بەشی ١٥

1 من مێوە ڕاستەقینەکەم، باوکیشم ڕەزەوانەکەیە. 2 هەر لقێک لە مندا بەر نەگرێت لێی دەکاتەوە؛ هەر لقێکیش بەر بگرێت پاکی دەکاتەوە تاکو بەرهەمی زیاتر بدات. 3 ئێوە ئێستا پاکن بەهۆی ئەو قسەیەی بۆتانم کرد. 4 لەمن بچەسپێن و منیش لە ئێوە. چونکە لق بەتەنها ناتوانێت بەرهەم بدات ئەگەر بە مێوەکەوە نەچەسپێت، ئێوەش هەروەها، تەنها ئەگەر بە منەوە بچەسپێن. 5 من مێوەکەم و ئێوەش لقەکانن. ئەوەی بە منەوە بچەسپێت و منیش بەوەوە، ئەوا بەرهەمی زۆر دەبێت. چونکە بەبێ من ناتوانن هیچ شتێک بکەن. 6 ئەگەر یەکێک بە منەوە نەچەسپێت وەک لق فڕێدەدرێتە دەرەوە؛ وشک دەبێت و کۆدەکرێتەوە، فڕێدەدرێتە ناو ئاگر و دەسووتێت. 7 ئەگەر بە منەوە بچەسپێن، و وتەکانم لە ناختان بچەسپێت، هەرچییەکتان دەوێت داوای بکەن بۆتان دەبێت. 8 بەمە باوکم شکۆمەند دەبێت: ئەگەرئێوە بەرهەمی زۆربهێنن و بەڕاستی ببنە قوتابی من. 9 وەک باوک خۆشیویستووم، منیش خۆشمویستن، جا بچەسپێن بەخۆشەویستییەکەمەوە. 10 ئەگەر کارتان بە ڕاسپاردەکانم کردو، چەسپان بە خۆشەویستیەکەمەوە، هەروەک من کارم بە ڕاسپاردەکانی باوکم کردووە وچەسپاوم بەخۆشەویستیەکەیەوە! 11 ئەمانەم پێ گوتن تاکو خۆشیی منتان تێدابێت، و خۆشیتان پڕو تەواو بێت. 12 ڕاسپاردەکەم بۆ ئێوە ئەمەیە: یەکتریتان خۆشبوێت وەک من خۆشم ویستن. 13 هیچ کەس خۆشەویستیی لەمە مەزنتری نیە؛ کە یەکێک ژیانی خۆی بۆ دۆستەکانی دابنێت. 14 ئێوە خۆشەویستی منن ئەگەرکاربە ڕاسپاردەکانم بکەن. 15 لەمەودوا بە کۆیلە ناوتان نابەم، چونکە کۆیلە نازانێت گەورەکەی چی دەکات. بەڵام ناوی خۆشەویستانم لێنان چونکە هەموو ئەوانەم پێ گوتن کە لە باوکمەوە بیستبووم. 16 ئێوە منتان هەڵنەبژارد، بەڵکو من ئێوەم هەڵبژارد دەستنیشانم کردن تاکو بڕۆن بەرهەم بهێنن و بەرهەمەکەتان بەردەوام بێت، باوک هەموو ئەمانەتان پێدەدات کە بەناوی من داوای دەکەن. 17 بەمانە ڕاتان دەسپێرم: تاکو یەکتریتان خۆشبوێت. 18 ئەگەر جیهان ڕقی لێتان بێتەوە، ئەوە بزانن پێش ئێوە ڕقی لە من بۆتەوە 19 ئەگەر ئێوە هی جیهان بوونایە، ئەوا جیهان ئەوانەی خۆشدەوێت کە هی خۆین، ئێستا ئێوە هی جیهان نین بەڵام من ئێوەم لە جیهانەوە هەڵبژاردووە، لەبەر ئەوە جیهان ڕقی لێتان دەبێتەوە. 20 بیرتان بێت ئەوەی پێم گوتن: کۆیلە لە گەورەکەی مەزنترنیە. ئەگەر خەڵکی جیهان من بچەوسێنێتەوە، ئێوەش دەچەوسێنتەوە؛ ئەگەرکار بە وتەکانم بکەن، ئەوە کار بە وتەکانی ئێوەش دەکەن. 21 بەڵام هەموو ئەمانەتان پێ دەکەن لەبەر ناوی من، چونکە ئەوە ناناسن کە ناردوومی. 22 ئەگەر نەهاتبام و قسەم بۆ نەکردبان، گوناهیان نەدەبوو؛ بەڵام ئێستا بیانوویان نیە بۆ گوناهەکەیان. 23 ئەوەی ڕقی لە من بێت، ڕقی لە باوکمە. 24 ئەگەر من ئەو کارانەم لە نێوانیاندا نەکردبایە کە کەسیتر نەیکردوە، گوناهیان نەدەبوو. هەرچەندە ئەم کارانەیان بینی. بەڵام ڕقیان لە من و باوکم بوو، 25 ئەمە ڕوویدا تاکو ئەم وتەیە بێتە دی کە لە تەوراتەکەیاندا نووسراوە: بەبێ هۆ ڕقیان لێم بووەوە! 26 کاتێک یارمەتیدەرەکە دێت، ئەوەی من لە لایەن باوکەوە بۆتان دەنێرم، گیانی ڕاستی کە لە باوکەوە هەڵقوڵاوە، شایەتیم بۆ دەدات، 27 ئێوەش شایەتیم بۆ دەدەن، چونکە لە سەرەتاوە لەگەڵم بوون.