بەشی ١٧

1 بە قوتابیەکانی فەرموو: «بەربەست هەر دەبێت. بەڵام هاوار بەو کەسە کە لە سەر دەستی ئەو بێت! 2 بۆ ئەو باشتر وابوو بەرداشێک لە ملی ببەسترایەو فڕێ بدرێتە ناو دەریاوە، لەوەی کە ببێتە کۆسپێک بۆ یەکێک لەم بچووکانە. 3 ئاگاداری خۆتان بن: ئەگەر براکەت هەڵەی کرد، ئەوا سەرزەنشتی بکە. ئەگەر پاشگەز بۆوە، لێی خۆشبە. 4 ئەگەر لە ڕۆژێکدا حەوت جار هەڵەی بەرامبەرت کرد، و حەوت جار گەڕایەوە لات و گوتی: پاشگەز دەبمەوە! پێویستە لێی خۆش بیت». 5 نێردراوان بە پەروەردگاریان گوت: «باوەڕمان زیاد بکە!» 6 بەڵام پەروەردگار فەرمووی: «ئەگەر بە قەد تۆوە خەردەلێک باوەڕتان هەبێ، بەم دار تووە بڵێی: لە ڕەگەوە هەڵبکەنە و بڕۆ ناو دەریاوە! ئەوا گوێڕایەڵتان دەبێ! 7 بەڵام، کام یەک لە ئێوە ئەگەر خزمەتکارێکی هەبێت کە کاری کێڵگە یان لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی بۆ دەکات، لە کاتی گەڕانەوەی لە کێڵگەکە پێی دەڵێت: یەکسەر وەرە و پاڵ بەرەوە و دانیشە؟ 8 ئایا پێی ناڵێ: شتێکم بۆ بێنە بیخۆم، پشتێنت ببەستە و خزمەتم بکە تا بخۆم و بخۆمەوە و پاشان تۆ دەخۆیت و دەخۆیتەوە؟ 9 ئایا خزمەتکار سوپاسی دەکرێت چونکە ئەو کارەی کردووە کە فەرمانی پێکرابوو؟ 10 کەواتە ئێوەش، کاتێک هەموو ئەو کارانە دەکەن کە فەرمانتان پێکراوە، بڵێن: ئێمە کۆیلەی بێ کەڵکین، ئەوەمان کرد کە لە سەرمان بوو بیکەین!» 11 کاتێک بەرەو یورشەلایم دەڕۆیشت، بە ناوچەکانی سامری و گەلیلی تێپەڕی. 12 چووە ناو گوندێکەوە، دە پیاوی تووشبوون کە گولیان هەبوو. 13 لە دوورەوە وەستابوون، و هاواریان کرد و گوتیان: «یەشوا گەورەم، بەزەییت پێماندا بێتەوە!» 14 بینی و پێی فەرموون: «بڕۆن خۆتان پیشانی کاهینەکان بدەن!» لەکاتێکدا دەڕۆیشتن، پاک بوونەوە. 15 یەکێکیان بینی پاکبۆتەوە، گەڕایەوە و بە دەنگێکی بەرز شکۆمەندی خودای ڕاگەیاند، 16 و خۆی خستە بەردەمی و سوپاسی کرد، ئەمە سامری بوو. 17 یەشوا قسەی کرد و فەرمووی: مەگەر دە کەس پاک نەبوونەوە؟ ئەی نۆیەکە لە کوێن؟ 18 ئایا جگە لەم بێگانە کەس نەبوو بگەڕێتەوە و شکۆمەندی خودا ڕابگەیەنێت؟» 19 پاشان پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ: باوەڕەکەت ڕزگاری کردوویت!» 20 فەریسییەکان لێیان پرسی: «کەی شانشینی خودا دێت؟» وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «شانشینی خودا بە نیشانەیەکی بینراو نایەت. 21 ناگوترێت: ئەوەتا لێرەیە، یان: ئەوەتا لەوێیە! شانشینی خودا لەناختاندایە!» 22 پاشان بە قووتابیەکانی فەرموو: سەردەمێک دێت کە تامەزرۆی بینینی تەنانەت یەکێک لە ڕۆژەکانی ڕۆڵەی مرۆڤ دەبن، بەڵام نایبینن. 23 وە هەندێکیان پێتان دەڵێن: ئەوەتا لێرە، یان: ئەوەتا لەوێیە؛ مەڕۆن و شوێنیان مەکەون: 24 هەروەک چۆن ئەو هەوربروسکە کە لە ژێر ئاسمانەوەیە لە لایەکەوە بۆ لایەکی تر رۆشن دەکاتەوە، ڕۆڵەی مرۆڤ بە هەمان شێوە دەبێ لە ڕۆژی گەڕانەوەیدا. 25 بەڵام سەرەتا دەبێت ئازاری زۆر بچێژێ و لەلایەن ئەم نەوەیە ڕەت بکرێتەوە! 26 ئەوەی لە سەردەمی نواخ ڕوویدا، لە سەردەمی ڕۆڵەی مرۆڤیشدا ڕوودەدات: 27 خەڵک دەیانخوارد و دەیانخواردەوە و هاوسەرگیریان دەکرد تا ئەو ڕۆژەی نواخ چووە ناو کەشتییەکەوە و لافاو هات و هەمووانی لەناو برد. 28 بە هەمان شێوە، وەک لە سەردەمی لوت ڕوویدا: خەریکی خواردن و خواردنەوە، کڕین و فرۆشتن ، کشتوکاڵ و خانوو درووست کردن بوون، 29 بەڵام لە ڕۆژێکدا کە لوت لە سۆدۆم هاتە دەرەوە، (خودا) ئاگر و گۆگردی، لە ئاسمانەوە باراند و هەمووانی لە ناو برد 30 هەربەم شێوەش لە ڕۆژی دەرکەوتنی ڕۆڵەی مرۆڤدا ڕوودەدات. 31 جا هەرکەسێک ئەو ڕۆژە لەسەربان بێت و کەلوپەلەکەی لە ماڵەوە بێت با نەچێتە خوارەوە بۆ هەڵگرتنی؛ بە هەمان شێوە هەرکەسێک لە کێڵگەدا بێت، با نەگەڕێتەوە بۆ دواوە. 32 ژنەکەی لوتتان لەبیر بێت! 33 هەرکەسێک هەوڵی ڕزگارکردنی ژیانی خۆی بدات، لەدەستی دەدات، هەرکەسێک لەدەستی بدات دەیپارێزێت. 34 پێتان دەڵێم: ئەو شەوە دوو کەس لە سەر جێگایەک دەخەون، یەکێکیان دەبردرێت و ئەوی دیکەیان بە جێ دەهێڵدرێت؛ 35 دوو ژنیش پێکەوە دەستار دەگێڕن، یەکێکیان دەبردرێت و ئەوی دیکەیان بەجێدەهێڵرێت؛ 36 لە کێڵگەکەدا دوو کەس دەبن: یەکێکیان دەبردرێت و ئەوی دیکەیان بەجێدەهێڵرێت». 37 پرسیاریان کرد: «لە کوێ ئەی پەروەردگار؟» پێی فەرموون: «کەلاک لە کوێ بێت، داڵەکان لەوێ کۆدەبنەوە!»