بەشی ٤

1 یەشوا، کاتێ لە ئەردەن گەڕایەوە پڕ ببوو لە گیانی پیرۆز. گیانەکە بەرەو چۆڵەوانی ڕێنمایی کرد 2 چل ڕۆژ، شەیتان تاقی دەکردەوە. لە ماوەی ئەو ڕۆژانەدا هیچی نەخوارد. کاتێ تەواو بوو، برسی بوو. 3 شەیتان پێی گوت: «ئەگەر تۆ ڕۆڵەی خودایت، بەم بەردە بڵێ با ببێتە نان». 4 یەشوا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت. (بەڵکوو بە هەموو وشەیەک کە لە زاری خوداوە دێتە دەر)!» 5 ئینجا شەیتان یەشوای بردە شاخێکی بەرز، و لە چرکەساتێک هەموو شانشینەکانی جیهانی پیشان دا، 6 پێی گوت: «من دەسەڵاتت پێ دەدەم بە سەر هەموو ئەم شانشینانە و ئەو گەورەییەی تێیاندایە، چونکە ڕادەستی من کراوە و منیش دەیدەم بە هەرکەسێک کە بمەوێت. 7 ئەگەر لەبەردەمم کڕنۆش ببەیت، هەمووی بۆ تۆ دەبێت!» 8 یەشوا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: کڕنۆش بۆ پەروەردگار خودای خۆت دەبەیت، و تەنها ئەو دەپەرستیت!» 9 ئینجا شەیتان بۆ یورشەلایمی برد و لە لێواری سەربانی پەرستگا، ڕایگرت و پێی گوت: «ئەگەر تۆ ڕۆڵەی خودایت، لێرەوە خۆت هەڵبدە خوارەوە. 10 لەبەر ئەوەی نووسراوە: «سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات بتپارێزن، 11 لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت». 12 یەشوا وەڵامی دایەوە: «گوتراوە: یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە!» 13 کاتێک شەیتان هەموو تاقیکردنەوەیەکی تەواو کرد، بۆ ماوەیەک یەشوای بەجێی هێشت. 14 یەشوا بە هێزی گیانی پیرۆزەوە گەڕایەوە ناوچەی گەلیلی؛ ناوبانگی لە هەموو گوندەکانی دەوروپشت بڵاو بۆوە. 15 لە کەنیشتەکانیان وانەی دەگوتەوە، و هەموو ستایشیان دەکرد. 16 هاتە ناسیرە کە لێی گەورە بووە، وەک نەریتی خۆی، لە شەباتدا، چووە کەنیشت و بۆ خوێندنەوە هەستا، 17 پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەریان خستە بەردەست، کاتێک کردیەوە ئەو شوێنەی دۆزییەوە کە تێیدا نووسراوە: 18 « گیانی پەروەردگار لە سەرمە، چونکە دەستنیشان کردووم بۆ ئەوەی مزگێنی بدەم بە هەژاران؛ منی ناردووە ئازادی بۆ بەدیلگیراوان ڕابگەیەنم، بینایی بۆ کوێران بگەڕێنمەوە، ستەملێکراوان ئازاد بکەم 19 مزگێنی ساڵی ڕەزامەندی لای پەروەردگار ڕابگەیەنم». 20 پاشان پەرتووکەکەی پێچایەوە دایەوە خزمەتکارەکە، و دانیشت. چاوی هەموو ئەوانەی لە کەنیشت دانیشتبوون لەسەر ئەو بوو. 21 ڕووی تێکردن و فەرمووی: «ئەمڕۆ ئەم نووسراوەی گوێتان لێبوو هاتە دی.» 22 دانیشتووان هەموو شایەتحاڵی بوون، و سەرسام بوون بەو وشە بخششانەی کە لە زاری دەردەچوو، و پرسیاریان کرد: «ئەمە کوڕی یۆسپ نییە؟» 23 پێی فەرموون: «بێگومان ئەم نموونەم پێ دەڵێن: ئەی پزیشک چارەسەری خۆت بکە! ئەوەی بیستمان و لە شاری کەفەرناخوم کردت لێرەش لە شارەکەی خۆتدا بیکە.» 24 هەروەها فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: هیچ پێغەمبەرێک لە شارەکەی خۆی وەرناگیرێت. 25 بەڕاستی پێتان دەڵێم لە سەردەمی ئیلیادا بێوەژنەکان زۆر بوون لە یەسرائیل، کە ئاسمان سێ ساڵ و شەش مانگ داخرا، برسێتییەکی گەورە لە هەموو زەویدا روویدا؛ 26 بەڵام ئیلیا بۆ هیچ کامیان نەنێردرا، تەنیا بۆ لای بێوەژنێک نەبێ لە ساریفاتی سیدۆن. 27 لە سەردەمی ئێلیشای پێغەمبەردا، لە یەسرائیل، زۆر تووشبووی پەتای گولی هەبوون. بەڵام یەکیان پاک نەکرایەوە، تەنها نەعمانی سوری نەبێت!» 28 هەموو ئەوانەی لە کەنیشتەکەدا بوون کاتێک ئەمانەیان بیست، پڕ بوون لە تووڕەیی 29 وە لە شارەکە دەریانکرد و بردیان بەرەو لێواری ئەو چیایەی شارەکەیانی لەسەر بنیاد نرابوو تاکو فڕێیبدەنە خوارەوە. 30 بەڵام ئەو بە ناویاندا تێپەڕی و ڕۆیشت. 31 ئینجا چووە کەفەرناخوم، کە شارێکە لە ناوچەی گەلیلی، و لە شەباتدا وانەی بە جەماوەر دەگوتەوە. 32 ئەوان سەرسام بوون بە فێرکارییەکانی، چونکە وشەکەی دەسەڵاتی هەبوو. 33 پیاوێک لە کەنیشتەکەدا هەبوو کە گیانی خێوێکی پیس تێیدا نیشتەجێ ببوو. بە دەنگی بەرز هاواری کرد: 34 « ئایی! چیت لێمانداوە ئەی یەشوای ناسیرەیی؟ تۆ هاتوویت بۆ لەناوبردنی ئێمە؟ من دەزانم تۆ کێیت: تۆ پیرۆزەکەی خودایت». 35 بەڵام یەشوا لێی ڕاخوڕی و وتی: «بێدەنگ بە، و لێی بچۆ درەوە». کاتێک خێوەکە پیاوەکەی فڕێدایە ناوەڕاستیان، لێی چووە دەر و ئازاری پێنەگەیاند. 36 هەمووان سەریان سوڕما، و لە نێوان خۆیاندا دەستیان کرد بە پرسیارکردن: « ئەمانە چ جۆر وشەیەکن؟ چونکە بە دەسەڵات و هێزەوە فەرمان بە گیانە پیسەکان دەکات ئەوانیش دەردەچن!» 37 ناوبانگەکەی لە هەموو ناوچەی دەوروبەری بڵاوبووەوە. 38 پاشان کەنیشتی بە جێ هێشتوو و چووە ماڵی شیمۆن. خەسووی شیمۆن تووشی تایەکی زۆر بوو دەیناڵاند، داوای لێکرد یارمەتی بدات. 39 یەشوا لە تەنیشت جێگاکەی ڕاوەستا، و لە تایەکە ڕاخوڕی، و بەجێی هێشت. لە هەمان کاتدا تایەکە وەستا وخەسووی یەکسەر هەستا و دەستی کرد بە خزمەت کردنیان. 40 کاتێک خۆر ئاوا بوو، هەموو ئەوانەی نەخۆش بوون و بە دەردی جۆراوجۆرەوە گرفتار بوون، دەیانهێنان بۆ لای، ئەویش یەک بە یەک دەستی دەخستنە سەر، و چاکی دەکردنەوە. 41 خێوەکانیش لە زۆر کەسەوە ئەهاتنە دەرەوە، و هاواریان دەکرد و دەیانگوت: « تۆ کوڕی خودایت!» ئەویش لێیان ڕادەخوڕی و ڕێگەی نەدا قسە بکەن، چونکە دەیانزانی کە ئەو مەسیحەکەیە. 42 کە ڕۆژ هەڵهات، چووە دەرەوە و بۆ شوێنێکی چۆڵ. جەماوەرەکە بەدوایدا گەڕان تا دۆزییانەوە، و ڕایانگرت تا بەجێیان نەهێڵێت. 43 بەڵام پێی فەرموون: «دەبێت بانگەشەی شانشینی خودا بۆ شارەکانی دیکەش بکەم، چونکە ئەمەیە کە من بۆی نێردراوم». 44 پاشان بەردەوام لە کەنیشتەی یەهودیا مزگێنی ڕادەگەیاند.