بەشی ١٤

1 « با دڵەڕاوکێتان نەبێت. ئێوە باوەڕتان بە خودایە، هەروەها باوەڕ بە من بکەن. 2 لە ماڵی باوکم ژوری زۆر هەیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم. 3 پاش ڕۆیشتنم شوێنتان بۆ ئامادە دەکەم، و دەگەڕێمەوە لاتان و دەتانبەمە لای خۆم، تاکو ئێوەش لەو شوێنە بن کە من لێی دەبم. 4 ئێوە دەزانن من بۆ کوێ دەچم و ڕێگاکەش دەزانن». 5 تۆما پێی گوت: «گەورەم، نازانین بۆ کوێ دەچیت، چۆن ڕێگاکە بزانین؟» 6 یەشوا وەڵامی دایەوە: «من ئەوم ڕێگاکە و ڕاستیەکە و ژیانەکە. کەس نایەتە لای باوک بە من نەبێت. 7 ئەگەر ئێوە منتان ناسیبێت، ئەوا باوکمتان ناسیوە. لە ئێستاوە ناسیوتانە و بینیوتانە». 8 فیلیپۆس پێی گوت: «گەورەم، باوکمان پیشان بدە و بەسمانە!» 9 یەشوا وەڵامی دایەوە: «لەدوای ئەم ماوە دوورو درێژە لەگەڵتانم تائێستا نەتناسیوم ئەی فلیپۆس؟ ئەوەی منی بینیوە باوکی بینیوە، ئیتر چۆن دەڵێیت: باوکمان پیشان بدە؟ 10 ئایا باوەڕ ناکەی من لە باوکدام، و باوکیش لە مندایە؟ ئەو قسانەی پێتانی دەڵێم لە خۆمەوە نایڵێم، بەڵکو ئەو باوکەی لە مندایە، ئەو کارەکان دەکات. 11 باوەڕم پێ بکەن من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە، ئەگەرنا بەهۆی ئەم کارانەوە باوەڕم پێبکەن. 12 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕ بە من بهێنێت ئەو کارانە دەکات کە من دەیکەم، لەمانەش مەزنتر دەکات، چونکە دەچم بۆ لای باوک. 13 هەرچییەک بە ناوی منەوە داوا بکەن بۆتانی دەکەم، تاکو باوک لە ڕۆڵەکەدا شکۆمەند ببێت. 14 ئەگەر شتێکتان بە ناوی منەوە داوا کرد، ئەوە من دەیکەم. 15 ئەگەر ئێوە منتان خۆشدەوێت کار بە ڕاسپاردەکانم بکەن. 16 من داوا لە باوک دەکەم یارمەتیدەرێکی دیکەتان بداتێ تاهەتایە لەگەڵتان بمێنێتەوە، 17 گیانی ڕاستیە، کە جیهان ناتوانێت وەریبگرێت، چونکە نایبینێت و نایناسێت. بەڵام ئێوە دەیناسن، چونکە لەنێوانتان دەبێت و لەناوتان دەبێت. 18 بە هەتیوی بەجێتان ناهێڵیم، بەڵکو دەگەڕێمەوە لاتان. 19 پاش ماوەیەکی کەم جیهان نامبینێت. بەڵام ئێوە دەمبینن. لەبەر ئەوەی من زیندووم، ئێوەش زیندوو دەبنەوە. 20 لەو ڕۆژەدا دەزانن من لە ناو باوکمدام، ئێوە لە ناو مندان، وە من لەناو ئێوەدام. 21 ئەوەی ڕاسپاردەکانی منی، لەلایە و کاریان پێ دەکات، ئەوا منی خۆشدەوێت. ئەوەی منی خۆشبوێت، باوکمی خۆشدەوێت، وە من خۆشمدەوێت و خۆمی بۆ دەردەخەم». 22 ئینجا یەهودایەکی دیکە، کە یەهودای ئیسخاریۆتی نەبوو، لێی پرسی: «گەورەم، بۆچی ئەتەوێ خۆت بۆ ئێمە دەربخەیت بەڵام بۆ جیهان نا؟» 23 یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئەوەی منی خۆشبوێت، کار بە وتەکانم دەکات، باوکم خۆشیدەوێت، و من و باوک دێینە لای و لەلای ئەو نیشتەجێ دەبیین. 24 ئەوەش کە منی خۆشناوێت کار بە وتەکانم ناکات. ئەم وتانەی گوێتان لێی دەبێت هی من نیە، بەڵکو هی ئەو باوکەیە کە ناردوومی، 25 من ئەم شتانەم پێگوتن کە هێشتا لەلاتانم. 26 بەڵام یارمەتیدەرەکە، گیانی پیرۆز، ئەوەی باوک بە ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێکتان فێردەکات، و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون بیرتان دەهێنێتەوە. 27 ئاشتیتان بۆ بەجێدەهێڵم. ئاشتی خۆمتان دەدەمێ. ئەوەی جیهان ناتانداتێ من دەتان دەمێ. دڵتان نەلەرزێ، و مەترسن. 28 گوێتان لێبوو من پێم گوتن: دەڕۆم لە لاتان و پاشان دەگەڕێمەوە لاتان. ئەگەر منتان خۆشبوێ، دڵشاد دەبن کە دەچمە لای باوک، چونکە باوک لە من مەزنترە. 29 ئەوەتا ئێستا پێش ڕوودانی پێم گوتن، تاکو کاتێک ڕوویدا باوەڕ بهێنن. 30 لەمەولا زۆر قسەتان لەگەڵ ناکەم، چونکە سەرۆکی ئەم جیهانە وا دێت، هیچ دەسەڵاتێکی بەسەر مندا نیە. 31 بەڵام ئەو دێت تاکو جیهان بزانێت باوکم خۆشدەوێت، و بەو شێوەیە کار دەکەم کە باوک ڕایسپاردووم. هەستن! با لێرە بڕۆین!