بەشی ٢١

1 دوای ئەمە یەشوا جارێکیتر بۆ قوتابییەکان بەدەرکەوت لە لای دەریاچەی کینەرەت. بەم شێوەیە بۆیان بەدەرکەوت: 2 شیمۆن پەترۆ و تۆما کە بە دیدمۆس ناسرابوو، لەگەڵ نەتەنائیل کە خەڵکی کانای گەلیلی بوو، هەروەها کوڕەکانی زەڤدی و دوو قوتابی دیکە کۆبوونەوە. 3 شیمۆن پەترۆ پێی گوتن: «بۆ ڕاو دەچم!» پێیان گوت: «ئێمەش لەگەڵت دێین». ئینجا ڕۆیشتن و سواری بەلەم بوون، بەڵام لەو شەوەدا هیچیان نەگرت. 4 کە بەرەبەیان داهات، یەشوا لە کەناری دەریاچەکە ڕاوەستابوو، بەڵام قوتابییەکان نەیاناسی کە ئەو یەشوایە. 5 یەشوا پرسیاری لێکردن: «کوڕینە، هیچ ماسیتان پێ نیە؟» وەڵامیان دایەوە: «نەخێر!» 6 پێی فەرموون: «تۆڕەکە هەڵبدەنە لای ڕاستی بەلەمەکە، ماسی دەبیننەوە!» جا هەڵیاندا و ئیتر لەبەر زۆری ئەو ماسییانەی تێیدا بوو نەیانتوانی تۆڕەکە ڕابکێشنە ناو بەلەمەکە! 7 ئەو قوتابییەی کە یەشوا خۆشیدەویست، بە پەترۆی گوت: «ئەوە پەروەردگارە!» کاتێک پەترۆ بیستی کە ئەوە پەروەردگارە، خۆی بە جلەکانی داپۆشی چونکە ڕووت بوو، خۆی هەڵدایە ناو ئاوەکەوە مەلەی کرد. 8 قوتابییەکانی دیکە بە بەلەمەکە هاتن و تۆڕی ماسییەکەیان ڕادەکێشا، چونکە تەنها دوو سەد باڵ لە کەنارەکە دوور بوون. 9 کاتێک لە کەنارەکە دابەزین پشکۆی خەڵوزیان لەوێ بینی ماسیان لە سەردانرابو وە نانیش. 10 یەشوا پێی فەرموون: «لەو ماسییانە بهێنن کە ئێستا ڕاوتانکرد!» 11 شیمۆن پەترۆ سەرکەوت و تۆڕەکەی ڕاکێشایە سەر وشکانی، سەد و پەنجا و سێ ماسی گەورەی تێدابوو، لەگەڵ زۆریەکەشی تۆڕەکە نەدڕابوو. 12 یەشوا بە قوتابیەکانی فەرموو: «وەرن بخۆن». هیچ کام لە قوتابییەکان نەیانوێرا پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» چونکە زانیان ئەوە پەروەردگارە. 13 یەشوا هاتە پێش نانەکەی هەڵگرت و پێیدان، ماسییەکەش بە هەمان شێوە. 14 ئەمە سێیەم جار بوو کە یەشوا پاش هەستانەوەی لەنێو مردووان بۆ قوتابییەکانی بەدەرکەوت. 15 دوای ئەوەی نانیان خوارد بە شیمۆن پەترۆی فەرموو: « ئەی شیمۆنی کوڕی یۆنا، منت لەوانە خۆشتر دەوێت؟» وەڵامی دایەوە: «بەڵێ پەروەردگارم، تۆ دەزانیت کە من تۆم خۆشدەوێت!» پێی فەرموو: «بەرخەکانم بلەوەڕێنە!» 16 دوبارە پێی فەرمووەوە: «شیمۆنی کوڕی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟» وەڵامی دایەوە: «بەڵێ پەروەردگارم، تۆ دەزانیت من تۆم خۆشدەوێیت!» پێی فەرموو: «شوانایەتی بۆ مەڕەکانم بکە» 17 جاری سێیەم پێی فەرموو: «شیمۆنی کوڕی یۆنا، منت خۆشدەوێت؟» پەترۆ دڵگران بوو، چونکە سێ جار پێی فەرموو: «منت خۆشدەوێت». پێی گوت: «پەروەردگارم، تۆ هەموو شتێک دەزانیت. دەزانیت کە خۆشم دەوێیت!» یەشواپێی فەرموو: «مەڕەکانم بلەوەڕێنە! 18 ڕاستی ڕاستیت پێ دەڵێم، کاتێک گەنج بوویت پشتێنەکەتت بەناو قەدەوە دەبەست و بۆ هەرکوێ بتویستبا دەچوویت. بەڵام کاتێک پیر دەبیت دەستت درێژ دەکەیت و یەکێکی دیکە پشتێنەکەت دەبەستێت و دەتباتە شوێنێک کە ناتەوێت!» 19 ئەمەی گوت وەک ئاماژەکردنێک بۆ ئەو مردنەی کە پەترۆ پێی دەمرێت و خودای پێ شکۆمەند دەکات. لەدوای ئەمە پێی فەرموو: «شوێنم بکەوە». 20 پەترۆ ئاوڕی دایەوە و بینی، ئەو قوتابییەی کە یەشوا خۆشی دەویست شوێنیان کەوتووە، ئەوەی لە کاتی نانی ئێوارەدا شانی بە سنگی یەشوادا دابوو پێی گوتبوو: «گەورەم، کێیە ئەوەی ناپاکیت لەگەڵ دەکات؟» 21 کاتێک پەترۆ ئەوی بینی بە یەشوای گوت: «پەروەردگارم، ئەی ئەمە چی لێدێت؟» 22 یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر بمەوێت دەمێنێتەوە هەتا دێمەوە، بە تۆ چی؟ تۆ شوێنم بکەوە!» 23 ئیترئەم هەواڵە وا لەنێو برایان بڵاو بۆوە کە ئەو قوتابییە نامرێت. بەڵام یەشوا بەپەتڕۆی نە فەرموو نامرێت، بەڵکو فەرمووی: «ئەگەر بمەوێت دەمێنێتەوە هەتا دێمەوە، بە تۆچی؟» 24 ئەم قوتابییە ئەو کەسەیە کە شایەتی بۆ ئەم ڕووداوانە دەدات و لێرەشدا نووسیویەتی. وە ئێمە دەزانین کە شایەتی ئەو ڕاستە. 25 وە زۆر شتی دیکە هەیە کە یەشوا کردوویەتی، پێم وایە ئەگەر یەک بە یەک بنوسرێتەوە، هەموو جیهان جێگای ئەو پەرتووکە نوسراوانەی تێدا نەدەبۆوە!