بەشی ١٣

1 پاشان خۆمم بینی لەسەر لمی دەریاکە ڕاواستابووم، ئینجا دڕندەیەکم بینی لە دەریاکە دەهاتە دەرەوە، دە قۆچ و حەوت سەری هەبوو، دە تاجیش لەسەر قۆچەکانی بوون، لەسەر سەرەکانیشی ناوی کوفرکردن نوسرابوو. 2 دڕندەکەش شێوەی لە پڵنگ دەچوو و قاچەکانی وەک قاچی ورچ و دەمی وەک دەمی شێر! ئەژدیهاکەش و تەختەکەی و توانا و دەسەڵاتەکەی خۆی پێبەخشی. 3 یەکێک لە سەرەکانی وا دەرکەوت کە بە شێوەیەکی کوشندە سەربڕدرابێت، بەڵام برینە کوشندەکەی چاک بۆوە و دانیشتوانی زەوی بەم شتە سەریان سوڕما، و دوای دڕندەکە کەوتن. 4 خەڵکەکە کڕنۆشیان بۆ ئەژدیهاکە برد چونکە دەسەڵاتی خۆی بە دڕندەکە بەخشی، ئەوانیش دڕندەکەیان دەپەرست و دەیانگوت: «کێ وەک دڕندەکە وایە؟ کێ دەتوانێت لەگەڵی بجەنگێت؟» 5 ئەژدیهاکە دەمی دا بە دڕندەکە بۆ ئەوەی قسەی خۆبەزلزانی و کوفر بکات، 6 دەسەڵاتی پێدا بۆ ماوەی چل و دوو مانگ کار بکات. پاشان دڕندەکە دەستی کرد بە جنێودان بە ناوی خودا، و جنێودان بە ماڵەکەی و دانیشتوانی ئاسمان. 7 دڕندەکەش دەسەڵاتی پێدرا لە دژی پیرۆزکراوان بجەنگێت و شکستیان پێبهێنێت و دەسەڵاتی بەسەر هەموو هۆز و گەل و زمان و نەتەوەیەکدا هەبێت. 8 ئینجا هەموو دانیشتوانی سەر زەوی کڕنۆش بۆ دڕندەکە دەبەن ئەوانەی ناوەکانیان لە تۆماری ژیاندا نە نوسرا بۆ بەرخەکە کە لەسەرەتای دامەزراندنی جیهانەوە سەربڕدرا. 9 ئەوەی گوێی هەیە با بیبیستێت: 10 ئەوەی کەسێک ڕاپێچ بکات، ئەوا ڕاپێچ دەکرێتەوە؛ ئەوەی بە شمشێر بکوژێت بە شمشێر دەکوژرێتەوە! لێرەدا دان بەخۆداگرتن و باوەڕی پیرۆزکراوان دەردەکەوێت. 11 پاشان بینیم دڕندەیەکی تر لە زەویەوە هاتە دەرەوە، دوو قۆچی بچووکی وەک مەڕی هەبوو، بەڵام دەنگی وەک دەنگی ئەژدیها بوو، 12 دەسەڵاتی خۆی لە یەکەم دڕندە وەرگرتووە کە لە دەریاوە هاتە دەرەوە بۆ ئەوەی لە ئامادەبوونی خۆیدا بەکاری بهێنێت، بۆیە دانیشتوانی زەوی کڕنۆشیان بۆ یەکەم دڕندە برد کە لە برینە کوشندەکەی چاک ببۆوە. 13 دڕندەی دووهەمیش نیشانەی لە توانا بەدەری ئەنجامدا، بەجۆرێک ئاگری لە ئاسمانەوە هێنایە سەر زەوی و هەموو خەڵکەکە بینیان، 14 بۆیە دانیشتووانی زەوی فریودا بەو پەرجووانەی کە لەبەردەم دڕندەی یەکەمدا ئەنجامیدا. فەرمانی بە دانیشتوانی زەوی کرد پەیکەری یەکەم دڕندە دروست بکەن کە بە شێوەیەکی کوشندە بریندار ببوو بەڵام دەژیا! 15 دەسەڵاتی پێدرا کە گیان بنێرێتە ناو پەیکەرەکە بۆ ئەوەی بتوانێت قسە بکات، هەروەها دەستی درێژ بکات بۆ کوشتنی هەرکەسێک کە ڕەتیدەکاتەوە کڕنۆش بۆ پەیکەری دڕندەکە ببات، 16 فەرمان بە هەموو کەسێک دەدات، گەورە و بچووک، دەوڵەمەند و هەژار، ئازاد و کۆیلە، نیشانەیەک هەڵبگرن لەسەر دەستی ڕاستیان یان لەسەر نێوچەوانیان، 17 هیچ کەسێک ناتوانێت بکڕێت و بفرۆشێت ئەگەر نیشانەی دڕندەکەی نەبێت، یان ئەو ژمارەیەی کە هێمای ناوەکەیەتی! 18 لێرەدا تێگەیشتن پێویستە: ئەوانەی زانستیان هەیە دەبێت ژمارەی ناوی دڕندەکە بژمێرن. ژمارەی مرۆڤە و ژمارەکە «شەش سەد و شەست و شەشە».