بەشی ١٨

1 نموونەیەکی لە نزاکردنی بەردەوام و بە بێ بێزار بوونی بۆ هێنانەوە، 2 فەرمووی: لەشارێکدا دادوەرێک هەبوو نە لە خودا دەترسا و نە ڕێزی لە مرۆڤ دەگرت. 3 لەو شارەدا بێوەژنێک هەبوو دەهاتە لای و دەیگوت: مافم لە نەیارەکەم بستێنە! 4 بۆ ماوەیەک بەردەوام داواکارییەکەی ڕەتدەکردەوە. بەڵام پاشان لە دڵی خۆیدا گوتی: تەنانەت ئەگەر لە خودا نەترسم و ڕێز لە مرۆڤیش نەگرم، 5 هەرچییەک بێت، با من دادپەروەری بۆ ئەم بێوەژنە بکەم، دەنا بێزارم دەکات، بەردەوام دێت و تووشی سەرئێشەم دەکات!» 6 پەروەردگار فەرمووی: «گوێ بگرن کە دادوەری نادادپەروەر چی دەڵێت. 7 ئایا خودا دادپەروەری بۆ هەڵبژێردراوەکانی ناکات کە شەو و ڕۆژ هاواری بۆ دەبەن؟ ئایا پەلە ناکات لە وەڵامدانەوەیان؟ 8 پێتان دەڵێم: بە خێرایی دادپەروەرییان بۆ جێبەجێ دەکات. بەڵام کاتێک ڕۆڵەی مرۆڤ، دەگەڕێتەوە، ئایا باوەڕ لەسەر زەوی دەدۆزێتەوە؟» 9 هەروەها ئەم نموونەی بۆ کەسانێک خستووەتە ڕوو کە متمانەیان بە خۆیان هەیە کە ڕاستودروستن و سووکایەتی بە کەسانی تر دەکەن: 10 «دوو مرۆڤ سەرکەوتن بۆ پەرستگا، بۆ نزاکردن، یەکێکیان فەریسی و ئەوی دیکەیان باجگر بوو. 11 فەریسییەکە وەستا و نزای کرد: خودایە سوپاست دەکەم، چونکە من وەک مرۆڤەکانی دیکە نیم، وەک چاوچنۆکان، نادادپەروەران، داونپیسان و وەک ئەم باجگرە نیم: 12 هەفتەی دووجار بەڕۆژوو دەبم و دەیەکی هەموو داهاتەکەم دەدەم! 13 بەڵام باجگرەکە کە لە دوورەوە وەستابوو، نەیوێرا چاوەکانی بەرەو ئاسمان بەرز بکاتەوە، بەڵکو لە سنگی خۆی دا و گوتی: بەزەییت پێمدا بێتەوە، ئای خودا من گوناهبارم! 14 پێتان دەڵێم: ئەم پیاوە بە بێتاوانی چوو بۆ ماڵەکەی خۆی، بە پێچەوانەی ئەوی دیکەوە. چونکە هەرکەسێک خۆی بەرز بکاتەوە، نزم دەکرێتەوە؛ هەرکەسێک خۆی نزم بکاتەوە، بەرز دەکرێتەوە». 15 هەندێکیشیان منداڵانیان لەگەڵ خۆیان هێنا بوو بۆ ئەوەی دەستیان لە سەر دابنێت. بەڵام قوتابییەکانی کە ئەوەیان بینی، سەرزەنشتیان کردن. 16 بەڵام یەشوا بانگی کردن بۆ لای خۆی و فەرمووی: «بەریان لێ مەگرن با بچووکەکان بێنە لام، چونکە شانشینی خودا هی ئەمانە! 17 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی وەک منداڵێکی بچووک شانشینی خودا وەرنەگرێت، هەرگیز ناچێتە ناویەوە!» 18 یەکێک لە پێشەوایان لێی پرسی و گوتی: «مامۆستای چاک، چی بکەم بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بە میرات بگرم؟ 19 یەشوا پێی فەرموو: «بۆچی بە چاک بانگم دەکەیت؟ کەس چاک نییە تەنیا یەکێک نەبێ، ئەویش خودایە! 20 ڕاسپاردەکان دەزانی: زینا مەکە؛ مەکوژە؛ دزی مەکە؛ شایەتی بە درۆ مەدە؛ ڕێز لە باوک و دایکت بگرە!» 21 فەرمووی: «هەموو ئەمانەم هەر لە منداڵییەوە جێبەجێ کردووە.!» 22 یەشوا کە ئەمەی بیست، پێی فەرموو: «یەک شت کەم بووە: هەموو ئەوەی هەتە بیفرۆشە و بەسەر هەژاراندا دابەشی بکە، گەنجینەیەکت دەبێت لە ئاسمانەکاندا. پاشان وەرە شوێنم بکەوە!» 23 بەڵام کاتێک ئەمەی بیست، زۆر دڵتەنگ بوو، چونکە زۆر دەوڵەمەند بوو. 24 کاتێک یەشوا ئەمەی لێ بینی، فەرمووی: «چەند قورسە بۆ دەوڵەمەندەکان بچنە ناو شانشینی خودا! 25 چونکە ئاسانترە وشتر بە کونی دەرزیدا تێپەڕێت، لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە». 26 ئەوانەی ئەمەیان بیست گوتیان: «کەواتە کێ ڕزگاری دەبێت؟» 27 فەرمووی: «ئەوەی لای مرۆڤەکان ئەستەمە لای خودا دەبێت!» 28 پەترۆ گوتی: «سەیرکە ئێمە هەموو شتێکمان بەجێهێشت و شوێنت کەوتین!» 29 پێی فەرموون: «بەڕاستی پێتان دەڵێم: هەر کەس ماڵ و ژن و برا و دایک و باوک و منداڵی بەجێهێشتووە لە پێناو شانشینی خودا، 30 هەر لەم سەردەمە چەندین هێندەی ئەوە وەردەگرێت، و لە سەردەمی داهاتوو ژیانی هەتاهەتایی بەدەست دەهێنێت!» 31 پاشان دوازدەکەی بردە لایەک و پێی فەرموون: «ئێمە بەرەو یورشەلایم، سەردەکەوین و هەموو ئەو شتانەی پێغەمبەران نووسیویانە دێنە دی، لەبارەی ڕۆڵەی مرۆڤەوە. 32 دەدرێتە دەستی گەلان و گاڵتە و سووکایەتی پێدەکرێت و تفی لێدەکەن. 33 پاش ئەوەی بە قامچی لێ دەدەن، دەیکوژن وە لە ڕۆژی سێهەمیشدا هەڵدەستێتەوە!» 34 بەڵام ئەوان لە هیچ کام لەوانە تێنەگەیشتن. چونکە ئەمەیان لێ شاراوە بۆوە و، تێنەگەیشتن کە چی گوتراوە. 35 کاتێک هاتە دەوروبەری یەریخۆ، نابینایەک لە کەناری ڕێگاکە دانیشتبوو و سواڵی دەکرد. 36 کاتێک گوێی لە تێپەڕبوونی خەڵکەکە بوو، پرسیاری کرد کە چ باسە. 37 پێی گوترا: «یەشوا ناسیرەیی بەوێدا تێدەپەڕێ». 38 بانگی کرد: «یەشوا کوڕی داڤید، بەزەییت پێمدا بێتەوە!» 39 ئەوانەی لە پێشەوە بوون سەرکۆنەیان کرد کە بێدەنگ بێت. بەڵام زیاتر و زیاتر هاواری کرد: «کوڕی داڤید، بەزەییت پێمدا بێ!» 40 یەشوا وەستا و فەرمانی دا بیهێنن بۆ لای. کاتێک نزیک بووەوە لێی پرسی: 41 «دەتەوێت چیت بۆ بکەم؟» گوتی: «ئەی پەروەردگار، بیناییم بۆ بگەڕێنەوە!» 42 یەشوا پێی فەرموو: «ببینە! باوەڕەکەت چاکی کردیتەوە». 43 دەستبەجێ بینایی بۆ گەڕاوە و شوێنی کەوت ڕۆیشت و خودای شکۆدار کرد. کاتێک هەموو خەڵکەکە ئەوەیان بینی، ستایشی خودایان کرد.