بەشی١

1 لە شیمۆن پەترۆ، خزمەتکاری نێردراوی یەشوای مەسیح، بۆ ئەوانەی کە هاوبەشمانن لە یەک باوەڕی بەهاداردا کە هەموومان بە یەکسانی بە دەستی دەهێنین بە ڕاستودروستیەکەی خودای ڕزگارکەرمان یەشوای مەسیح! 2 با بەخشش و ئاشتی زیاترتان لەگەڵتان بێت بە فراوانی زانیاری خودا و یەشوای پەروەردگارمان! 3 خودا، بە هێزی خۆی هەموو شتێکی پێبەخشیوین کە پێویستمانە بۆ ژیانێکی خواپەرستانە بە ناسینی مەسیح ئەوەی بانگی کردین بۆ شکۆمەندی چاکەکانی، 4 لەو ڕێگەیەوە خودا بەرەکەتە مەزنە بەنرخەکانی خۆی پێبەخشین کە بەڵێنی دابوو. بەم شێوەیە دەتوانن ڕزگارتان بێت لەو گەندەڵییە و هەوەسبازییەی کە جیهان بڵاوی دەکاتەوە، بە بەشدار بوون لە رێسا خوداییەکەی. 5 لەبەر ئەمەش دەبێت، هەموو هەوڵ و تێکۆشانتان لە جێبەجێ کردنی باوەڕتان جالاک بکەن کە بەرەو چاکەتان دەبات. بە دەستگرتن بە چاکەوە لە زانیاریدا پێشدەکەون، 6 لە زانیاریشدا دانبەخۆداگرتن، لەدانبەخۆداگرتندا ئارامی و خۆپارێزی. 7 لە خۆپارێزی سۆزی برایانە، لە سۆزی برایانە خۆشەویستی. 8 کاتێک ئەم خووە باشانە لە ناوتاندابێت، و زیاد بکات، واتان لێدەکات زیاتر بەرهەمدارببن لە ناسینی یەشوای مەسیحی پەروەرڕگارمان. 9 بەڵام ئەوەی خاوەنی ئەو ڕەفتارانە بێت، لەڕووی گیانییەوە کوێرە. کورت بینە، لە بیری چووە کە لە گوناهە کۆنەکانی پاک بۆتەوە! 10 باشترە بۆتان برایان تێبکۆشن تا بە کردار بیسەلمێنن کە خودا بەڕاستی بانگی کردوون و هەڵیبژاردوون. ئەگەر ئەم کارە بکەن هەرگیز ناکەون! 11 بەم شێوەیە خودا دەرگای فراوانتان بۆ دەکاتەوە بۆ چونە ناو شانشینە هەتاهەتاییەکەی، شانشینی پەروەردگار و ڕزگارکەرمان یەشوای مەسیح. 12 بۆیە دەمەوێت بەردەوام ئەم شتانەتان بەبیر بهێنمەوە، هەرچەندە دەیانزانن، و لەو ڕاستییە چەسپاون کە لاتانە . 13 تا لەم چادری لاشەیەم دابم، ئەرکی خۆمە بەبیرتان بهێنمەوە. 14 چونکە دەزانم بە زوویی ئەم چادری لاشەیەم بەجێدەهێڵم، هەروەک چۆن یەشوای مەسیحی پەروەردگارمان بۆی دەرخستم. 15 بۆیە تێدەکۆشم لەبیرهێنانەوەی ئەم شتانە تاکو دوای ژیان ئاواییم هەردەم ئەم شتانەتان بە بیربێتەوە. 16 کاتێک باسمان لە توانادارێتی پەروەردگارمان یەشوای مەسیح و گەڕانەوەی شکۆمەندانەکەی کرد، ئێمە لە ئەفسانەی دروستکراوی لێهاتویی خۆمان نەمان هێناوە. بەڵکو، وەک شایەتحاڵی بینینی گەوەرەیی مەسیح قسەمان کرد. 17 چونکە لە خودای باوکەوە ڕێزو و شکۆمەندی وەرگرتووە، کاتێک لە شکۆمەندییەکی بێ وێنەدا دەنگێک بۆی هات و فەرمووی: «ئەمە ڕۆڵەی خۆشەویستمە کە پێی دڵشادم!» 18 ئێمە خۆمان گوێمان لەو دەنگە بوو کە لە ئاسمانەوە هات کاتێک لەگەڵیدا بووین لەسەر چیای پیرۆز. 19 بەم شێوەیە، وشەی پێغەمبەرایەتی لە نێو ئێمەدا جێگیرتر بوو. چاک دەکەن ئەگەر لە دڵتاندا گرنگی بەم وشەیە بدەن. چونکە وەک چرایەک وایە لە شوێنێکی تاریکدا بدرەوشێتەوە، تا ڕۆژ هەڵدێت و هەسارەی بەیانی دەردەکەوێت. 20 بەڵام، پێش هەموو شتێک، ئەوە بزانن کە هەموو پێشبینییەک کە لە پەرتوکەکەدا هاتووە، ڕاڤە ناکرێت بە کۆششی تایبەت. 21 چونکە هیچ پێشبینییەک بە ویستی مرۆڤ نەهاتووە، بەڵکو هەموو پیاوە پیرۆزەکانی خودا سرووشی گیانە پیرۆزەکە پاڵنەریان بووە.