بەشی ١٥

1 هەموو باجگرەکان و گوناهبارەکان هاتنە لای بۆ ئەوەی گوێی لێبگرن. 2 فەریسییەکان و زانایان سەرزشتیان کرد و گوتیان: «ئەم پیاوە پێشوازی لە گوناهباران دەکات و لەگەڵیان نان دەخوات!» 3 ئەم نموونەی بۆ گێڕانەوە و فەرمووی: 4 کام لە ئێوە کە سەد مەڕی هەیە ئەگەر یەکێکیانی لێ ون ببێت، ئایا نەوەد و نۆیەکە لە دەشت و دەر بەجێناهێڵێت و بە دوای مەڕی ونبووەکەدا ناڕوات تا دەیدۆزێتەوە؟ 5 پاشان کە دۆزییەوە، بە خۆشحاڵییەوە لەسەر شانی هەڵیدەگرێت، 6 پاشان دەگەڕێتەوە ماڵەوە، و هاوڕێ و دراوسێکانی، بانگ دەکات و پێیان دەڵێت: لەگەڵم شاد بن، چونکە مەڕە ونبووەکەم دۆزیەوە! 7 پێتان دەڵێم لە ئاسماندا خۆشی زیاتر دەبێت سەبارەت بە تاوانبارێک کە پاشگەز بۆتەوە لە نەوەد و نۆ کەسی ڕاستودروست کە پێویستیان بە پاشگەز بوونەوە نیە! 8 یان چ ژنێک کە دە درهەمی هەیە، ئەگەر یەک درهەمی ون بێت چرایەک داناگیرسێنێت و ماڵەکە پاک ناکاتەوە بەدوایدا ناگەڕێت تا دەیدۆزیتەوە؟ 9 پاشان کە دەیدۆزێتەوە بانگی هاوڕێ و دراوسێکانی دەکات و دەڵێت: لەگەڵم شاد بن، چونکە ئەو دراوەم دۆزیەوە کە لێم ون ببوو. 10 پێتان دەڵێم: هەربەم شێوە لە ناو فریشتەکانی خودا خۆشی دەبێت لەسەر یەک گوناهبار کە پاشگەز دەبێتەوە». 11 فەرمووی: «پیاوێک دوو کوڕی هەبوو. 12 بچووکەکەیان بە باوکی گوت: ئەی باوکە، بەشە میراتەکەم پێ بدە کە هی منە! بۆیە هەموو ئەو شتانەی کە خاوەنی بوو بەسەریاندا دابەش کرد. 13 دوای تێپەڕ بوونی ماوەیەک کوڕە بچووکەکە هەموو ئەوەی هەیبوو، هەڵیگرت و چوو بۆ وڵاتێکی دوور. لەوێدا پشکی خۆی لە سامانەکە لە ژیانێکی خراپەکاریدا بەفیڕۆدا. 14 بەڵام کاتێک هەموو شتێکی بە فیڕۆ دا، برسێتییەکی سەخت لەو وڵاتەدا ڕوویدا و ئەویش هەستی بە نیازمەندی کرد. 15 بۆیە چوو پەیوەندی بە یەکێک لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتەوە کرد و ئەویش ناردی بۆ ناو کێڵگەکانی خۆی بۆ ئەوەی چاودێری بەرازەکانی بکات. 16 چەن تامەزرۆی ئەوە بوو سکی بە لەوەڕی بەرازەکان تێر بکات، بەڵام کەس بەشی نەدەدا! 17 ئینجا بە خۆیا هاتەوە و وتی: زۆرێک لە کرێکارەکانی باوکم خۆراکی پێویست و تەنانەت زیادەیان هەیە، لێرەش من خەریکە لە برسان ئەمرم.! 18 دەگەڕێمەوە بۆ لای باوکم و پێی دەڵێم: باوکە، من بەرامبەر بە ئاسمان و دەربارەی تۆوە هەڵەم کردووە؛ 19 ئیتر شایستەی ئەوە نیم بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم: من بکە بە یەکێک لەو خزمەتکارانەی بەکرێت گرتوون! 20 بۆیە هەستا و گەڕایەوە لای باوکی. بەڵام باوکی کە هێشتا دوور بوو لێی، بینی، و بەزەیی پێدا هاتەوە و ڕایکرد بۆ لای و لە باوەشی گرت و بە گەرمی ماچی کرد. 21 کوڕەکەش پێی گوت. باوکە، من هەڵەم کردووە بەرامبەر بە ئاسمان و لەبەردەم تۆدا، ئیتر شایستەی ئەوە نیم کە بە کوڕی تۆ بانگ بکرێم. 22 بەڵام باوکەکە بە خزمەتکارەکانی گوت: خێرا باشترین جل و بەرگ بێنن و لەبەری بکەن و ئەڵقەیەک لە پەنجەی بکەن و پێڵاوی لە پێ بکەن. 23 گوێرەکە قەڵەوەکە بهێنن و سەری ببڕن؛ با بخۆین و دڵخۆش بین: 24 چونکە ئەم کوڕەم مردبوو و زیندوو بۆتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە. بۆیە با دڵخۆش بین! 25 کوڕە گەورەکەی لە کێڵگەکەدا بوو. کاتێک هاتەوە و لە ماڵەکە نزیک بۆوە، گوێی لە مۆسیقا و سەما بوو. 26 یەکێک لە خزمەتکارەکانی بانگ کرد و لێی پرسی کە چی رووی داوە. 27 لە وەڵامدا گوتی: براکەت گەڕایەوە، بۆیە باوکت گوێرەکە قەڵەوەکەی سەربڕی چونکە بە سەلامەتی گەڕاوەتەوە. 28 بەڵام توڕە بوو و ئامادە نەبوو بچێتە ژوورەوە. باوکی چووە دەرەوە و لێی پاڕایەوە. 29 لە وەڵامی باوکیدا گوتی: ئەوەتا چەندین ساڵە خزمەتت دەکەم، لە فەرمانەکانت سەرپێچیم نەکردووە، بەڵام تۆ کاریلەیەکت پێ نەدام تا لەگەڵ هاوڕێکانم پێی دڵخۆش ببم. 30 بەڵام کاتێک ئەم کوڕەی تۆ کە لەگەڵ ژنە خراپەکان پارەکەتی خوارد و گەڕایەوە، گوێرەکە قەڵەوەکەت بۆ سەربڕی! 31 پێی گوت: کوڕم، تۆ هەمیشە لەگەڵمدایت، هەرچیم هەیە هی تۆیە! 32 بەڵام باش وایە ئێمە شاد و دڵخۆش بین، چونکە براکەت مردبوو و زیندوو بۆەتەوە، ون ببوو و دۆزراوەتەوە!»