بەشی ١٦

1 هەروەها بە شاگردەکانی فەرموو: «پیاوێکی دەوڵەمەند سەرپەرشتیارێکی هەبوو. تۆمەتبار کرابوو بەوەی پارەکانی بەفیڕۆ داوە. 2 بۆیە بانگی کرد و لێی پرسی: ئەمە چییە کە لەبارەی تۆوە دەیبیستم؟ وەرە هەژماری سەرپەرشتاریەکەت بخە بەردەست ، چونکە چیتر ناتوانیت بەڕێوەبەری من بیت! 3 ئینجا بەڕێوەبەرەکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «چی بکەم، چونکە گەورەکەم سەرپەرشتیاریەکەم لێدەستێنێتەوە؟ من ئەوەندە بەهێز نیم کە زەوی بکێڵم. شەرم دەکەم سواڵیش بکەم! 4 دەزانم چی بکەم، بۆ ئەوەی کاتێک لە سەرپەرشتیکردن دوور کەوتمەوە، هاوڕێکانم لە ماڵەکانیان پێشوازیم لێبکەن. 5 یەک بە یەک قەرزدارەکانی گەورەکەی بانگ کرد. لە یەکەمیانی پرسی: چەند قەرزاری ئاغاکەمی؟ 6 لە وەڵامدا وتی: سەد گۆزەی ڕۆن. پێی گوت: پسولەکەت وەربگرە و خێرا دابنیشە و پەنجا بنووسە! 7 پاشان بە ئەویتری گوت: ئەی تۆ، چەند قەرزاری؟ لە وەڵامدا وتی: سەد ڕەبە گەنم. پێی گوت: پسولەکەت وەربگرە، هەشتا بنووسە! 8 گەورەکەی دەستخۆشی لە سەرپەرشتیارە ناپاکەکەی کرد چونکە ژیرانە مامەڵەی کرد. هەربەم شێوە ڕۆڵەکانی ئەم جیهانە لەناو نەوەی خۆیاندا ژیرترن لە ڕۆڵەکانی ڕووناکی. 9 پێتان دەڵێم: هاوڕێیەتی بە دەست بێنن بە سامانە ناڕەواکان. بۆ ئەوەی کاتێک سامانەکەتان تەواو بوو، لەماڵی هەتاهەتای وەربگیرێن! 10 ئەوەی لە کەم دەستپاکە لە زۆریش دەستپاکە، ئەوەی لە کەم دەستپاک نیە لە زۆریشدا دەستپاک نیە. 11 ئەگەر تۆ بە سامانی ناڕەوا دەستپاک نەبیت، کەواتە کێ سامانی ڕاستی بە تۆ دەسپێرێت؟ 12 وە ئەگەر دەستپاک نەبیت بەوەی کە هی کەسانی ترە، کێ ئەوەی هی خۆتە پێت دەبەخشێت؟ 13 هیچ خزمەتکارێک ناتوانێت کۆیلەی دوو گەورە بێت: چونکە یان ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەیانی خۆشدەوێت؛ یان یەکێکیان دەگرێت و ئەوەی دیکەیان جێدەهێڵێت. ئێوە ناتوانن هەم بەندەی خودا بن و هەم هی پارە بن». 14 فەریسییەکان کە پارەیان خۆش دەویست، هەموو ئەمانەیان بیست و گاڵتەیان پێکرد. 15 پێی فەرموون: «ئێوە لەبەردەم خەڵکدا خۆتان بێتاوان دەنوێنن، بەڵام خودا دڵتان دەزانێت. ئەوەی مرۆڤەکان بە پلەیەکی بەرز دادەنێن، لای خودا قێزەونە. 16 تەورات و پێغەمبەران تا سەردەمی یۆخەنان مانەوە: لەو کاتەوە مزگێنی شانشینی خودا راگەیەندرا، هەر کەسە هەوڵ دەدات ڕێگای خۆی بکاتەوە بۆ چوونە ژوورەوە. 17 لەناوچوونی ئاسمان و زەوی ئاسانترە لە لەناوچوونی یەک خاڵی تەورات: 18 هەرکەسێک ژنەکەی تەڵاق بدات، و هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی تر بکات داوێنپیسی کردووە. هەرکەسێک هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێک بکات کە لە مێردەکەی جیابووبێتەوە داونپیسی کردووە. 19 پیاوێکی دەوڵەمەند هەبوو، جل و بەرگی ئەرخەوانی و جوانی لەبەر دەکرد، جەژنی دەگێڕا، چێژی لە هەموو ڕۆژەکانی وەردەگرت. 20 پیاوێکی هەژار هەبوو بە ناوی ئیلعازار، لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیدا پاڵکەوتبوو، تووشی برین بوو، 21 حەزی دەکرد لەو پاشماوەی لە خوانی دەوڵەمەندەکە دەمایەوە بخوات. تەنانەت سەگەکانیش دەهاتن و برینەکانیان دەلێستەوە. 22 پیاوە هەژارەکە مرد و فریشتەکان هەڵیانگرت بۆ ئامێزی ئەڤراهام. پاشان پیاوە دەوڵەمەندەکەش مرد و بە خاک سپێردرا. 23 کاتێک چاوەکانی بەرز کردەوە لە جیهانی مردووان لە ئازاردا بوو، ئەڤراهامی لە دوورەوە بینی و ئیلعازار کە لە ئامێزیدا بوو. 24 بانگی کرد و گوتی: ئەی باوکم ئەڤراهام! بەزەییت پێمدا بێت، ئیلعازار بنێرە تا نوکی پەنجەی خۆی لە ئاوەکەدا تەڕ بکات و زمانمی پێ فێنک بکاتەوە: چونکە من لەم بڵێسەیەدا ئازار دەچێژم. 25 بەڵام ئەڤراهام گوتی: کوڕم لەبیرت بێت کە تۆ لە ماوەی ژیانتدا هەموو شتە باشەکانت وەرگرتووە، ئیلعازاریش ئازارەکانی وەرگرتووە. بەڵام ئێستا لێرە دڵنەوایی دەدرێت، تۆش لەوێیت و ئازار دەچێژیت. 26 جگە لە هەموو ئەمانە، لە نێوان ئێمە و ئێوەدا مەودایەکی گەورە جێگیر کراوە، بەجۆرێک ئەوانەی لێرەن ناتوانن ببپەڕنەوە بۆ ئەوێ، ئەوانەی ئەوێیش ناتوانن بپەڕنەوە بۆ لای ئێمە! 27 گوتی: ئەی باوکە لێت دەپاڕێمەوە کە ڕێگەم پێبدەی، بگەڕێمەوە بۆ ماڵی باوکم، 28 چونکە پێنج برام هەیە، تاکو شایەتحاڵییان پێ بدەم وشیار بن، نەک ئەوانیش بێنە ئەم شوێنی ئازارە. 29 بەڵام ئەڤراهام پێی گوت: موشە و پێغەمبەرانیان هەیە: با گوێیان لێبگرن! 30 گوتی: نەخێر ئەی باوکە ئەڤراهام، ​ ئەگەر کەسێک لە مردووەکان بچێتە لایان، ئەوا پاشگەز دەبنەوە! 31 فەرمووی: ئەگەر گوێ لە موشە و پێغەمبەران نەگرن، ئەوا تەنانەت ئەگەر یەکێک لە مردنیش هەستێتەوە باوەڕ ناکەن!