بەشی ٢٦

1 کاتێک یەشوا هەموو ئەم فەرمایشتانەی تەواو کرد، بە قوتابییەکانی فەرموو: 2 «دەزانن دوای دوو ڕۆژ پەسخە دێت، ڕۆڵەی مرۆڤیش بە دەستەوە دەدرێت بۆ لە خاچدان». 3 پاشان سەرۆک کاهینەکان و پیرانی گەل لە ماڵی سەرۆک کاهین کە پێی دەگوترا کیافا کۆبوونەوە، 4 وە پیلانیان دانا بە فێڵێک یەشوا بگرن و بیکوژن. 5 بەڵام ئەوان گوتیان: «لە جەژندا ئەمە ناکەین، نەک ئاژاوە لە نێوان گەلدا دروست بێت!» 6 کاتێک یەشوا لەگەڵ شیمۆنی گول لە بێت ئەنیا بوو، 7 ژنێک بە شوشەیەک بۆنی خۆشی گرانبەهاوە هاتە لای، لە کاتێکدا کە پاڵی دابۆوە بەسەر سەریدا ڕشتی. 8 قوتابییەکانی ناڕازی بوون کاتێک ئەمەیان بینی، و گوتیان: «ئەم زیادەڕەوییە بۆچی؟ 9 دەکرا ئەم بۆنە بە پارەیەکی زۆر بفرۆشرایە، پارەکەی بدرایە بە هەژاران؟» 10 کاتێک یەشوا ئەمەی زانی، پێی فەرموون: «بۆچی ئەم ژنە هەراسان دەکەن؟ ئەوەی کردی بۆ من کارێکی باش بوو. 11 چونکە هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن؛ بەڵام من هەموو کاتێک لەگەڵتان نابم. 12 چونکە کاتێک بۆنەکەی بەسەر جەستەمدا ڕشت، وەک ئامادەکارییەک بوو بۆ ناشتنم. 13 ڕاستیتان پێدەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، یادی ئەوەش دەکرێتەوە، کە ئەم ژنە کردوویەتی». 14 یەکێک لە دوازدەکە، کە بە یەهودای ئیسخاریۆتی بانگ دەکرا، چووە لای سەرۆک کاهینەکان، 15 وتی: «چەندم پێدەدەیت تا ڕادەستی ئێوەی بکەم؟» سی پارچە زیویان پێدا. 16 لەو کاتەوە، یەهودا چاوەڕێی هەلێکی دەکرد بۆ بەدەستەوەدانی. 17 لە ڕۆژی یەکەمی ڕۆژانی فەتیرەدا، قوتابییەکان هاتنە لای یەشوا و لێیان پرسی: « دەتەوێ لەکوێ ئامادەکاریت بۆ بکەین تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟» 18 وەڵامی دانەوە: «بڕۆنە ناو شارەکە و بچنە لای فڵان کەس و پێی بڵێن: مامۆستا دەڵێت کاتەکەم نزیکە، ​​دەبێت لەلای تۆ لەگەڵ قوتابییەکانم پەسخە بکەم». 19 قوتابییەکان وەک یەشوا فەرمانی پێکردن کردیان، و جەژنی پەسخەیان لەوێ ئامادە کرد. 20 لای ئێوارە لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە دانیشت. 21 کاتێک نانیان دەخوارد، فەرمووی: «ڕاستیتان پێدەڵێم: یەکێک لە ئێوە بە گرتنم دەدات». 22 بۆیە زۆر دڵتەنگ بوون، و هەریەکەیان پرسیاریان لێکرد: «ئەی پەروەردگار ئایا منم؟» 23 وەڵامی دایەوە: «ئەوەی لەگەڵم دەست دەخاتە ناو قاپەکە ئەوەیە کە بەگرتنم دەدات. 24 ڕۆڵەی مرۆڤ دەبێت بڕوات وەک ئەوەی دەربارەی نووسراوە، بەڵام هاوار بە ئەو پیاوەی کە بە دەستی ئەو ڕۆڵەی مرۆڤ بەگرتن دەدرێت. باشتر بوو بۆ ئەو پیاوە ئەگەر لەدایک نەبووایە!» 25 ئینجا یەهودا کە ناپاکی لێکرد لێی پرسی: «مامۆستا ئایا من ئەوم؟» لە وەڵامدا فەرمووی: «تۆ وتت! » 26 لە کاتی نان خواردندا، یەشوا نانێکی هەڵگرت، و بەرەکەتداری کرد، و شکاندی و دایی بە قوتابییەکانی و فەرمووی: «وەریگرن، بیخۆن: ئەمە جەستەی منە!» 27 پاشان جامەکەی هەڵگرت، و سوپاسی کرد، پێیدان و پێی فەرموون: «هەمووتان لێی بخۆنەوە. 28 چونکە ئەمە خوێنی منە کە بۆ پەیمانی نوێیە کە لە پێناو زۆرینەدا دەڕێژرێت بۆ لێخۆشبوونی گوناهەکان. 29 بەڵام پێتان دەڵێم: چیتر لەم بەرهەمی ترێیە ناخۆمەوە تا ئەو ڕۆژە دێت کە لە شانیشینی باوکمدا بە تازەیی لە گەڵتان دەیخۆمەوە». 30 پاشان پەسنیان گوت و، چوونە دەرەوە بۆ شاخی زەیتوون. 31 ئینجا یەشوا پێی فەرموون: «ئەمشەو لە هەمووتان بەد گومان دەبن. چونکە نووسراوە: لە شوانەکە دەدەم، مەڕەکانی مێگەلەکە پەرتەوازە دەبن. 32 بەڵام دوای هەستانەوەم پێش ئێوە دەچمە گەلیلی». 33 پەترۆ وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەگەر هەمووان گومانت لێبکەن، من هەرگیز گومان ناکەم!» 34 یەشوا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێدەڵێم: ئەمشەو، پێش خوێندنی کەڵەشێر، سێ جار نکۆڵی لە من دەکەیت!» 35 پەترۆ پێی گوت: «تەنانەت ئەگەر لەگەڵیشت بمرم، هەرگیز نکۆڵیت لێ ناکەم!» هەموو قوتابییەکانی هەمان شتیان گوت. 36 پاشان یەشوا و قوتابییەکانی چوونە باخچەیەک بە ناوی گێتسمانی، و پێی فەرموون: «لێرە دابنیشن تا من دەچمە ئەوێ و نزا دەکەم». 37 پەترۆ و دوو کوڕەکەی زەڤدی برد و هەستی بە خەم و پەژارە کرد. 38 پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم خەریکە بمرم! لێرە بمێننەوە و بە ئاگابن لەگەڵم!» 39 کەمێک لێیان دوورتر کەوتەوە و بەسەر ڕوودا کەوت و نزای کرد، و فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەکرێت، با ئەم جامەم لێ تێپەڕێت: بەڵام، نەک وەک ئەوەی من دەمەوێت، بەڵکو وەک ئەوەی تۆ دەتەوێت!» 40 ئینجا گەڕایەوە بۆ لای قوتابییەکانی بینی نوستوون، بە پەترۆی فەرموو: «بەم شێوەیە نەتانتوانی بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لەگەڵمدا بە ئاگابن؟ 41 بە ئاگابن و نزا بکەن تا نەچنە نێو تاقیکردنەوە. گیان چالاکە؛ بەڵام جەستە لاوازە». 42 دووبارە چوو بۆ نزا کردن و فەرمووی: «باوکە، ئەگەر نابێت ئەم جامەم لێ تێپەڕێنیت تا نەیخۆمەوە، ئەوا با بەویستی تۆ بێت!» 43 کاتێک گەڕایەوە بۆ لای قوتابییەکانی، بینی نوستوون چونکە خەو چاوەکانیانی قورس کردبوون. 44 جا وازی لێ هێنان، و بۆ جاری سێهەم نزای کرد، و هەمان وشەکانی دووبارە کردەوە. 45 پاشان گەڕایەوە بۆ لای قوتابییەکانی و فەرمووی: «ئێستا بخەون و پشوو بدەن! کاتەکە هات، ڕۆڵەی مرۆڤ دەدرێتە دەستی گوناهباران. 46 هەستن با بڕۆین! ئەوەتا ئەوەی بەگرتنم دەدات نزیک بۆتەوە.» 47 کاتێک هێشتا قسەی دەکرد، یەهودا، یەکێک لە دوازدەکە، گەیشتە لای و لەگەڵ خەڵکێکی زۆر کە شمشێر و داریان هەڵگرتبوو، لەلایەن سەرۆک کاهینەکان و پیرانی گەلەوە نێردرابوون. 48 ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون و گوتبووی: «ئەو کەسەی ماچی دەکەم ئەوە خۆیەتی؛ دەستگیری بکەن!» 49 جا هاتە لای یەشوا و گوتی: « سڵاو گەورەم!» وە ماچی کرد. 50 یەشوا پێی فەرموو: «هاوڕێکەم، بۆچی لێرەیت؟» خەڵکەکە هاتنە پێشەوە و یەشوایان دەستگیر کرد. 51 یەکێک لەو کەسانەی لەگەڵ یەشوا بوو دەستی درێژ کرد و شمشێرەکەی هەڵکێشا، و لە خزمەتکاری سەرۆک کاهینەکەیدا، و گوێی بڕی. 52 یەشوا پێی فەرموو: «شمشێرەکەت بخەرەوە ناو کێلانەکەی! ئەوانەی پەنا بۆ شمشێر دەبەن، بە شمشێر لەناو دەچن! 53 یان گومان دەکەیت کە ناتوانم لە باوکم داوابکەم زیاتر لە دوازدە لەشکری فریشتەم بۆ بنێرێت؟ 54 بەڵام چۆن نوسراوەکان دێنەدی کە دەڵێت ئەوەی ئێستا ڕوودەدات دەبێت ڕووبدات؟» 55 پاشان یەشوا ڕووی قسەکانی کردە خەڵکەکە و فەرمووی: «ئایا من جەردەم بەشمشیر و دارەوە هاتوون بۆ گرتنم. هەموو ڕۆژێک لە نێو ئێوەدا فێرکاریم دەکرد لە پەرستگادا، منتان نەگرت! 56 بەڵام، هەموو ئەمانە ڕویدا بۆ ئەوەی نوسراوی پێغەمبەران بێتەدی!» پاشان هەموو قوتابییەکانی جێیان هێشت و هەڵاتن! 57 ئەوانەی یەشوایان گرتبوو، بردیان بۆ لای کیافای سەرۆک کاهین، لەوێ مامۆستایانی تەورات و پیران کۆبوونەوە. 58 پەترۆ لە دوورەوە بەدوایدا ڕۆیشت بۆ ماڵی سەرۆک کاهین، پاشان چووە ژوورەوە، و لەنێو پاسەوانەکاندا دانیشت تا کۆتاییەکەی ببینێت. 59 هەموو لە ئەنجومەن کۆبوونەوە سەرۆک کاهینەکان و پیران، بە دوای شایەتحاڵیکی درۆدا دەگەڕان لە دژی یەشوا، بۆ ئەوەی بە مردن سزای بدەن، 60 بەڵام نەیاندۆزییەوە، هەرچەندە شایەتحاڵی درۆزن زۆر بوون. لە کۆتاییدا دووان هاتن 61 گوتیان: «ئەمە وتی: من دەتوانم لە سێ ڕۆژدا پەرستگای خودا بڕوخێنم و دروستی بکەمەوە». 62 پاشان سەرۆکی کاهینەکان هەستا و لێی پرسی: «ئایا هیچ شتێکت نییە بۆ ئەوەی بڵێیت لەسەر ئەوەی کە ئەوان شایەتیت لەسەر دەدەن؟» 63 بەڵام یەشوا بێدەنگ بوو. بۆیە سەرۆکی کاهینەکان دیسان لێی پرسی: وتی: «سوێندت ئەدەم بە خودای زیندوو کە پێمان بڵێیت: ئایا تۆ مەسیحەکەیت ڕۆڵەی خودایت؟» 64 یەشوا وەڵامی دایەوە: «تۆ وتت! هەروەها پێتان دەڵێم لە ئێستاوە ڕۆڵەی مرۆڤ دەبینن کە لە ڕاستەی توناداری دانیشتووە بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێت!» 65 ئینجا سەرۆکی کاهینەکان جلەکانی دادڕی و هاواری کرد: «کوفری کرد! ئیتر پێویستمان بە شایەتحاڵ نییە. ئەوەتا ئێوەش کوفرەکەیتان بیست. 66 «ڕاتان چییە؟» وەڵامیان دایەوە: «ئەو شایەنی سزای مردنە!» 67 ئینجا تفیان لە ڕووی کرد، و لێیاندا، هەندێکیش زلەیان لێدا 68 گوتیان: «پێشبینیمان بۆ بکە، ئەی مەسیح، كێ بوو لێی دایت!» 69 لەو ساتەدا پەترۆ لە حەوشەی دەرەوە دانیشتبوو، خزمەتکارێک هاتە لای و گوتی: «تۆش لەگەڵ یەشوای گەلیلی بوویت». 70 پەترۆ لەبەردەم هەموواندا نکۆڵی کرد و گوتی: «نازانم چی دەڵێیت!» 71 پاشان چووە دەرەوە بۆ دەروازەی حەوشەکە، کچە خزمەتکارێک ئەوی ناسیەوە، و بە ئامادەبووانی ئەوێی گوت: «ئەمەش لەگەڵ یەشوای ناسیرەیدا بوو!» 72 پەترۆ جارێکی تر نکۆڵی کرد و سوێندی خوارد: «من ئەو پیاوە ناناسم!» 73 پاش کەمێک ئەوانەی لەوێ وەستابوون هاتنە لای پەترۆ و پێیان گوت: «بەڕاستی تۆ یەکێکیت لەوانە، چونکە شێوەزارت ئاماژەیە بۆ ئەوە!» 74 ئینجا پەترۆ دەستی کرد بە نەفرەت کردن و سوێندخواردن، و گوتی: «من ئەو پیاوە ناناسم!» لەوکاتەدا کەڵشێرەکە خوێندی، 75 پاشان پەترۆ بیری قسەکەی یەشوا کەوتەوە کە پێی فەرموو: «پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت سێ جار نکۆڵی لە من دەکەیت». چووە دەرەوە، و بە کوڵ گریا.