بەشی٢

1 بەڵام، وەک چۆن لەکۆندا لەناو گەلدا پێغەمبەری درۆزن هەبوون، بە هەمان شێوە مامۆستای درۆزن لە نێو ئێوەدا دەبن. ئەمانە بەنهێنی داهێنراوی لەناوبەر بڵاودەکەنەوە و نکۆڵی لەو گەورەیه دەکەن کە بۆ خۆی کڕینیەوە. بەم شێوەیە لەناوچوونی خێرا، بەسەر خۆیاندا دەهێنن. 2 زۆرێک بە دوای بەدرەوشتییەکانی ئەواندا دەڕۆن. بەهۆی ئەوانەوە سووکایەتی بە ڕێگا ڕاستییەکە دەکرێت. 3 بە مەبەستی چاوچنۆکی، بە قسەی شێواو و دەستکرد بازرگانیتان پێوە دەکەن وەک ڕابردوو. بەڵام پێشتر بڕیاریان لە سەر دراوە و لەناوچوونیان دواناکەوێت. 4 چونکە خودا بەزەیی بەو فریشتانەدا نەهاتەوە کە گوناهیان کرد، بەڵکو فڕێیدانە قووڵایی تاریکی و لەوێ بە زنجیر بەسترانەوە، تا ڕۆژی لێپرسینەوە بەبەند کراوی دەمێننەوە. 5 بە هەمان شێوە بەزەیی نەهاتەوە بە جیهانی کۆن کاتێک لافاوەکەی بەسەر جیهانی بێباوەڕەکاندا هێنا، بەڵکو نواخی پاراست کە بانگەشەی ڕاستودروستی و دادپەروەری خودای دەکرد. نواخ یەکێک بوو لەو هەشت کەسەی لە لافاوەکە ڕزگاریان بوو. 6 کاتێک خودا شارەکانی سۆدۆم و عەمۆرای وێران کرد، کردی بە خۆڵەمێش، و کردنی بە پەند بۆ ئەوانەی ژیانێکی بەدڕەوشتانە دەژیان. 7 بەڵام ( لووت) ی ڕاستودروستی ڕزگار کرد کە زۆر دڵتەنگ بوو بە ڕەفتاری لەشفرۆشی خەڵکی خراپەکاری سەردەمی خۆی. 8 لە کاتێکدا لە نێوانیاندا دەژیا، و پیاوێکی ڕاستو دروست بوو، ناخی پاکی ڕۆژانە ئازاری دەچێژت بەهۆی تاوانەکانیانەوە، کە دەیبینی یان دەیبیست. 9 بەم شێوەیە دەبینین کە پەروەردگار دەزانێت چۆن خۆپارێزەکان لە نەهامەتی ڕزگار بکات، و خراپەکاران لە زیندان بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی بڕیاریان لەسەر بدات و سزایان بدات لە ڕۆژی بڕیاردان. 10 سزاکە چەند سەختە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە مەیلی جەستەییان هەڵگرتوە و وەڵامی هەوەسی گڵاو دەدەنەوە و سوکایەتی بە سەروەری خودا دەکەن! چەندە بێ ڕەوشتن، سەرسامن بەخۆیان، ناترسن لە قسەی جنێو و سوکایەتی بەرامبەر ئەوانەی شکۆمەندکراون. 11 لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت، فریشتەکانیش کە لەوان بە هێزتر و توانادارترن، هیچ تۆمەتێکی ناڕەوا ناهێننە بەردەم پەروەردگار. 12 بەڕاستی ئەم مامۆستا درۆزنانە قسەی گاڵتەجاڕی لە بابەتگەلێک دەکەن کە خۆشیان لێی نازانن، وەک ئاژەڵی دڕندەی ناژیر وان، لەو ئاژەڵانە دەچن کە مرۆڤ ڕاویان دەکەن دەیان کوژن. بە دڵنیاییەوە دەبێ بەو شێوەیە لەناو بچن. 13 لەناوچوونیان پاداشتی ئەو تاوانانەیە کە کردوویانە. ئەوان زۆر ئارەزووی ئەوە دەکەن لە ڕۆژی ڕووناکدا خۆیان بە چێژە خراپەکانەوە سەرقاڵ بکەن. ئەوان پیس و خراپە کارن. هەوڵ دەدەن فریوتان بدەن بۆیە لە هەموو شتێکدا بەشدار دەبن لەگەڵتان. 14 چاوەکانیان تەنها نیگای داوێنپیسی دەبینن و لە گوناهه تێر نابن. چەند گیانی لاواز دەکەونە تەڵەکانیانەوە! بەڵام دڵەکانیان، بە هەوەسبازی و چاوچنۆکی ڕاهێنراون. ئەمان بەڕاستی ڕۆڵەی نەفرەتن! 15 کاتێک لە ڕێگا ڕاستەکە لایاندا، گومڕابوون. ئەوان لەسەر ڕێگای بەلعامی کوڕی باعور دەڕۆن، کە زۆر حەزی لە وەرگرتنی پارە بوو وەک پاداشتی گوناهەکەی. 16 بەڵام سەرزەنشت کرا لەسەر ئەم سەرپێچییەی کە ئەنجامیدا. چونکە گوێدرێژە بێزمانەکە بەدەنگی مرۆڤانە قسەی کرد، سنوری بۆ گەمژەیی ئەو پێغەمبەرە دانا! 17 ئەوانە وەک کانی بێ ئاون، هەورن بە گەردەلوول دەڕۆن. ئەوپەڕی تاریکی هەتاهەتاییان بۆ هەڵگیراوە! 18 چونکە بە قسەی گەورە و پووچ دەدوێن، هاندراون بە ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی و بە بەڕەڵایی، ئەوانەش هەڵ دەخەڵەتێنن کە تازە هەڵاتوون لە دەست ئەوانەی لە تاریکی و گومڕاییدا دەژین. 19 بەڵێنی ئازادییان پێدەدەن، کەچی خۆیان کۆیلەی گەندەڵین! چونکە مرۆڤ کۆیلەی هەر شتێکە کە بەسەریدا زاڵ بێت. 20 بۆ ئەوانەی دوای ناسینی یەشوای مەسیحی پەروەردگار و ڕزگارکەر، لە پیسی دونیا هەڵدێن، ئینجا دەگەڕێنەوە و تێوەی دەگلێنەوە، ئەو پیسییانە کە بەسەریاندا زاڵ دەبێت، کۆتاییان لە سەرەتاکانیان خراپتر دەبێت. 21 لەڕاستیدا، باشتربوو بۆ ئەوان ڕێگای ڕاستودروستییان نەزانیبا، لەوەی کە بیزانن و پاشان لەو ڕاسپاردە پیرۆزە هەڵگەڕێنەوە کە ڕادەستیان کرا. 22 ئەو پەندە ڕاستەیان لەسەر جێ بەجێ دەبێت : «سەگ گەڕایەوە سەر ڕشانەوەکەی، بەرازی شۆردراو گەڕایەوە ناو چڵکاو!»