بەشی ١٩

1 ئیتر پیلاتۆس فەرمانیدا یەشوا ببەن و بەقامچی لێی بدەن. 2 سەربازەکان لە دڕک تاجێکیان چنی و خستیانە سەر سەری، و کەوایەکی ئەرخەوانیان لەبەرکرد. 3 لێی دەچوونە پێشەوە دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای یەهود!» ئینجا زلەیان لێدا. 4 پیلاتۆس جارێکیتر هاتە دەرەوە بۆ لای خەڵکەکە و پێی گوتن: « دەیهێنمە دەرەوە بۆلاتان تاکو بزانن هیچ تاوانی تێدا نابینم!» 5 یەشوا هاتە دەرەوە بە تاجێکی دڕکاوییەوە و کەوایەکی ئەرخەوانی لەبەرکرابوو. پیلاتۆس پێی گوتن: «ها ئەوەتا پیاوەکە!» 6 کاتێک سەرۆکی کاهینەکان و پاسەوانان بینییان، هاواریان کرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس پێی گوتن: «ئێوە بیبەن و لە خاچی بدەن، چونکە من تاوانی تێدا نابینم!» 7 یەهودیەکان وەڵامیان دایەوە: «تەوراتمان هەیە. بەگوێرەی تەورات دەبێت بمرێت، لەبەر ئەوەی خۆی کردوە بە ڕۆڵەی خودا». 8 کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسەیە بوو ترسەکەی زیاد بوو. 9 گەڕایەوە ناو کۆشکەکە و بە یەشوای گوت: «خەڵکی کوێی؟» بەڵام یەشوا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە. 10 پیلاتۆس پێی گوت: «قسەم بۆ ناکەیت؟ ئایا نازانیت دەسەڵاتم هەیە کە ئازادت بکەم، و لە خاچیشت بدەم؟» 11 یەشوا وەڵامی دایەوە: «هیچ دەسەڵاتێکت بەسەر مندا نیە، گەر لە سەرەوە پێت نەدرابێت. چونکە ئەوەی منی ڕادەستی تۆ کردووە گوناهەکەی گەورەترە.» 12 لەبەر ئەمە پیلاتۆس هەوڵی دەدا ئازادی بکات، بەڵام یەهودیەکان هاواریان دەکرد: «ئەگەر ئەمە ئازاد بکەیت، خۆشەویستی قەیسەر نیت. هەرکەسێک خۆی بکاتە پاشا، ئەوا دژایەتی قەیسەر دەکات». 13 کاتێک پیلاتۆس گوێی لەم قسانە بوو، یەشوای هێنایە دەرەوە، وە لەسەر کورسی دادوەری دانیشت، لە شوێنێک پێی دەگوترێ «بەردڕێژکراو»، کە بە عیبری پێی دەڵێن: «گەباسا». 14 نزیکەی کاتژمێر شەش بوو، لە ڕۆژی ئامادەکاری بۆ جەژنی پەسخە. پیلاتۆس بە یەهودیەکانی گوت: «ئەوەتا پاشاکەتان!» 15 بۆیە هاواریان کرد: «بیبە! بیبە! لە خاچی بدە!» پیلاتۆس لێی پرسین: «ئایا پاشاکەتان لە خاچ بدەم؟» سەرۆک کاهینەکان وەڵامیان دایەوە: «ئێمە جگە لە قەیسەر هیچ پاشایەکمان نیە». 16 ئینجا پیلاتۆس ڕادەستی کردن بۆ لە خاچدان. 17 یەشوا هاتە دەرەوە خاچەکەی خۆی هەڵگرت و بەرەو ئەو شوێنەی کە پێی دەگوترا کاسەسەر، بە عیبری: «گۆلگۆسا»، 18 لەوێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە لە خاچیاندا، هەریەکە لە لایەکییەوە، یەشواش لە ناوەڕاستیان. 19 پیلاتۆس تەختەیەکی لەسەر خاچەکە هەڵواسی کە لەسەری نووسرابوو: «یەشوای ناسیرەیی پاشاکەی یەهود». 20 یەهوودییەکی زۆر نووسراوەکەیان خوێندەوە، کە بە عیبری و لاتینی و یۆنانی نووسرابوو، چونکە ئەو شوێنەی یەشوا تێدا لە خاچدرابوو لە شارەکە نزیک بوو. 21 سەرۆک کاهینەکانی یەهود بە پیلاتۆسیان گوت: «مەنووسە: پاشاکەی یەهوود، بەڵکو بنووسە: خۆی گوتی من پاشاکەی یەهوودم». 22 پیڵاتۆس وەڵامی دایەوە: «ئەوەی نووسیومە، نووسیومە!» 23 کاتێک سەربازەکان یەشوایان لە‏ خاچدا، جلەکانیان برد و کردیان بە چوار بەشەوە، هەر سەربازێک بەشێکی بەرکەوت. کراسەکەیان برد، کراسەکە نەدوورا بوو،هەموی بە یەک پارچە چنرابوو. 24 ئینجا سەربازەکان بە یەکتریان گوت: «پێویست ناکات بیدڕێنین، با تیروپشکی لەسەر بکەین بزانین بۆ کێ دەبێت!» ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەوەی لەپەرتوکە هاتوە بێتەدی: «جلوبەرگەکەی منیان لەنێو خۆیان بەشکرد، و تیروپشکیان لەسەر کراسەکەم کرد». ئەوە بوو کە سەربازەکان کردیان. 25 لەوێ، لەلای خاچەکەی یەشوا، میریامی دایکی ڕاوەستابوو، میریامی پووری کە ژنی کلۆپاس بوو؛ و میریامی مەگدەلین. 26 کاتێک یەشوا دایکی بینی، لە نزیک ئەو قوتابییەی کە ئەم خۆشیدەویست، بە دایکی فەرموو: «ژنەکە، ئەوە کوڕی تۆیە!» 27 پاشان بە قوتابییەکەی فەرموو: «ئەوە دایکتە». ئیتر لەو کاتەوە قوتابییەکە بردییەوە ماڵی خۆی. 28 دوای ئەمە یەشوا بینی کە هەموو شتێک تەواو بووە، و فەرمووی: «تینوومە»، تا ئەوەی لە پەرتوکەکەدا هاتووە بێتەدی. 29 لەوێ قاپێکی پڕ لە سرکە هەبوو، ئیسفەنجێکیان لە سرکەکەدا هەڵکێشا، و خستیانە سەر قامیشێک و بەرزیان کردوە بۆ دەمی. 30 کاتێک یەشوا تامی سرکەکەی کرد، فەرمووی: «تەواو بوو!» پاشان سەری دانەواند و گیانی بەدەستەوەدا. 31 وە کاتێک ئەو ڕۆژە ئامادەکاری دەکرا، یەهوودییەکان داوایان لە پیلاتۆس کرد کە قاچی ئەو کەسانە بشکێنێت کە لە خاچ دراون، بۆ ئەوەی تەرمەکانیان لەشەبات لەسەر خاچ نەمێنێت، ئەو شەباتە ڕۆژێکی مەزن بوو. 32 بۆیە سەربازەکان هاتن و قاچی هەردوو پیاوەکەیان شکاند کە لەگەڵ یەشوا لە خاچ درابوون. 33 سەبارەت بە یەشوا، کاتێک هاتنە لای، بینیان مردووە، بۆیە قاچەکانیان نەشکاند. 34 بەڵکو یەکێک لە سەربازەکان ڕمێکی لە لەکەلەکەی دا، و یەکسەر خوێن و ئاو دەرچوو. 35 ئەوەی ئەم شتانەی بینی شایەتی دەدات و شایەتییەکەی ڕاستە. ئەو بە تەواوی دەزانێت کە ڕاستی دەڵێت، بۆ ئەوەی ئێوەش باوەڕبهێنن. 36 ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەوەی لە پەرتووکەکەدا هاتووە بێتە دی: «هیچ ئێسکێکی ئەو ناشکێت!» 37 هەروەها لە شوێنێکی تری پەرتووکەکەدا هاتووە: «سەیری ئەو کەسە دەکەن کە ڕمیان لێدا». 38 دوای ئەوە یۆسپ کە خەڵکی ڕامە بوو مۆڵەتی لە پیڵاتۆس وەرگرت بۆ بردنی تەرمی یەشوا، ئەم یۆسپە بەنهێنی قوتابی یەشوا بوو چونکە لە یەهوودییەکان دەترسا، بۆیە پیلاتۆس مۆڵەتی پێدا. ئینجا یۆسپ هات و تەرمی یەشوای برد. 39 هەروەها نیکۆدیمۆس هات کە پێشتر بە شەو هاتبووە لای یەشوا، وە نزیکەی سێ لیتر موڕی تێکەڵاوی بە بخور لەگەڵ خۆی هێنا. 40 جا تەرمەکەی یەشوایان برد و بە کەتان لەگەڵ بۆن پێچایانەوە، وەک چۆن نەریتی یەهودیەکان بوو لە ناشتن. 41 لەو شوێنەی یەشوا لە خاچدرا باخچەیەکی لێبوو، لە باخچەکەدا گۆڕێکی نوێی لێبوو، پێشتر کەسی تێیدا نەنێژرابوو. 42 یەشوا لەو گۆڕە نێژرا، چونکە گۆڕەکە نزیک بوو، ئەو ڕۆژەش ڕۆژی ئامادەکاری بوو لای یەهودیەکان.