بەشی ٢٣

1 هەموو جەماوەرەکە هەستان و یەشوایان بردە لای پیلاتۆس. 2 دەستیان کرد بە تۆمەتبارکردنی و گوتیان: «بۆ ئێمە ڕوون بووەوە کە ئەمە گەلەکەمان بەلاڕێدا دەبات، و ڕێگری دەکات لە پێدانی باج بە قەیسەر و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو مەسیحەکە و پاشایە!» 3 پیلاتۆس لێی پرسی: ئایا تۆ پاشای یەهوودیت؟ لە وەڵامدا وتی: «تۆ گوتت!» 4 ئینجا پیلاتۆس بە سەرۆک کاهینەکان و جەماوەرەکەی گوت: «من هیچ تاوانێک لەم پیاوەدا نادۆزمەوە!» 5 بەڵام ئەوان بەردەوام بوون و گوتیان: «ئەو گەل دەوروژێنێت، فێرکاری دەکرد لە هەموو یەهودیا، لە گەلیلیەوە تا ئێرە!» 6 کاتێک پیلاتۆس بیستی باسی گەلیلی کراوە، پرسیاری کرد: «ئایا پیاوەکە خەڵکی گەلیلیە؟». 7 کاتێک زانی کە سەر بە دەسەڵاتی هیرۆدە، ڕەوانەی لای هیرۆدی کردەوە کە لەو ڕۆژانەدا لە یورشەلایم بوو. 8 کاتێک هیرۆد یەشوای بینی، دڵخۆش بوو، چونکە تامەزرۆی بینینی بوو، زۆر شتی لەبارەیەوە بیستبوو، ئارەزووی دەکرد نیشانەیەک لەسەر دەستی ئەنجام بدرێت. 9 لەبارەی زۆر بابەتەوە پرسیاری لێکرد، بەڵام وەڵامی هیچی نەدایەوە. 10 سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات وەستان و بە توندی تۆمەتباریان کرد. 11 هێرۆد و سەربازەکانی سووکایەتی و گاڵتەیان پێکرد، جلێکی درەوشاوەیان لەبەرکرد و ناردیانەوە بۆ لای پیلاتۆس. 12 ئەو ڕۆژە پیلاتۆس و هیرۆد بوونە هاوڕێ، چونکە پێشتر دوژمنایەتیان هەبوو. 13 پیلاتۆس سەرۆک کاهینەکان و رێبەران و گەلەکەی کۆکردەوە. 14 پێی گوتن: «ئەم مرۆڤەتان هێنا کە خەڵک گومڕا دەکات. ئێستا من، دوای ئەوەی لە بەردەمتاندا لە بابەتەکەم کۆڵیەوە، هیچ تاوانێکم لەم پیاوەدا نەدۆزییەوە لەوەی کە ئێوە پێی تۆمەتبار دەکەن. 15 هەروەها هیرۆدیش هیچ تاوانێکی نەدۆزییەوە،و ناردییەوە بۆ لای ئێمە. سەیرکەن، هیچ شتێکی نەکردووە کە شایەنی مردن بێت. 16 کەواتە قامچی لێدەدەم و وازی لێدەهێنم». 17 وە دەبوو هەموو جەژنێک یەک زیندانییان بۆ ئازاد بکات. 18 بەڵام هەموویان هاواریان کرد: «ئەمە بکوژە و باڕابامان بۆ ئازاد بکە!» 19 کە بە هۆی ئاژاوە و کوشتنەوە خرابووە بەندیخانە. 20 پیلاتۆس جارێکی تر قسەی لەگەڵ کردن، حەزی دەکرد یەشوا ئازاد بکات. 21 هاواریان کرد: «لە خاچی بدە! لە خاچی بدە!» 22 بۆ جاری سێیەم لێی پرسین: «ئەمە چ خراپەیەکی کردووە؟ هیچ تاوانێکم تێدا نەدۆزیەوە کە سزاکەی مردن بێت. قامچی لێدەدەم و وازی لێدەهێنم!» 23 بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد، داوایان لێکرد لە خاچ بدرێت! دەنگەکانیان زاڵ بوو، 24 و پیلاتۆس بڕیاریدا کە داواکارییەکەیان جێبەجێ بکرێت. 25 ئەو کەسەی بە تاوانی ئاژاوە و کوشتن زیندانی کرابوو، و داوایان دەکرد ئازاد بکرێت، بۆی ئازاد کردن. سەبارەت بە یەشوا، پیلاتۆس ڕادەستی ویستی ئەوانی کرد. 26 لە کاتێکدا دەیانبرد (بۆ لە خاچدان)، پیاوێکی خەڵک قیرەوان بوو بە ناوی شیمۆن، کە لە کێڵگەکە دەگەڕایەوە و گرتیان و ناچاریان کرد خاچەکەی هەڵبگرێت. 27 کۆمەلێکی زۆر لە جەماوەر و ژنان شوێنی کەوتن و بۆی دەگریان و دەیانلاواندەوە. 28 یەشوا ڕووی تێکردن و فەرمووی: «کچانی یورشەلایم، بۆ من مەگرین، بەڵکو بۆ خۆتان و بۆ منداڵەکانتان بگرین! 29 سەیرکە ڕۆژانێک دێن کە خەڵک دەڵێن: خۆزگە بەو ژنە نەزۆکانەی کە نە دووگیان بوون و نە شیریان داوە! 30 بە شاخەکان دەڵێن: بڕووخێن بە سەرماندا، بە گردەکان دەڵێن: ئێمە داپۆشن! 31 ئەگەر کاتێ دارەکان سەوزن ئەمانە روو دەدەن، ئەی کاتێ وشک دەبن چی روودەدات؟» 32 هەروەها دوو تاوانبار لەگەڵ یەشوا بۆ کوشتن بردران. 33 کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی کە پێی دەوترێت کاسەسەر، لەوێ لەگەڵ تاوانباران لە خاچیان دا، یەکێکیان لەلای ڕاست و ئەوی دیکەیان لەلای چەپ. 34 یەشوا فەرمووی: «باوکە، لێیان خۆشبە، چونکە نازانن چی دەکەن!» بە تیروپشک جلەکانیان لە نێوان خۆیان دابەش کرد. 35 خەڵکەکە لەوێ وەستابوون و چاودێرییان دەکرد، سەرۆکەکان گاڵتەیان پێدەکرد و دەیانگوت: «ئەو ئەوانی دیکەی ڕزگارکرد! با خۆی ڕزگار بکات، ئەگەر ئەو مەسیحەیە کە خودا هەڵیبژاردووە!» 36 سەربازەکانیش گاڵتەیان پێکرد، هاتنە لای و سرکەیان پێدا، و 37 گوتیان: «ئەگەر تۆ پاشای یەهوودی، خۆت ڕزگار بکە» 38 لە ژوور سەرییەوە نووسراوەیەک هەبوو کە لەسەری نووسرابوو: «ئەمە پاشای یەهوودە ». 39 یەکێک لە تاوانبارە لە خاچ دراوەکان، کوفری پێدەکرد و گوتی: «مەگەر تۆ مەسیحەکە نیت؟ کەواتە خۆت و ئێمە ڕزگار بکە!» 40 بەڵام ئەوی تریان لێی راخوری و گوتی: «ئایا تۆ تەنانەت لە خوداش ناترسی، لە کاتێکدا هەمان سزا دەچێژیت؟» 41 ئێمە سزاکەمان لەبەر ئەوەیە کە پاداشتێکی دادپەروەرانە وەردەگرین لەسەر ئەو کارەی کردوومانە. بەڵام ئەم مرۆڤە، هیچ هەڵەیەکی نەکردووە!» 42 پاشان وتی: «ئەی یەشوا، منت لە بیر بێ کاتێک بە شانشینییەکەتەوە دێیت!» 43 یەشوا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: هەر ئەمڕۆ لەگەڵم دەبیت لە بەهەشتدا!» 44 نزیکەی کاتژمێر شەش (کاتژمێر دوانزەی نیوەڕۆ)، تاریکی بەسەر هەموو زەویدا باڵی کێشا تا کاتژمێری نۆ (کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ). 45 خۆر تاریک بوو، پەردەی پەرستگاکە لە ناوەڕاستەوە دڕا. 46 یەشوا بە دەنگێکی بەرز فەرمووی: «باوکە، گیانم ڕادەستی تۆ دەکەم!» ئینجا ئەمەی فەرموو، گیانی سپارد. 47 بۆیە کاتێک سەرپەلەکە بینی چی ڕوویداوە خودای شکۆمەند کرد و گوتی: بەڕاستی ئەم پیاوە ڕاستودرووست بوو». 48 هەموو ئەو خەڵکەی بۆ ئەم دیمەنە کۆببوونەوە، کاتێک ئەوەیان بینی کە ڕوویدا، بە سنگکوتانەوە دەگەڕانەوە. 49 بەڵام هەموو ناسیاوەکانی و ئەو ژنانەی لە گەلیلییەوە دوای کەوتبوون، لە دوورەوە ڕاوەستابوون و سەیری ئەم رووداوانەیان دەکرد. 50 لە ئەنجوومەنی باڵا کەسێک هەبوو بە ناوی یۆسپ، کەسێکی ڕاستودروست و خوداپەرست بوو، 51 لەگەڵ بڕیاری ئەندامانی ئەنجومەنەکە نەبوو، خەڵکی ڕاما بوو کە یەکێک بوو لە شارەکانی یەهودیا و ئەو یەکێک بوو لەوانەی کە چاوەڕوانی شانشینی خودا بوون. 52 ئینجا هاتە لای پیلاتۆس و داوای تەرمی یەشوای کرد. 53 پاشان (لە خاچ) دایبەزاند و بە کەتان کفنی کرد و لە گۆڕێک کە ( لە تاشەبەرد) هەڵکەندرابوو داینا کە پێشتر کەسی تێدا نەنێژرابوو. 54 ئەو ڕۆژەش ڕۆژی ئامادەکاری بوو بۆ شەبات کە نزیک ببۆوەوە. 55 ئەو ژنانەی لەگەڵ یەشوا لە گەلیلی هاتبوون، شوێن یۆسپ کەوتن و گۆڕەکەیان بینی و تەرمەکەش کە داندرابوو. 56 پاشان گەڕانەوە و بۆن و بەرامەیان ئامادە کرد و بە پێی ڕاسپاردە لە شەباتدا پشوویان دا.