بەشی ١٢

1 نیشانەیەکی گەورە لە ئاسماندا دەرکەوت: ژنێک خۆری لەبەرکردبوو، مانگ لە ژێر پێیەکانیدا بوو، تاجێکی دوازدە ئەستێرەی لەسەر سەر بوو. 2 سکی هەبوو و لەتاو ژانی منداڵبوون هاواری دەکرد. 3 نیشانەیەکی تر لە ئاسمان دەرکەوت: ئەژدیهایەکی گەورەی سوور کە حەوت سەری هەبوو، هەریەکەیان تاجێک، و دە قۆچیان هەبوو، 4 پاشان بە کلکی سێیەکی ئەستێرەکانی ئاسمانی ڕاکێشا و فڕێیدایە سەر زەوی. پاشان ئەژدیهاکە لە کاتی منداڵ بووندا لەبەردەم ژنەکەدا وەستا، بۆ ئەوەی منداڵەکەی قووت بدات! 5 ژنەکە کوڕێکی بوو، ئەویش بە گۆچانێکی ئاسنین فەرمانڕەوایی هەموو گەلان دەکات. منداڵەکە بەرزکرایەوە بۆ بەردەم خودا و تەختەکەی. 6 سەبارەت بە ژنەکەش هەڵات بۆ چۆڵەوانی، لەوێ خودا شوێنێکی بۆ ئامادە کرد بۆ مانەوەی بۆ ماوەی هەزار و دوو سەد و شەست ڕۆژ. 7 لە ئاسمان جەنگ هەڵگیرسا، میخائیل و فریشتەکانی هێرشیان کردە سەر ئەژدیهاکە و فریشتەکانی، 8 جەنگیان لەگەڵ ئەژدیها و فریشتەکانی کرد، و تێکیان شکاندن و هیچ شوێنێکیان بۆ نەما لە ئاسمان، 9 فڕێدرانە سەر زەوی. ئەم ئەژدیها گەورەیە مارە کۆنەکەیە، کە پێی دەوترێت شەیتان ئەوەی کە هەموو جیهان گومڕادەکات. 10 جا گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو لە ئاسماندا دەیفەرموو: «ئێستا ڕزگاری و هیز و شانشینی خودامان، و دەسەڵاتی مەسیحەکەی هاتووە! چونکە سکاڵاکار فڕێدرایە خوارەوە ئەوەی خوشک و براکانمانی تاوانبار دەکرد لە بەردەم خودا بە شەو بە ڕۆژ. 11 ئەوان بە خوێنی بەرخەکە و بەو شایەتییەی کە دایان بەسەریدا سەرکەوتن، ژیانی خۆیان لەلا خۆشەویست نەبوو، تاوەکو مردن. 12 ئەی ئاسمانەکان شادبن، ئەی ئەوانەی لەوێ دەژین دڵ خۆشبن، هاوار بە ئێوەش نیشتەجێی زەوی و دەریا، چونکە شەیتان بە تووڕەیییەکی زۆرەوە بۆتان دابەزیوە، دەزانێت ڕۆژانێکی کەمی ماوە». 13 کاتێک ئەژدیهاکە بینی کە فڕێدراوەتە سەر زەوی، دەستی کرد بە ڕاوەدوونانی ئەو ژنەی کە منداڵە کوڕەکەی لێ ببوو، 14 ژنەکە دوو باڵی هەڵۆیەکی مەزنی پێدرا، تا لەگەڵیان بفڕێت بۆ چۆڵەوانی، بۆ ئەو شوێنەی کە بۆی ئامادەکرابوو، بۆ ئەوەی لە مارەکە پارێزراوبێت، بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو. 15 مارەکەش لە دەمیەوە شتێکی ڕشت بەدوای ژنەکەدا وەک ڕووبار وابوو بۆ ئەوەی نوقم بێت تێیدا، 16 بەڵام زەوی یارمەتی ژنەکەی دا، بۆیە دەمی کردەوە و ئەو ڕووبارەی قووتدا کە ئەژدیهاکە لە دەمی هێنایە دەرەوە! 17 پاشان ئەژدیهاکە لە ژنەکە توڕە بوو جەنگی لەگەڵ منداڵەکانی تری دەستپێکرد چونکە کاریان بە ڕاسپاردەکانی خودا دەکرد و شایەتیان بۆ یەشوا دەدا.