بەشی ٢٠

1 لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، میریامی مەگدەلین زوو چووە سەر گۆڕی یەشوا، هێشتا تاریک بوو، بینی بەردی بەردەرگای گۆڕەکە لادراوە. 2 بە خێرایی ڕایکرد و هاتە لای شیمۆن پەترۆ و قوتابییەکەی دیکە کە یەشوا خۆشیدەویست و پێی گوتن: «ئەوان پەروەردگاریان لە گۆڕەکە دەرهێنا، و نازانین لە کوێ دایانناوە!» 3 ئیتر پەترۆ و قوتابییەکەی دیکە چوون بەرەو گۆڕەکە. 4 پێکەوە ڕایانکرد. بەڵام قوتابیەکەی دیکە پێش پەتڕۆ کەوت و زوتر گەیشتە گۆڕەکە، 5 دانەوییەوە و کەتانەکەی بینی دانراوە، بەڵام نەچووە ژوورەوە. 6 ئینجا شیمۆن پەترۆ کە شوێنی کەوتبوو هات و چووە ناو گۆڕەکە، بینی کەتانەکە لەسەر زەویەکە دانراوە. 7 ئەو دەسماڵەی کە بەسەری یەشواوە پێچرابوو، لەگەڵ کەتانەکە دانەنرابوو، بەڵکو بە جیا لە شوێنێک پێچرابۆوە. 8 ئەوسا قوتابییە کەی دیکە کە یەکەم جار هاتبووە سەر گۆڕەکە چووە ژوورەوە، بینی و باوەڕی هێنا. 9 قوتابییەکان تا ئەو کاتە هێشتا لە پێشبینی پەرتوکەکە تێنەگەیشتبوون کە دەبوایە لەنێو مردووان هەستێتەوە. 10 دواتر دوو قوتابییەکە گەڕانەوە ماڵەکانی خۆیان. 11 بەڵام میریام لەبەردەم گۆڕەکە لە دەرەوە ڕاوەستابوو دەگریا. لەو کاتەی کە دەگریا، دانەوییەوە و سەیری ناو گۆڕەکەی کرد. 12 دوو فریشتەی بە جل و بەرگی سپیەوە بینی، لەو شوێنەی کە تەرمەکەی یەشوای لێ دانرابوو دانیشتبوون، یەکێکیان لە لای سەریەوە و ئەوی دیکە لە لای پێیەکانی. 13 لێیان پرسی: «ئەی ژن، بۆچی دەگریت؟» وەڵامی دانەوە: «گەورەمیان بردووە، نازانم لەکوێ دایانناوە». 14 ئەمەی گوت ئاوڕی دایەوە، بینی یەشوا ڕاوەستاوە، بەڵام نەیزانی یەشوایە. 15 پرسیاری لێکرد: «ئەی ژن بۆچی دەگریت؟ بەدوای کێدا دەگەڕێیت؟» وایزانی باخەوانەکەیە، پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر تۆ بردووتە پێم بڵێ لەکوێ داتناوە تاکو بیبەمەوە». 16 یەشوا بانگی کرد: «میریام!» ئەویش ئاوڕی دایەوە و بە عیبری پێی گوت: «ڕابۆنی»، واتا مامۆستا. 17 یەشوا پێی فەرموو: «دەستم لێ مەدە، چونکە هێشتا بەرزنەبومەتەوە لای باوک. بەڵکو بڕۆ لای برایانم و پێیان بڵێ: من بەرز دەبمەوە بۆ لای باوکم و باوکتان، خودام و خوداتان!» 18 میریامی مەگدەلین گەڕایەوە مژدەی دا بە قوتابییەکان و گوتی: «من پەروەردگارم بینی!» ئەوەشی پێ گوتن کە پێی فەرموو بوو. 19 لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ، کە یەکەم ڕۆژی هەفتە بوو، لە ترسی یەهودیەکان، قوتابییەکان دەرگاکانی ئەو ماڵەیان داخستبوو کە لێبوون، یەشوا لە ناوەڕاستیاندا ئامادەبوو و پێی فەرموون: «ئاشتی بۆ ئێوە!» 20 کە ئەمەی فەرموو، دەستی و کەلەکەی پیشاندان، جا قوتابییەکان زۆر دڵشادبوون کە پەروەردگاریان بینی. 21 یەشوا دیسان پێی فەرموون: «ئاشتی بۆ ئێوە. وەک باوک ناردوومی، منیش دەتاننێرم». 22 کە ئەمەی فەرموو، فووی لێکردن، پێی فەرموون: «گیانی پیرۆز وەربگرن. 23 ئەوەی ئێوە گوناهی ببەخشن، بەخشراوە. ئەوەی ئێوە گوناهی نەبەخشن، نەبەخشراوە!» 24 بەڵام تۆما، کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، و بە دووانە ناسرابوو، لەو کاتە لەگەڵ قوتابییەکان نەبوو کە یەشوا بەدەرکەوت. 25 قوتابییەکانی دیکە پێیان گوت: « پەروەردگارمان بینی!» وەڵامی دانەوە: «ئەگەر جێگای بزمارەکان بە دەستییەوە نەبینم، پەنجە نەخەمە شوێنی بزمارەکانەوە، دەست نەخەمە ناو کەلەکەی هەرگیز باوەڕ ناکەم!» 26 لەدوای هەشت ڕۆژ، قوتابییەکانی دووبارە لە ژووری ماڵەکە کۆبونەوە و تۆما یان لەگەڵ بوو، دەرگاکانیش داخرابوون، یەشوا دەرکەوت لە ناوەڕاستیان ڕاوەستا فەرمووی: «ئاشتی بۆ ئێوە!» 27 ئینجا بە تۆمای فەرموو: «پەنجەت بێنە ئێرە، و دەستم ببینە، دەستت بخەرە ناو کەلەکەم. بێباوەڕ مەبە بەڵکو باوڕەت هەبێت!» 28 تۆما هاواری کرد: « پەروەردگار و خودام». 29 یەشوا پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی منت بینی، باوەڕت کرد؟ خۆزگە بەوانەی بێ ئەوەی ببینن باوەڕدەکەن.» 30 یەشوا لەبەردەم قوتابییەکانیدا پەرجووی دیکەی زۆر کرد کە لەم پەڕتووکەدا نەنووسراوە. 31 بەڵام ئەمانە نووسراون تاکو ئێوە باوەڕ بکەن کە یەشوا مەسیحەکەیە ڕۆڵەی خودایە، تاکو ژیانیان هەبێت ئەگەر باوەڕ بە ناوی ئەو بهێنن.