بەشی ١١
1
دارێکی پێوانەکردنم پێدرا، فەرمانم پێکرا کە پەرستگای خودا و قوربانگاکە بپێوم، و ژمارەی نزاکەرانی تێدا بژمێرم.
2
پێم گوترا: «گۆڕەپانی دەرەوە مەپێوە چونکە بۆ نەتەوەکان تەرخان کراوە، و بۆ ماوەی چل و دوو مانگ شارە پیرۆزەکە پێشێل دەکەن،
3
بەڵام من دەرفەت بە دوو شایەتحاڵەکەم دەدەم بۆ ماوەی هەزار و دوو سەد و شەست ڕۆژ پێشبینی بکەن، بە جلی گوشەوە».
4
ئەم دوو شایەتحاڵە بریتین لە دوو دار زەیتون و دوو چرادنەکەی لەبەردەم پەروەردگاری زەویدا وەستاون.
5
ئەگەر کەسێک هەوڵی زیانگەیاندنیان بدات ئاگر لە دەمیان دەردەچێت و دوژمنەکانیان دەخوات. دەبێت ئەوە چارەنووسی هەرکەسێک بێت کە هەوڵی زیانگەیاندنیان دەدات.
6
ئەو دوو شایەتحاڵە دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کە ئاسمان دابخەن بۆ ئەوەی باران نەبارێت بە درێژایی ماوەی پێشبینیەکەیان، و ئاوی ڕووبار و دەریاکان بکەنە خوێن، و بەڵا بخەنە سەر زەوی، هەرکاتێک بیانەوێت.
7
کاتێک شایەتحاڵی خۆیان تەواو دەکەن دڕندەکەی جیهانی مردووان هەڵدەستێت، لە گەڵیان دەچەنگێت، و شکستیان پێدەهێنێت و دەیانکوژێت
8
تەرمەکانیان لە گۆڕەپانی ئەو شارە گەورەیەدا دەکەوێت کە هێمای «سۆدۆم» یان «میسرە»، کە پەروەردگارەکەیان لە خاچ دراوە.
9
خەڵکی گەل و هۆز و زمان و نەتەوە جیاوازەکان، سێ ڕۆژ و نیو دەیانبینن، و هیچ کەسێک بۆی نییە بیاننێژێت.
10
خەڵکی سەر زەوی شانازیان بەسەردا دەکەن، و دڵخۆش دەبن وەک ئەوەی لە جەژن دابن، و دیاری ئاڵوگۆڕ دەکەن، چونکە ئەم دوو پێغەمبەرە زۆر ئەشکەنجەیان دابوون.
11
دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ و نیوەکە، خودا گیانی ژیان دەنێرێت بۆ ئەو دوو پێغەمبەرە، ئەوانیش هەڵدەستن و ڕادەوەستن، و ترسێکی توند ئەو کەسانە دادەگرێت کە سەیریان دەکەن.
12
دەنگێکی بەرز لە ئاسمانەوە بانگیان دەکات و دەڵێت: «وەرن بۆ ئێرە»، ئەوانیش لە هەورێکدا بەرەو ئاسمان بەرز دەبنەوە لەبەر چاوی دوژمنەکانیان.
13
لە هەمان کاتدا بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوودەدات، کە دەیەکی شارەکە وێران دەکات، و حەوت هەزار دانیشتووانی شارەکە دەمرن. ڕزگاربووان دەترسن و خودای ئاسمان شکۆمەند دەکەن.
14
هاوار و نەهامەتی دووهەم تێپەڕی، ئەوەتا سێهەم بە خێرایی دێت!
15
فریشتەی حەوتەم کەڕەناکەی لێدا و چەند دەنگێکی بەرزم لە ئاسمانەوە بیست کە دەیانگوت: «شانشینی جیهان بووەتە شانشینی پەروەردگارمان و مەسیحەکەی. بۆ هەتاهەتایە فەرمانڕەوای دەکات».
16
ئینجا بیست و چوار پیرەکە کە لەسەر تەختەکانیان دانیشتبوون لەبەردەم خودادا بەڕوودا کەوتن و کڕنۆشیان بۆ خودا برد.
17
وتیان: «ئەی خودای هەرە بەتوانا سوپاست دەکەین، ئەوەی هەبووە و هەیە، چونکە ئێستا دەسەڵاتە بەهێز و مەزنەکەت گرتە ئەستۆ و دەستت بە فەرمانڕەوایی خۆت کرد.
18
گەلان لێت توڕە بوون، وەرچەرخانی توڕەیی تۆش لە دژی ئەوان هات. کاتی سزادانی مردووان هاتووە، وە پاداشتی بەندەکانت و پێغەمبەران و پیرۆزکراوەکان و ئەوانەی لە ناوت دەترسن، گەورە بچوک، هەروەها لەناوبردنی ئەوانەی زەوییان وێران دەکرد!»
19
پەرستگای خودا لە ئاسمان کرایەوە، و سندوقی پەیمان لە ناویدا دەرکەوت. هەورە گرمە و بروسکە بومەلەرزە دەستی پێکرد، و تەرزەی گەورە باری.