بەشی ٢١

1 کاتێک لە یۆرشەلایم نزیک بوونەوە، گەیشتنە گوندی بێت فاگە لای چیای زەیتون، یەشوا دووانی لە قوتابییەکانی خۆی نارد، 2 پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، لەوێ ماکەرێک دەبینن بەستراوەتەوە جاشکەکەی لەگەڵە، بیکەنەوە و بیانهێنن بۆ لای من. 3 ئەگەر هەرکەسێک ناڕەزایی بەرامبەرتان هەبوو، بڵێ: پەروەردگار پێویستی پێیانە. یەکسەر دەیاننێرن». 4 ئەمەش ڕوویدا بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە گوترا بەدیبێت کە دەڵێت: 5 «مژدە بە کچی سەهیۆن بدەن: ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات، دڵنەرمە و سواری ماکەرێک و جاشی ماکەرێک بووە!» 6 بۆیە هەردوو قوتابییەکەی ڕۆیشتن، و ئەوەی یەشوا فەرمانی پێکردن کردیان، 7 ماکەر و جاشکەکەیان هێنا، جلەکانیان خستە سەری، و یەشوا سواربوو. 8 کۆمەڵێکی زۆر گەورە جلەکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست، هەندێکی تریش لق و پۆپیان لە دارەکان بڕی و لەسەر ڕێگاکە دایاننا. 9 ئەو خەڵکانەی پێش یەشوا کەوتبوون ئەوانەش لە دوایەوە دەڕۆشتن هاواریان دەکرد: «هۆشیەنا بۆ کوڕی داڤید! پیرۆزە ئەوەی بە ناوی پەروەردگارەوە دێت! هۆشیەنا لە بەرزتریندا!» 10 کاتێک یەشوا چووە یۆرشەلایم، هەموو شارەکە وروژاو، پرسیاریان دەکرد: «ئەمە کێیە؟» 11 ئینجا خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «ئەمە یەشوای پێغەمبەرە کە خەڵکی ناسیرەیە لە گەلیلی». 12 ئینجا یەشوا چووە ناو پەرستگاکە، و هەموو ئەوانەی دەرکرد کە کڕین و فرۆشتنیان دەکرد لە حەوشەی پەرستگا؛ مێزی پارەگۆڕەکان و کورسی کۆتر فرۆشەکانی هەڵگێڕایەوە. 13 پێی فەرموون: «نووسراوە: ماڵەکەم ناودەبرێت بە ماڵی نزا. بەڵام ئێوە کردتان بە ئەشکەوتی دزەکان!» 14 کاتێک لە پەرستگا بوو کوێرێک و ئیفلیجێک هاتنە لای، و چاکی کردنەوە. 15 سەرۆکی کاهینەکان، و مامۆستایانی تەورات، بێزار بوون کاتێک ئەم کارە سەرسوڕهێنەرانەیان بینی کە ئەو کردی، هەروەها منداڵانیش لە پەرستگا هاواریان دەکرد: «هۆشیەنا بۆ کوڕی داڤید!» 16 لێیان پرسی: «دەبیستیت ئەم خەڵکە چی دەڵێن؟» یەشواش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ! ئایا هەرگیز نەتانخوێندۆتەوە : لە زاری کۆرپە و شیرە خۆرانەوە ستایشم ئامادە کردووە؟» 17 ئینجا لێیان جیا بۆوە و لە شارەکە چووە دەرەوە بۆ گوندی بێت ئەنیا، و لەوێ شەوەکەی بەسەر برد. 18 بۆ بەیانی ڕۆژی دواتر، گەڕایەوە بۆ شار، برسی بوو. 19 کاتێک دار هەنجیرێکی لە تەنیشتی ڕێگاکە بینی ڕووی تێکرد، هیچی نەدۆزییەوە تەنیا گەڵا نەبێت، پێی گوت: «با بۆ هەتاهەتایە چیتر بەرهەمت نەمێنێت!» یەکسەر دار هەنجیرەکە وشک بوو. 20 کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، سەریان سوڕما و گوتیان: «چەند خێرا دار هەنجیرەکە وشک بوو!» 21 وەڵامی دانەوە: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەگەر باوەڕتان هەبێت و گومان نەکەن، نەک هەر ئەمەی دار هەنجیرەکە دەکەن، بەڵکو ئەگەر بەم کێوە بڵێن: هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە، ئەوە دەبێت. 22 هەرچییەک بە باوەڕ لە نزادا داوای بکەن، وەریدەگرن». 23 کاتێک گەیشتە پەرستگاکە و دەستی کرد بە فێرکردن، سەرۆک کاهینەکان و پیرانی گەل هاتنە لای، و لێیان پرسی: «بە چ دەسەڵاتێک ئەو کارە دەکەیت؟ وە کێ ئەم دەسەڵاتەی پێداویت؟» 24 یەشوا وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «منیش یەک شتتان لێ دەپرسم، ئەگەر وەڵامم بدەنەوە، پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەو کارە دەکەم: 25 لەئاوهەڵکێشانی یۆخەنان لە کوێوە هاتووە؟ لە ئاسمانەوە یان لە خەڵکەوە؟» بۆیە لە نێوان خۆیاندا ڕاوێژیان کرد و گوتیان: «ئەگەر پێی بڵێین لە ئاسمانەوە هاتووە، پێمان دەڵێت: بۆچی بڕواتان پێی نەکرد؟ 26 ئەگەر بڵێین: لە خەڵکەوە، ترسمان لەوە هەیە کە جەماوەری گەل لە دژی ئێمە ڕاپەڕن، چونکە هەموویان یۆخەنان بە پێغەمبەر دەزانن». 27 وەڵامیان دایەوە: «ئێمە نازانین!» ئەویش لە وەڵامدا فەرمووی: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەم کارانە دەکەم». 28 «ڕاتان چییە؟ کەسێک دوو کوڕی هەبوو. چووە لای یەکەمیان و پێی گوت: کوڕەکەم، ئەمڕۆ بڕۆ و لە ڕەزەکەمدا کاربکە! 29 لە وەڵامدا وتی: من نامەوێت. بەڵام دواتر پەشیمان بۆوە و ڕۆیشت. 30 ئینجا پیاوەکە چووە لای کوڕی دووهەم و ئەوەی بە یەکەمی گوتبوو بەویشی گوت. لە وەڵامدا وتی: لە خزمەتدام گەورەم! بەڵام نەچوو. 31 کام لەو دووانە بەویستی باوکی کرد؟» گوتیان: «یەکەمیان!» یەشوا پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێدەڵێم باجگر و داوێنپیسان پێش ئێوە دەچنە ناو شانشینی خودا. 32 یۆخەنان هات بۆ ئەوەی ڕێگای ڕاستودروستیتان نیشان بدات، بەڵام ئێوە بڕواتان پێی نەکرد. بەڵام باجگران و لەشفرۆشان بڕوایان پێی کرد. وە کاتێک ئێوە ئەمەتان بینی، پەشیمان نەبوونەوە و باوەڕتان پێی نەکرد! 33 گوێ لە نموونەیەکی دیکە بگرن: خاوەن ماڵێک هەبوو ڕەزێکی چاند، و پەرژینێکی بە دەوریدا کرد، گوشەرێکی ترێی تێدا هەڵکەند، و شوێنێکی بەرزی بۆ چاودێری تێدا دروست کرد. ئینجا دایە دەست چەند ڕەزەوانێک و گەشتی کرد. 34 جا کاتی کۆکردنەوەی بەرهەم هات، خزمەتکارەکانی نارد بۆ لای ڕەزەوانەکان بۆ وەرگرتنی بەرهەمی ڕەزەکەی، 35 ڕەزەوانەکان خزمەتکارەکانیان گرت، و لە یەکێکیاندا، و یەکێکیان کوشت، و ئەوی دیکەیان بەردە باران کرد. 36 پاشان خاوەن ماڵ خزمەتکاری دیکەی نارد کە ژمارەیان لەوانەی پێشتر زیاتر بوو. ڕەزوانەکان هەمان شتیان بەسەر ئەوانیشدا هێنا. 37 لە کۆتاییدا کوڕەکەی نارد، و وتی: ئەوان ڕێز لە کوڕەکەم دەگرن! 38 هەر کە ڕەزەوانەکان کوڕەکەیان بینی بە یەکتریان گوت: ئەمە میراتگرەکەیە! با بیکوژین تا بتوانین دەست بەسەر میراتەکەیدا بگرین. 39 پاشان گرتیان، و کردیانە دەرەوی ڕەزەکە، و کوشتیان! 40 کاتێک خاوەنی ڕەزەکە گەڕایەوە، چی لە ڕەزەوانەکان دەکات؟» 41 وەڵامیان دایەوە: «خراپەکاران، بە خراپی لەناو دەبات. پاشان ڕەزەکە ڕادەستی ڕەزەوانی دیکە دەکات کە لە کاتی خۆیدا بەرهەمەکەی پێدەدەن». 42 یەشوا پێی فەرموون: «ئایا ئێوە لە پەرتوکەکەدا نەتانخوێندۆتەوە: هەمان ئەو بەردەی بیناکاران ڕەتیان کردەوە، بوو بە سەرەکیترین بەردی بناغە. ئەمە لە پەروەردگارەوە بوو، لە تێڕوانینماندا سەرسوڕهێنەرە! 43 بۆیە پێتان دەڵێم: شانشینی خودا لە دەستتان دەسەندرێتەوە و دەدرێت بە گەلێک کە بەرهەم دەدەن. 44 ئەوەی بەسەر ئەم بەردەدا بکەوێت تێکدەشکێت، ئەوەش کە بەردەکە بەسەریدا بکەوێت پانی دەکاتەوە!» 45 کاتێک سەرۆک کاهینەکان و فەریسییەکان گوێیان لە نموونەکان بوو کە یەشوا دەیهێنانەوە، تێگەیشتن کە مەبەستی ئەوانە. 46 هەرچەندە هەوڵیان دەدا دەستگیری بکەن، بەڵام لە خەڵکەکە دەترسان چونکە بە پێغەمبەریان دەزانی.