بەشی ٩

1 پاشان یەشوا سواری بەلەمەکە بوو، و لە دەریاچەکە گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی (کەفەرناخوم)، 2 کەسێکی ئیفلیجیان هێنایە لای لەناو جێگادا کەوتبوو. کاتێک یەشوا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم! دڵنیابە گوناهەکانت بەخشران» 3 جا هەندێک لە مامۆستایانی تەورات لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «ئەمە کوفر دەکات!» 4 یەشواش زانی بیر لە چی دەکەنەوە و فەرمووی: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لە خراپە دەکەنەوە؟ 5 کامیان ئاسانترە: بگوترێت: گوناهەکانت بەخشران، یان بگوترێت: هەستە و بڕۆ؟ 6 بەڵام (ئەمەم گوت) بۆ ئەوەی بزانن کە ڕۆڵەی مرۆڤ دەسەڵاتی لەسەر زەوی هەیە بۆ لێخۆشبوون لە گوناهەکان». پاشان بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «هەستە نوێنەکەت هەڵبگرە، و بڕۆ ماڵەوە!» 7 بۆیە هەستا و چۆوە ماڵی خۆی. 8 کاتێک خەڵکەکە ئەمەیان بینی، سام دایگرتن، و ستایشی خودایان کرد کە دەسەڵاتی ئاوای بە خەڵکداوە. 9 کاتێک یەشوا بەلای فەرمانگەی وەرگرتنی باجدا تێدەپەڕی، باج وەرگرێکی بینی بە ناوی مەتا لەوێ دانیشتبوو. پێی فەرموو: «شوێنم بکەوە!» بۆیە هەستا و بەدوایدا ڕۆیشت. 10 لە کاتێکدا یەشوا لە ماڵی مەتا پاڵیدابۆوە، زۆرێک لە باجگرەکان و گوناهبارەکان هاتن و لەگەڵ یەشوا و قوتابییەکانی دانیشتن، 11 کاتێک فەریسییەکان ئەمەیان بینی، بە قوتابییەکانیان گوت: «بۆچی مامۆستاکەتان لەگەڵ باجگران و گوناهباران نان دەخوات؟» 12 کاتێک یەشوا گوێی لە قسەکانیان بوو، فەرمووی: لەش ساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش! 13 بڕۆ مانای ئەو وتەیە فێربە: من بەدوای بەزەیدا دەگەڕێم نەک قوربانی. چونکە من نەهاتووم بانگی ڕاستودروستەکان بکەم بەڵکو گوناهباران! » 14 پاشان قوتابییەکانی یۆخەنان هاتنە لای یەشوا و لێیان پرسی: «بۆچی ئێمە و فەریسییەکان بەڕۆژوو دەبین، بەڵام قوتابییەکانت بەڕۆژوو نابن؟» 15 یەشوا پێی فەرموون: «ئایا کەسانی زاوا دەتوانن ماتەمینی بگێڕێن لەکاتێکدا زاوا لەگەڵیاندایە؟ بەڵام، ڕۆژانێک دێن کە زاوا هەڵدەگیرێت لەنێوانیان، و ئەوکاتە بەڕۆژوو دەبن! 16 کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە تازەیە پینە ناکات، چونکە پینەکە کراسەکە لێک ڕادەکێشێت، و دڕاوییەکە خراپتر دەکات! 17 خەڵک شەرابی نوێ ناکەنە ناو پێستەی شەرابی کۆن؛ ئەگەرنا پێستەکان دەتەقن، و شەرابەکە دەڕژێت و پێستەکان لەناو دەبەن، بەڵام شەرابی نوێ دەخەنە ناو پێستی نوێ، بۆیە شەرابەکە و پێستەکان پێکەوە دەپارێزێت!» 18 کاتێک ئەو ئەمەی دەفەرموو، بینی سەرۆکی کەنییشتەکە هاتە پێشەوە و کڕنۆشی بۆبرد و گوتی. 19 «کچەکەم ئێستا مردووە. بەڵام وەرە دەستی لێبدە زیندوو دەبێتەوە» بۆیە یەشوا هەستا و بەدوایدا ڕۆیشت، لەگەڵ قوتابییەکانی. 20 ژنێک کە دوازدە ساڵ خوێن بەربوونی هەبوو، لە دواوە هاتە لای، و دەستی لە لێواری کەواکەیدا، 21 چونکە لە دڵی خۆیدا وتی: «بەسە بۆ من دەست لە جلەکانیشی بدەم بۆ ئەوەی چاک ببمەوە!» 22 یەشوا ئاوڕی دایەوە و بینی، و فەرمووی: «کچەکەم دڵنیابە. باوەڕەکەت چاکی کردیتەوە!» ژنەکەش لەو کاتەدا چاک بۆوە. 23 کاتێک یەشوا چووە ماڵی پێشەوای کەنیشتەکە، و خەڵکەکەی بینی بە شمشاڵ لێدان ماتەمیان دەگێڕا، 24 فەرمووی: «لاچن! کچەکە نەمردووە، بەڵکو خەوتووە!» ئەوانیش پێی پێکەنین. 25 کاتێک خەڵکەکەی ناردە دەرەوە، چووە ژوورەوە و دەستی کچەکەی گرت، و هەڵیستاندەوە. 26 ئەم هەواڵەش بە هەموو وڵاتدا بڵاوبۆوە. 27 کاتێک یەشوا لەوێوە دەڕۆیشت، دوو کوێر بەدوایدا ڕۆیشتن و هاواریان دەکرد: «بەزەییت پێماندا بێتەوە کوڕی داڤید!» 28 کاتێک چووە ناو ماڵەکە لێیان چۆپێش. یەشوا لێی پرسین: «باوەڕتان وایە کە من دەتوانم ئەمە بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ گەورەم!» 29 دەستی لە چاوەکانیاندا و فەرمووی: «بەپێی باوەڕتان بۆتان دەکرێت.» 30 پاشان چاویان کرایەوە. یەشواش بە توندی ئاگاداری کردنەوە و فەرمووی: «ئاگاداربن! بەهیچ کەس مەڵێن!» 31 بەڵام چوون و ناوبانگی ئەویان بە هەموو ئەو وڵاتەدا بڵاوکردەوە. 32 کاتێک ڕۆیشتن، یەکێکی لاڵیان هێنایە لای کە خێوی تێدا بوو. 33 کاتێک خێوەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. جەماوەرەکە سەریان سوڕما و گوتیان: «هەرگیز لە یەسرائیل شتێکی لەم شێوەیە نەبینراوە». 34 بەڵام فەریسییەکان گوتیان: «ئەو خێوەکان بە سەرۆکی خێوەکان دەردەکات! » 35 یەشوا بە هەموو شار و گوندەکاندا دەگەڕا، و لە کەنیشتی یەهودیەکان فێرکاری دەکرد و مزگێنی شانشینەکەی دەدا، و هەموو نەخۆشی و دەردەکانی چاک دەکردەوە. 36 کاتێک خەڵکەکەی بینی، بەزەیی پێیاندا هاتەوە، چونکە ئازاردراو پەرتەوازە بوون وەک مەڕی بێ شوان. 37 لەو کاتەدا بە قوتابییەکانی فەرموو: «دروێنە زۆرە، کرێکارەکانیش کەمن. 38 جا داوا لە پەروەردگاری دروێنە بکەن کە کرێکاران بنێرێت بۆ دروێنەکردنی!»