بەشی ٢٢

1 دووبارە یەشوا بە نموونە قسەی بۆ کردن، فەرمووی: 2 «پاشایەتی ئاسمانەکان لە پاشایەک دەچێت کە زەماوەندی بۆ کوڕەکەی گێڕا، 3 خزمەتکارەکانی نارد تاکو بانگهێشت کراوان بۆ زەماوەندەکە بانگ بکەن، بەڵام نەیانویست ئامادەبن. 4 دیسان پاشا خزمەتکارانی تری نارد و پێی گوتن: بە ئەوانەی بانگهێشت کراون بڵێن: ئەوەتا من خوانەکەمم ئامادە کردووە؛ گا و گۆلکە قەڵەوەکانم سەربڕیوە هەموو شتێک ئامادەیە، بۆیە وەرەن بۆ زەماوەندەکە! 5 بەڵام ئەوانەی بانگهێشت کرابوون کەم تەرخەم بوون، یەکێکیان دەچووە کێڵگەکەی، و یەکێکی دیکەیان بۆ بازرگانی؛ 6 ئەوانیتر خزمەتکارەکانی پاشایان دەستگیر کرد و سوکایەتییان پێکردن و کوشتیانن. 7 جا پاشا تووڕە بوو، سوپاکەی نارد، و ئەو بکوژانەی لەناوبرد و شارەکەیانی سووتاند. 8 پاشان بە خزمەتکارەکانی گوت: زەماوندی هاوسەرگیری ئامادەیە، بەڵام ئەوانەی بانگهێشت کرابوون شایستە نەبوون. 9 بۆیە بڕۆنە سەر ڕێگاکان، و هەرکەسێک دەبینین بانگهێشتی زەماوەندەکەی بکەن! 10 خزمەتکارەکان چوونە دەرەوە بۆ سەر ڕێگاکان، و ئەوەی بینیان هەموویان کۆکردەوە، چاک و خراپ، تا هۆڵی هاوسەرگیری پڕ بوو لە میوان. 11 پاشا چووە ژوورەوە بۆ بینینی میوانەکان، کەسێکی بینی کە جلی زەماوەندی لەبەردا نەبوو. 12 پێی گوت: هاوڕێکەم، چۆن هاتیتە ژوورەوە بۆ ئێرە بەبێ جلی زەماوەند؟ بێدەنگ مایەوە. 13 ئینجا پاشا فەرمانی بە خزمەتکارەکانی کرد و وتی: دەست و قاچی ببەستن، و فڕێی بدەنە ناو تاریکی دەرەوە، لەوێ گریان و جیڕەی ددان دەبێت! 14 چونکە بانگهێشت کراوان زۆرن، بەڵام هەڵبژێردراوان کەمن!» 15 فەریسییەکان چوون و پیلانیان داڕشت کە چۆن بە قسەکانی خۆیی توشی بکەن. 16 هەندێک لە قوتابییەکانی خۆیان و لایەنگرانی هیرۆدیان ناردە لای، و پێیان گوت: «مامۆستا، دەزانین تۆ ڕاستگۆیت و بە ڕاستی خەڵکی فێری ڕێگای خودا دەکەیت، و کەست بۆ گرنگ نییە و پێگەی خەڵکی لەبەر چاو ناگریت، 17 کەواتە پێمان بڵێ ڕای تۆ چییە؟ ئایا ڕێگە پێدراوە سەرانە بدەین بە قەیسەر یان نا؟» 18 یەشوا بە فێڵەکەیانی زانی و فەرمووی: «ئەی دوو ڕووەکان، بۆچی من بە قسەکانم توشم دەکەن؟ 19 دراوی سەرانەکەم پیشان بدەن!» دینارێکیان پێدا. 20 پرسیاری لێکردن: «ئەمە وێنە و نەخشی کێیە؟» 21 وەڵامیان دایەوە: «هی قەیسەرە!» پێی فەرموون: «کەواتە، ئەوەی هی قەیسەرە بیدەنە قەیسەر، و ئەوەش هی خودایە بیدەنە خودا» 22 بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن، و سەریان سوڕما لەوەی بیستیان. 23 لەو ڕۆژەدا هەندێک لەسەدۆکیمەکان کە باوەڕیان بە زیندووبوونەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد 24 «مامۆستا، موشە دەڵێت: ئەگەر پیاوێکی وەجاخ کوێر مرد، ئەوا براکەی براژنەکەی دەخوازێتەوە، و وەچە لەسەر ناوی براکەی دەخاتەوە. 25 لەلای ئێمە حەوت برا هەبوو، یەکەمیان هاوسەرگیری کرد پاشان مردوو منداڵی بە جێنەهێشت، بۆیە ژنەکەی بۆ براکەی بەجێهێشت؛ 26 هەمان شت بۆ دووهەم پاشان سێهەم، تا حەوتەم. 27 دوای هەموویان، ژنەکەش مرد. 28 لە زیندووبوونەوەدا، ژنەکە دەبێتە هاوسەری کامیان لەو حەوت کەسە، چونکە ژنی هەموویان بووە؟» 29 یەشوا وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «ئێوە هەڵەن چونکە لە نوسراوە پیرۆزەکان و هێزی خودا تێناگەن. 30 مرۆڤەکان لە زیندوو بوونەوەدا نە شوو دەکەن و نە ژن دەهێنن، بەڵکو وەک فریشتەکانی خودا دەبن لە ئاسمان. 31 سەبارەت بە زیندوو بوونەوەی مردووەکان، ئایا ئەوەی لە خوداوە پێتان وتراوە نەتان خوێندۆتەوە: 32 من خودای ئەڤراهەم و خودای یتساخ و خودای یاکۆڤم؟ ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە». 33 کاتێک خەڵکەکە ئەمەیان بیست، لە فێرکارییەکانی سەرسام بوون. 34 کاتێک فەریسییەکان بیستیان کە یەشوا سەدوقییەکانی بێدەنگ کردووە، لەگەڵی کۆبوونەوە، 35 یەکێک لەوان پرسیاری لێکرد، لە زانایانی تەورات بوو، هەوڵیدا هەڵیسەنگێنێ: 36 «مامۆستا، گرنگترین ڕاسپاردە لە تەوراتدا چییە؟» 37 وەڵامی دایەوە: «پەروەردگاری خودات بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیرتەوە خۆش بوێت! 38 ئەمە مەزنترین و یەکەم ڕاسپاردەیە. 39 وە دووەمیان هاوشێوەی ئەوە: نزیکەکەت وەک خۆت خۆش بوێت! 40  جا هەموو تەورات و پەیامی پێغەمبەران بەم دوو ڕاسپاردەیەوە پەیوەستن!» 41 کاتێک فەریسییەکان کۆبوونەوە، یەشوا لێی پرسین: 42 «ڕاتان چییە لەسەر مەسیح: ڕۆڵەی کێیە؟» وەڵامیان دایەوە: «ڕۆڵەی داڤید!» 43 پرسیاری لێکردن: «ئەی چۆن، داڤید بە گیان پێی دەڵێت پەروەردگارم کە دەڵێت: 44 پەروەردگار بە پەروەردگارمی فەرموو: لە ڕاستەم دابنیشە تا دوژمنەکانت دەکەمە تەختە پێت؟ 45 ئەگەر داڤید پێی بڵێت پەروەردگارم، چۆن دەبێتە کوڕی؟» 46 یەکێکیان نەیتوانی تەنانەت بە یەک وشەش وەڵامی بدەنەوە. وە لەو ڕۆژەوە کەس نەیوێرا هەڵیبسەنگێنن بە هیچ پرسیارێک.