بەشی ٣

1 لە ساڵی پازدەمینی حوکمڕانی تیباریۆسی قەیسەر؛ کاتێک پیلاتۆس پۆنتیۆس فەرمانڕەوای یەهودیا بوو، هێرۆدی ئەنتیپاس فەرمانڕەوای تێترارکی گەلیلی بوو و فیلیپۆسی براشی فەرمانڕەوای تێترارکی ئیتۆریە و تەراخۆنتۆس بوو، لیسانیۆس فەرمانڕەوای تێترارکی ئەبیلیە بوو؛ 2 لە سەردەمی سەرۆک کاهینیێتی ئەنانیا و کەیافا؛ وشەی خودا بۆ یۆخەنانی کوڕی زەخەریا هات کە لە چۆڵەوانی دەژیا. 3 بە هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئەردەندا دەگەڕا بانگەشەی دەکرد بۆ لەئاوهەڵکێشانی پاشگەزبوونەوە بۆ لێخۆشبوون لە گوناهەکان. 4 وەک لە پێشبینییەکانی پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نوسراوە: «دەنگێک لە چۆڵەوانی بانگەواز دەکات و دەڵێت: ڕێگا بۆ هاتنی پەروەردگار خۆش بکەن و ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن. 5 هەموو دۆڵێک، پڕ دەبێتەوە و هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت، ڕێگا خواروخێچەکان ڕاست دەبنەوە و رێگە دژوارەکان تەخت دەبن، 6 هەموو مرۆڤایەتی ڕزگاریی خودا دەبینن!» 7 بەو خەڵکەی دەگووت کە دەهاتن تاکو لە ئاویان هەڵکێشێت : «ئەی بێچووە مارەکان، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ 8 با بەرهەمێکتان هەبێت لە پاشگەزبوونەوە بوەشێتەوە، بە خۆتان مەڵێن: ئەڤراهام باوکمانە! پێتان دەڵێم خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئەڤراهام دروستبکات. 9 ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار: هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە». 10 جەماوەرەکە پرسیاریان لێکرد: «کەواتە چی بکەین؟» 11 وەڵامی دانەوە: «ئەوەی دوو کراسی هەیە، با یەکێکیان بداتە ئەوەی کە نییەتی؛ ئەوەش کە خواردنی هەیە، با هەمان شت بکات». 12 هەروەها باجگرانیش بۆ لەئاوهەڵکێشان هاتن، لێیان پرسی: «مامۆستا، ئێمە چی بکەین؟» 13 پێی گوتن: «لەوەی لەسەرتانە زیاتر وەرمەگرن». 14 کۆمەڵێک لە سەربازانیش پرسیاریان لێکرد: «ئەی ئێمە، چی بکەین؟» وەڵامی دانەوە: «ستەم لە کەس مەکەن و بە درۆ کەس تۆمەتبار مەکەن، بە مووچەکانتان ڕازی بن!» 15 گەل لە چاوەڕوانی (مەسیح)دا بوون، هەموو لە دڵی خۆیاندا سەبارەت بە یۆخەنان پرسیاریان لە خۆیان دەکرد: «ئایا ئەو مەسیحەکەیە؟» 16 یۆخەنان وەڵامی هەمووانی دایەوە و پێی گوتن: «من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت، لە من بە هێزترە، شایانی ئەوە نیم تەنانەت قەیتانی پێڵاوەکانیشی بۆ ببەستم: ئەو لە ئاگر و لە گیانی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت. 17 ئەو شەنی خۆی بە دەستەوەیە و خەرمانەکەی پاک دەکاتەوە، و گەنمەکە لە ناو کۆگا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەشی بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت». 18 بە زۆر شتی دیکەش ئامۆژگاری گەلی دەکرد و مژدەی دەدا. 19 بەڵام کاتێک یۆخەنان سەرزەنشتی هێرۆدی ئەنتیپاسی فەرمانڕەوای تێترارکی گەلیلی کردبوو، لەبەر ئەوەی کە هێرۆدیای براژنی خۆی هێنابوو و هەروەها بە هۆی هەموو ئەو خراپەکاریانەی کە کردبووی، 20 ئەمەشی بۆ خراپەکاریەکانی پێشووی زیاد کرد: یۆخەنانی لە زیندان بەندکرد. 21 کاتێک هەموو گەل لە ئاو هەڵکێشران، یەشواش لە ئاو هەڵکێشرا، کاتێک کە یەشوا نزای دەکرد ئاسمان کرایەوە، و 22 گیانی پیرۆز لە شێوەی کۆترێک هاتە سەری، دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «تۆ ڕۆڵەی خۆشەویستمی بە تۆ زۆر دڵخۆشم!» 23 کاتێک یەشوا دەستی بە (خزمەتەکەی) کرد تەمەنی نزیکەی سی ساڵ بوو و ناسراو بوو بەوە کە کوڕی یۆسپ، کوڕی هێلی، 24 کوڕی مەتهات کوڕی لێڤی، کوڕی مەلخای کوڕی یەننای، کوڕی یۆسپ 25 کوڕی مەتیتیاهو، کوڕی ئامۆس کوڕی ناخوم، کوڕی هەسلی کوڕی نەگای، 26 کوڕی مەئات کوڕی مەتیتیاهو، کوڕی شێمئی کوڕی یۆسپ، کوڕی یەهودا 27 کوڕی یوخەننا، کوڕی ڕیشا کوڕی زروبەڤێل، کوڕی شالتێئیل کوڕی نیری، 28 کوڕی مەلخی کوڕی ئادی، کوڕی کوسام کوڕی ئەلمودام، کوڕی ئێر 29 کوڕی یەشوع، کوڕی ئیلیعازار کوڕی یوریم، کوڕی مەتیتیاهو کوڕی لێڤی، 30 کوڕی شیمۆن کوڕی یەهودا، کوڕی یۆسپ کوڕی یۆنام، کوڕی ئیلیاخیم 31 کوڕی مەئلیا کوڕی مەننە، کوڕی مەتاتا کوڕی ناتان، کوڕی داڤید 32 کوڕی یێشای، کوڕی ئوڤێد کوڕی بۆعەز، کوڕی سەلمۆن کوڕی نەخشۆن، 33 کوڕی ئەمیناداڤ کوڕی ئەڕام کوڕی خەسرۆن، کوڕی پێرێتس کوڕی یەهودا، 34 کوڕی یاکۆڤ کوڕی یتساخ، کوڕی ئەڤراهام کوڕی تارەح، کوڕی ناخۆر 35 کوڕی سرۆگ، کوڕی ڕەئو کوڕی پەلەگ، کوڕی هێڤەر کوڕی شالەح، 36 کوڕی کێنان کوڕی ئەرپەخشاد، کوڕی سام کوڕی نواخ، کوڕی لامەخ 37 کوڕی مەتوشالخ، کوڕی خەنۆخ کوڕی یارەد، کوڕی مەهلەلئێل کوڕی کێنان، 38 کوڕی ئەنۆش کوڕی شیت، کوڕی ئادەم کوڕی خودایە.