڕەیی خوداوە، و بەم شێوەیە ئازاری سوتان و ئاگری گۆگرد دەبینن، 11 دوکەڵی ئەشکەنجەیان بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. ڕۆژ و شەو پشوو نییە بۆ ئەوانەی دڕندەکەیان دەپەرست و کڕنۆشیان بۆ پەیکەرەکەی دەبرد و نیشانەی ناوەکەیان وەرگرتبوو. 12 لێرەدا خۆڕاگری ئەو پیرۆزکراوانە دەردەکەوێت کە ڕاسپاردەکانی خودا دەپارێزن و باوەڕیان بە یەشوا هەیە!» 13 گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمانەوە دەیگوت: «بنووسە: خۆزگە بەو مردووانەی کە لەمەودوا لە ناو پەروەردگاردا دەمرن! گیانەکە دەفەرموێت: بەڵێ! با لە ناخۆشیەکانیان پشوو بدەن، چونکە کردەوەکانیان لەگەڵیاندایە». 14 پاشان سەیرم کرد، هەورێکی سپیم بینی یەکێک لەسەری دانیشتبوو کە لە ڕۆڵەی مرۆڤ دەچوو، تاجێکی زێڕین لەسەر سەری بوو، داسێکی تیژی لە دەستدا بوو. 15 فریشتەیەکی تر لە پەرستگاکە هاتە دەرەوە و بە دەنگی بەرز بانگەوازی کرد: «داسەکەت بنێرە بۆ دروێنە، چونکە کاتی دروێنە هاتووە و دروێنەی زەوی پێگەیشتووە». 16 ئینجا دانیشتووی سەر هەورەکە داسەکەی فڕێدایە سەر زەوی و دروێنەی زەوی کرا. 17 پاشان فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگاکەی ئاسمان هاتە دەرەوە، هەروەها داسێکی تیژی پێبوو. 18 ئینجا فریشتەیەکی دیکە لە قوربانگاکەوە هاتە دەرەوە کە دەسەڵاتی بەسەر ئاگردا هەبوو، بە دەنگێکی بەرز بانگی ئەو فریشتەیەی کرد کە داسە تیژەکەی پێبوو پێیگوت: «داسە تیژەکەت بنێرە و هێشووە ڕەزەکانی زەوی کۆبکەرەوە چونکە ترێکەی پێگەیشتووە». 19 پاشان فریشتەکە داسەکەی فڕێدایە سەر زەوی و هێشوەکانی ڕنی و فڕێیدایە ناو گوشەری تووڕەیی خودا، 20 گوشەرەکەی بەپێیەکانی لە دەرەوەی شارەکە گوشی، خوێنی لێ دەرچوو بوو بە ڕووبارێک بە بەرزی لغاوی ئەسپێک، بە درێژایی (سێ سەدوو بیست کیلۆ مەتر).