بەشی ١٨

1 لەدوای ئەوەی یەشوا نزاکەی تەواو کرد، لەگەڵ قوتابییەکانی بەڕێکەوت بۆ ئەوبەری دۆڵی کەدرۆن لەوێ باخچەیەکی لێبوو، خۆی و قوتابییەکانی چوونە ناوی. 2 یەهودای ناپاکیش شوێنەکەی دەزانی چونکە یەشوا زۆر جار لەگەڵ قوتابییەکانی لەوێ کۆدەبۆوە. 3 ئیتر یەهودا چووە ئەوێ و کۆمەڵێک سەرباز و پاسەوانی پەرستگای لەگەڵ خۆی هێنا، کە سەرۆک کاهینەکان و فەریسییەکان ناردبوویان، مەشخەڵ و چرا و چەکیان هەڵگرتبوو. 4 یەشوا هەموو ئەو شتانەی دەزانی کە بەسەریدا دێت، بۆیە هاتە لای ئەوان و گوتی: «کێتان دەوێت؟» 5 وەڵامیان دایەوە: «یەشوای ناسیرەیی». پێی گوتن: «من ئەوم». یەهودای ناپاکیش لەگەڵیان وەستابوو. 6 وە کاتێک پێی گوتن: «من ئەوم»، گەڕانە دواوە و کەوتنە سەر زەوی! 7 یەشوا دیسان لێیانی پرسی: «کێتان دەوێت؟» وەڵامیان دایەوە: «یەشوای ناسیرەیی». 8 فەرمووی: «پێم گوتن: من ئەوم، ئەگەر ئێوە منتان دەوێت، با ئەمانە بڕۆن». 9 بەمەش ئەو قسەیەی هاتەدی کە گوتبوی: «ئەوانەی پێت دابووم کەسیان لەناو نەچوون!» 10 شیمون پەترۆ شمشێرێکی پێبوو هەڵیکێشا وەشاندی و گوێچکەی ڕاستی خزمەتکاری سەرۆک کاهینەکەی بڕی. خزمەتکارەکەش ناوی مەلخۆت بوو. 11 یەشوا بە پەترۆی گوت: «شمشێرەکە بخەرە ناو کێلانەکەی! ئایا ئەو جامەی باوک پێیداوم، نەیخۆمەوە؟» 12 ئیتر تیپە سەربازەکە و فەرماندەکەیان و پاسەوانانی پەرستگا یەشوایان گرت و بەستیانەوە. 13 یەکەم جار بردیانە لای ئەنانیا، کە خەزووری کەیافا بوو سەرۆکی کاهینان بوو لەو ساڵە. 14 کەیافاش ئەو پیاوە بوو ڕاوێژی بۆ ڕابەرانی یەهوودییەکان کردبوو کە باشترە پیاوێک لە جیاتی هەموو گەل بمرێت. 15 شیمۆن پەترۆ لەگەڵ قوتابییەکی دیکە بەشوێن یەشوا کەوتن. ئەو قوتابییە ناسراو بوو لە لایەن سەرۆکی کاهینان، لەگەڵ یەشوا چوو بۆ کۆشکی سەرۆکی کاهینان. 16 بەڵام پەترۆ لە دەرەوە لە بەردەرگاکە ڕاوەستابوو. قوتابییەکەی دیکە کە سەرۆکی کاهینان دەیناسی. هاتە دەرەوە و قسەی لەگەڵ دەرگاوانەکەدا کرد و پەترۆی هێنایە ژوورەوە. 17 دەرگەوانەکە لە پەترۆی پرسی: «ئایا تۆ یەکێک نیت لە قوتابییەکانی ئەم کابرایە؟» وەڵامی دایەوە: «نەخێر، لە وان نیم!» 18 کەش و هەوا سارد بوو، خزمەتکار و پاسەوانەکان ئاگریان کردبووەوە و ڕاوەستابوون خۆیان گەرم دەکردەوە، پەترۆ لەگەڵیان وەستابوو خۆی گەرم دەکردەوە. 19 سەرۆکی کاهینان پرسیاری لە یەشوا کرد دەربارەی قوتابییەکانی، و فێرکردنەکەی. 20 یەشوا وەڵامی دایەوە: «بە ئاشکرا قسەم بۆ جیهان کرد، بەردەوام لە کەنیشت و پەرستگادا خەڵکم فێردەکرد، کە هەموو یەهوودییەکان لێی کۆدەبنەوە، هیچ شتێکم بە نهێنی نەگوتووە. 21 بۆ پرسیار لە من دەکەیت؟ لەوانە بپرسە کە گوێیان لێم بووە چیم پێیان گوتووە، ئەمانە دەزانن چیم گوتووە!» 22 کاتێک یەشوا ئەمەی گوت یەکێک لە پاسەوانەکان زلەیەکی لێدا و پێی گوت: «ئاوا وەڵامی سەرۆکی کاهینان دەدەیتەوە؟» 23 یەشواوەڵامی دایەوە: «ئەگەر قسەی خراپم کردووە، شایەتی لەسەر خراپەکە بدە، ئەگەر باشیشە، بۆچی لێم دەدەیت؟» 24 پاشان ئەنانیا یەشوای بە دەستی بەستراوەوە نارد بۆلای کەیافای سەرۆکی کاهینان. 25 پەترۆ لەوێ ڕاوەستابوو و خۆی گەرم دەکردەوە، لێیان پرسی: «ئایا تۆ لە قوتابییەکانی ئەو نیت؟» نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر» 26 یەکێک لە کۆیلەکانی سەرۆکی کاهینەکان خزمی ئەوکەسە بوو کە پەترۆ گوێچکەی بڕیبوو، گوتی: «ئەی لە باخچەکەدا تۆم لەگەڵ ئەو نەبینی؟» 27 دیسان پەترۆ جارێکیتر نکۆڵیی کرد. لەو ساتە کەڵەشێر خوێندی. 28 بەیانی زوو یەشوایان لە ماڵی کەیافاوە بۆ کۆشکی فەرمانڕەوای ڕۆمەکان برد، ئەوان نەچوونە ناو کۆشک، نەوەک گڵاو ببن و نەتوانن لەبەرخی پەسخە بخۆن. 29 پیلاتۆس هاتە دەرەوە و پرسیاری لیێان کرد: «ئەم پیاوە بەچی تاوانباردەکەن؟» 30 وەڵامیان دایەوە: «ئەگەر تاوانبار نەبوایە، نەماندەدا بە دەستتەوە!» 31 پیلاتۆس پێی گوتن: «بیبەن، بەگوێرەی تەوراتی خۆتان دادگایی بکەن». وەڵامیان دایەوە: « مافی ئەوەمان نیە کەس بکوژین!» 32 وە ئەمە ڕوویدا تاکو ئەو قسەیەی یەشوا بێتە دی کە لەسەر شێوازی مردنەکەی گوتبوی. 33 پیلاتۆس چووە ناو کۆشکەکەی، یەشوای بانگ کرد و لێی پرسی: «تۆ پاشای یەهوودییەکانی؟» 34 یەشوا وەڵامی دایەوە: «تۆ لە خۆتەوە ئەمە دەڵێی، یاخود کەسانی دیکە لەبارەی من قسەیان بۆ کردووی؟» 35 پیلاتۆس ووتی: «ئایا من یەهوودیم؟ گەلەکەت و سەرۆک کاهینەکان تۆیان ڕادەستی من کردووە. چیت کردووە؟» 36 یەشوا وەڵامی دایەوە: « شانشینی من لەم جیهانە نیە. ئەگەر شانشینی من لەم جیهانە بووایە، ئەوسا خزمەتکارەکانم دەجەنگان تاکو ڕادەستی ڕابەرانی یەهوود نەکرێم. بەڵام ئێستا شانشینەکەم لێرە نیە». 37 پیلاتۆس لێی پرسی: «کەواتە تۆ پاشای؟» وەڵامی دایەوە: «تۆ وتت من پاشام، بۆ ئەمە لەدایک بووم و بۆ ئەمە هاتوومەتە جیهان: تاکو شایەتی بۆ ڕاستییەکە بدەم. هەرکەسێک لە ڕاستییەوە بێت گوێ لە دەنگم دەگرێت». 38 پیلاتۆس پێی گوت: «ڕاستیەکە چییە!» پاشان چووە دەرەوە بۆ لای یەهودیەکان و پێی گوتن: «هیچ تاوانی تێدا نابینم! 39 لای ئێوە نەریتێک باوە کە لە جەژنی پەسخەدا یەکێکتان بۆ ئازاد بکەم. بۆیە دەتانەوێت پاشای یەهودتان بۆ ئازاد بکەم؟» 40 تێکڕا هاواریان کرد: «ئەمە ئازاد مەکە، بەڵکو باڕابا». باڕابا کەسێکی دزبوو!