بەشی ٤

1 پاشان یەشوا بە گیان بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن شەیتانەوە تاقی بکرێتەوە. 2 دوای ئەوەی کە چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوو برسی بوو، 3 تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش و پێی گوت: «ئەگەر تۆ ڕۆڵەی خودایت، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان!» 4 وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: مرۆڤ تەنها بە نان ناژی، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خودا دەردەچێت!» 5 ئینجا شەیتان بردییە شارە پیرۆزەکە، و لەسەر لێواری سەربانی پەرستگا ڕایگرت، 6 پێی گوت: «ئەگەر تۆ ڕۆڵەی خودایت، خۆت هەڵبدە خوارەوە، لەبەر ئەوەی نووسراوە: سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، لەسەر دەستیان هەڵتبگرن تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت!» 7 یەشوا پێی فەرموو: «هەروەها نووسراوە: پەروەردگاری خودات تاقی مەکەرەوە!» 8 دیسان شەیتان بۆ سەر لوتکەی شاخێکی زۆر بڵندی برد، و هەموو شانشینەکانی جیهان و مەزنایەتی ئەوانی پیشاندا، 9 پێی گوت: «هەموو ئەمانە ئەدەم بە تۆ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی!» 10 ئینجا یەشوا پێی فەرموو: «بڕۆ ئەی شەیتان! چونکە نووسراوە: کڕنۆش بۆ پەروەردگاری خودات دەبەیت، وە تەنها ئەو دەپەرستیت!» 11 ئیتر شەیتان وازی لێ هێنا، وە چەند فریشتەیەک هاتن و خزمەتیان دەکرد. 12 کاتێک یەشوا بیستی یۆخەنان گیراوە، گەڕایەوە بۆ ناوچەی گەلیلی. 13 ناسیرەی بەجێهێشت، و هات لە شاری کەفەرناخوم نیشتەجێ بوو، کە لەسەر دەریاچەیە لە سنووری زەڤولون و نەفتالیم، 14 تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتەدی: 15 «خاکی زەڤولون و خاکی نەفتالیم، لە سەر ڕێگای ڕووباری ئەودیوی ئەردەن، وڵاتی گەلیلی، کە خەڵکی بێگانە تێیدا نیشتەجێن، 16 ئەو گەلەی لە تاریکیدا نیشتەجێیە، ڕووناکییەکی مەزنی بینی، دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ، ڕووناکی بەسەریاندا هەڵهات!» 17 لەو کاتەوە یەشوا دەستی بە مزگێنیدان کرد و فەرمووی: «پاشگەز ببنەوە، چونکە شانشینی ئاسمانەکان نزیک بۆتەوە!» 18 کاتێک یەشوا بە کەناری دەریاچەی گەلیلیدا دەڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن کە پێی دەگوترا پەترۆ لەگەڵ ئاندریا برای، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون. 19 پێی فەرموون: «وەرن شوێنم بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ!» 20 دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و شوێنی کەوتن. 21 کە لەوێ ڕۆیشت دوو برای دیکەی بینی، یاکۆڤی کوڕی زەڤدی و یۆخەنای برای، لە بەلەمێکدا لەگەڵ زەڤدی باوکیان تۆڕەکانیان چاک دەکردەوە، ئەوانیشی بانگکرد. 22 دەستبەجێ بەلەمەکە و باوکیان بەجێهێشت، و شوێنی کەوتن. 23 ئینجا یەشوا بە هەموو گەلیلیدا دەگەڕا، لە کەنیشتی یەهودییەکان خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی شانشینەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و دەردی نێو خەڵک هەبوو چاکی دەکردنەوە، 24 لەبەر ئەوە دەنگوباسی بە تەواوی سوریادا بڵاو بۆوە. ئەوانیش هەموو نەخۆشێکیان دەهێنایە لای بە جۆرەها دەرد و ئازارەوە، ئەوانەی خێویان تێدابوو، فێدار، و ئیفلیج ، چاکی دەکردنەوە. 25 خەڵکێکی زۆر لە گەلیلی، و دە شارەکە، و یۆرشەلایم، و یەهودیا، و پشتی ئەردەن شوێنی کەوتن.