بەشی ٢٤

1 لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا، سەر لە بەیانی زوو، ژنەکان ئەو بۆن وبەرامەی ئامادەیان کردبوو هێنایان و هاتنە سەر گۆڕەکە. 2 بینییان بەردەکە لا دراوە. 3 چوونە ژوورەوە، بەڵام تەرمەکەی پەروەردگار یەشوایان نەدۆزییەوە. 4 هێشتا لەمە سەرسام بوون، لەپڕ دوو پیاو بە جلی درەوشاوە لەتەنیشتیان ڕاوەستان. 5 ترس دایگرتن وبە ڕوودا کەوتن. پیاوەکان پێیان گوتن: «بۆچی لەنێو مردووان بەدوای زیندووەکەدا دەگەڕێن؟ 6 ئەو لێرە نییە، بەڵکو هەستاوەتەوە! وشەکانیتان لەبیر بێ کە هێشتا لە گەلیلی بوو 7 فەرمووی: ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت بدرێتە دەست خەڵکی گوناهبار، لە خاچ بدرێت و لە ڕۆژی سێهەم هەستێتەوە». 8 ئینجا وشەکانییان هاتەوە یاد. 9 کاتێک لە گۆڕەکە گەڕانەوە، هەواڵی هەموو ئەم بابەتەیان بە یازدە قوتابییەکە و هەموو ئەوانی دیکە دا. 10 ئەوانەی هەواڵیان بە نێردراوان دا میریامی مەگدەلین و یونا و میریامی دایکی یاکۆڤ و ئەوانی دیکەی لەگەڵیان ڕۆیشتبوون. 11 قسەکەیان لەلای نێردراوان وەک وڕێنە بوو، باوەڕیان پێ نەکردن. 12 بەڵام پەترۆ هەستا و بەرەو گۆڕەکە ڕایکرد. کە دانەوییەوە، بینی کەتانەکە بە تەنها دانراوە، ئینجا ڕۆیشت و سەرسام بوو لەوەی ڕوویدابوو. 13 لەو ڕۆژەدا دووان لەوان دەچوونە گوندێک بە ناوی ئەمواس کە شەست تیرهاوێژ ( نزیک حەوت میل) لە یورشەلایم دوور بوو. 14 لەگەڵ یەکتر باسی هەموو ئەو شتانەیان دەکرد کە ڕوویدابوو. 15 کاتێک باس و وتووێژیان دەکرد یەشوا خۆی لێیان نزیک بووەوە و لەگەڵیان دەڕۆیشت. 16 بەڵام چاویان لە ناسینی داپۆشرابوو. 17 لێی پرسین: «ئەوە پێکەوە بەڕێوە باسی چی دەکەن؟» 18 بە ڕووگرژییەوە ڕاوەستان. یەکێکیان ناوی کلیۆپاس بوو وەڵامی دایەوە: «ئایا تەنها تۆ لە یورشەلایم بێگانەیت و ئاگات لەو شتانە نییە کە لەم ڕۆژانەدا ڕوویدا؟» 19 پێی فەرموون: «چی ڕوویداوە؟» وەڵامیان دایەوە: «باسی یەشوای ناسیرەیی دەکەین، کە پێغەمبەرێکی توانادار بوو لە وتار و کرداردا، لە بەردەم خودا و هەموو گەل، 20 ئەوەی کە چۆن سەرۆکی کاهینەکان فەرمانڕەواکانمان ڕادەستی سزای مردنیان کرد و لە خاچیان دا. 21 بەڵام ئێمە ئاواتە خواز بووین ئەمە ئەو کەسە بێت کە یەسرائیل دەکڕێتەوە. جگە لەمانە، ئەمڕۆ سێهەم ڕۆژە ئەمە ڕوویداوە. 22 کەچی هەندێک لە ژنەکان تووشی سەرسووڕمانیان کردین، بەیانی زوو لەسەر گۆڕەکە بوون و 23 تەرمەکەیان نەبینیبوو، هاتنەوە گوتیان، دوو فریشتەمان بینیوە دەڵێن ئەو زیندووە. 24 هەندێک لە ئێمە چوونە سەر گۆڕەکە و بینییان کە وایە، وەک ئەوەی کە ژنەکان گوتیان، بەڵام ئەویان نەبینیبوو!» 25 ئەویش پێی فەرموون: «ئەی کەم تێگەیشتووان و دڵخاوەکان کە باوەڕ دەکەن بە هەموو ئەوەی پێغەمبەران باسیان کردووە! 26 نەدەبووایە مەسیح ئەم ئازارانە بچێژێت و بچێتە ناو شکۆمەندییەکەی خۆی؟» 27 پاشان دەستی کرد بە ڕوونکردنەوە بۆیان، بە پشتبەستن بە موشە و هەموو پێغەمبەران، ئەوەی لە سەرجەم پەرتووکەکاندا هاتووە. 28 کاتێک نزیکی ئەو گوندە بوون کە بۆی دەچوون، یەشوا وای پیشان دا کە بەرەو شوێنێکی دوورتر دەچێت. 29 ئەوانیش زۆر لێی پاڕانەوە و گوتیان: «لەلامان بمێنەرەوە، چونکە وا ئێوارەیە و ڕۆژ ئاوا دەبێت». جا چووە ژوورەوە تاکو لەگەڵیان بمێنێتەوە. 30 کاتێک لەگەڵیان دانیشتبوو، نانێکی هەڵگرت، بەرەکەتداری کرد، پاشان لەتی کرد و پێیدان. 31 ئینجا چاویان کرایەوە و ناسیانەوە، ئیتر لەبەرچاویان ون بوو. 32 یەکیان بەویتری گوت: «ئەرێ کاتێک لە ڕێگا قسەی بۆ دەکردین و پەرتووکە پیرۆزەکانی بۆمان ڕوون دەکردەوە دڵمان لە ناخماندا گڕی نەگرتبوو؟» 33 دەستبەجێ هەستان و هاتنەوە یورشەلایم، بینییان یازدە قوتابییەکە و ئەوانەی لەگەڵیاندان کۆبوونەتەوە 34 و دەڵێن: «بە ڕاستی پەروەردگار هەستاوەتەوە و بۆ شیمۆن دەرکەوتووە». 35 ئەمانیش باسی ئەو شتانەیان کرد کە لە ڕێگا بەسەریان هاتبوو، هەروەها ئەوەی کە چۆن لە کاتی نان لەتکردنەکەدا پەروەردگاریان ناسیوەتەوە. 36 کە باسی ئەمەیان دەکرد، یەشوا خۆی لە ناوەڕاستیان ڕاوەستا، و پێی فەرموون: «ئاشتی بۆ ئێوە بێت!» 37 سام دایگرتن و ترسان، وایان دەزانی جنۆکە دەبینن. 38 پێی فەرموون: «بۆچی پەشۆکاون؟ بۆچی گومان دەکەوێتە ناو دڵتان؟ 39 سەیری دەست و پێم بکەن. بڕوا بکەن، منم ئەوە خۆمم. دەستم لێ بدەن و با بۆتان روون ببێتەوە، چونکە جنۆکە گۆشت و ئێسقانی نییە وەک دەبینن من هەمە». 40 کە ئەمەی فەرموو، دەست و پێی پیشاندان. 41 لە خۆشی و سەرسوڕماندا هێشتا باوەڕیان نەدەکرد، پێی فەرموون: «لێرە خواردنتان هەیە؟» 42 ئەوانیش پارچەیەک ماسی برژاویان پێدا. 43 وەریگرت و لەبەرچاویان خواردی. 44 ئینجا پێی فەرموون: «ئەمە ئەو وشانەن کاتێک لە نێوانتاندا بووم پێم گوتن: پێویستە هەموو ئەوانەی لە تەوراتی موشە و پێغەمبەران و زەبووردا دەربارەی من نووسراون بێنە دی». 45 ئینجا هزری کردنەوە، تاکو لە نووسراوە پیرۆزەکان تێبگەن. 46 پێی فەرموون: «ئاوا نووسراوە، کە مەسیح ئازار دەچێژێت و لە ڕۆژی سێهەم لەنێو مردووان هەڵدەستێتەوە، 47 بە ناوی ئەویش پاشگەز بوونەوە بۆ لێخۆشبوونی گوناهە بە هەموو گەلان مزگێنی دەدرێت ئەمەش لە یورشەلایمەوە دەستپێدەکات. 48 ئێوە شایەتی ئەم شتانەن. 49 ئەوەتا من ئەوەتان بۆ دەنێرم کە باوکم بەڵێنی داوە. بەڵام لە شار بمێننەوە، هەتا لە ئاسمانەوە هێز لەبەردەکەن». 50 ئینجا بردنی بۆ دەرەوەی گوندی بێت‌ئەنیا، دەستی بەرز کردەوە و بەرەکەتداری کردن. 51 کاتێک بەرەکەتداری دەکردن، لێیان جیا بووەوە و بەرز بۆوە بۆ ئاسمان. 52 ئەوانیش کڕنۆشیان بۆ برد و بە شادییەکی مەزنەوە گەڕانەوە یورشەلایم. 53 بەردەوام لە پەرستگا بوون و ستایشی خودایان دەکرد و پیرۆزی خۆدایان ڕادەگەیاند.