بەشی ٢٤

1 پاشان یەشوا پەرستگاکەی بەجێهێشت، کاتێک ڕۆیشت قوتابییەکانی هاتنە لای، و سەرنجیان بۆ تەلارەکانی پەرستگاکە ڕاکێشا. 2 پێی فەرموون: «ئەم هەموو تەلارانە دەبینن؟ ڕاستیتان پێدەڵێم: هیچ بەردێک لێرە لەسەر بەردێک نامێنێتەوە کە نەڕوخێت!» 3 لەکاتێکدا لەسەر چیای زەیتون دانیشتبوو، قوتابییەکانی بە تەنیا هاتنە لای و پێیان گوت: «پێمان بڵێ کەی ئەمە ڕوودەدات. وە نیشانەی گەڕانەوەت و کۆتایی سەردەم چییە؟» 4 یەشوا وەڵامی دایەوە: «ئاگادار بن! با کەس گومڕاتان نەکات! 5 چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن من مەسیحەکەم، وە زۆر کەس گومڕا دەکەن. 6 گوێ بیستی شەڕ و هەواڵی جەنگ دەبن. بەڵام مەترسن! ئەمە هەمووی دەبێت ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. 7 نەتەوە لە نەتەوە هەڵ دەگەڕێتەوە، شانشین دژی شانشین، و لە زۆر شوێن برسێتی و بوومەلەرزە ڕوودەدات. 8 بەڵام هەموو ئەمانە تەنها سەرەتای ئازارەکانن. 9 لەوکاتەدا خەڵکی ڕادەستتان دەکەن بۆ ئەشکەنجە دان، و دەتانکوژن، لە پێناو ناوی مندا هەموو گەلان ڕقیان لێتان دەبێتەوە؛ 10 زۆر کەس هەڵ دەگەڕێنەوە و یەکتری بە گرتن دەدەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە، 11 زۆر پێغەمبەری درۆزن و دژە مەسیحەکان دەردەکەون و زۆریش گومڕا دەکەن. 12 لەگەڵ پەرەسەندنی گوناهە، خۆشەویستی زۆر کەس سارد دەبێتەوە. 13 بەڵام ئەوەی تا کۆتایی بەرگە بگرێت، ڕزگاری دەبێت. 14 ئەم مزگێنی شانشینە لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەنرێت، وەک شایەتحاڵێک بۆ من بۆ هەموو گەلان. وە دواتر کۆتایی دێت. 15 کاتێک دەبینن قێزەونی وێرانکەر، لە شوێنی پیرۆزدا ڕاوەستاوە، ئەوەی دانیال پێغمبەر باسی کردووە، با خوێنەر تێبگات! 16 لەوکاتەدا با ئەوانەی لە ناوچەی یەهودیان بەرەو شاخەکان هەڵبێن؛ 17 ئەوەی لەسەربانە، با نەچێتە خوارەوە بۆ بردنی ئەوەی لە ماڵکەیدایە؛ 18 ئەو کەسەی لە کێڵگەیە، با نەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جلەکانی ببات! 19 هاوار بۆ دووگیان و شیردەرەکان لەو ڕۆژانەدا! 20 نزا بکەن با هەڵاتنتان لە زستان یان لە شەباتدا نەبێت، 21 ئەو کاتە تەنگانەیەکی گەورە ڕوودەدات کە لە سەرەتای جیهانەوە تا ئێستا ڕووی نەداوە و هەرگیز ڕووشنادات. 22 ئەگەر ئەو ڕۆژانە کورت نەکرایەتەوە، هیچ کەسێک ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی هەڵبژێردراوەکاندا ئەو ڕۆژانە کورت دەکرێنەوە. 23 ئەگەر ئەو کاتە پێیان گوتن: ئەوەتا مەسیحەکە لێرەیە، یان ئەوەتا لەوێیە، باوەڕ مەکەن! 24 زۆر دژە مەسیح و پێغەمبەری ساختە دەردەکەون، نیشانەی مەزن و پەرجوو دەنوێنن، بە شێوەیەک ئەگەر بتوانن، تەنانەت هەڵبژێردراوانیش گومڕا دەکەن. 25 ئەوەتا پێش ئەوەی ڕووبدات پێم گوتن. 26 ئەگەر خەڵکی پێیان گوتن: ئەواتە مەسیحەکە لە چۆڵەوانیە! مەچنە دەرەوە بۆلایی؛ یان: ئەوەتا لە ژوورەکانی ناوەوەیە! باوەڕ مەکەن. 27 چۆن هەورە بروسکە ڕووناکی دەدات لە ڕۆژهەڵاتەوە ڕۆژئاوا ڕوناک دەکاتەوە، گەڕانەوەی ڕۆڵەی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 28 کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە! 29 دەستبەجێ دوای تەنگانەی ئەو ڕۆژانە، خۆر تاریک دەبێت، و مانگ ڕووناکی خۆی دەشارێتەوە، و ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەونە خوارەوە، و هێزی ئاسمانەکان دەهەژێن. 30 پاشان نیشانەی ڕۆڵەی مرۆڤ لە ئاسمان دەردەکەوێت، و هەموو هۆزەکانی سەر زەوی ماتەمینی دەگێڕن، و ڕۆڵەی مرۆڤ دەبینن کە لە هەوری ئاسماندا بە هێز و شکۆمەندییەکی مەزنەوە دێت. 31 فریشتەکانی دەنێرێت بە دەنگی کەڕەنایەکی مەزنەوە بۆ کۆکردنەوەی هەڵبژێردراوەکانی لە ئاراستەی چوار لایەکە، لەم سەری ئاسمانەکانەوە هەتا ئەو سەری. 32 ئەم نموونەیە لە دار هەنجیرەوە فێربن: کاتێک لقەکانی نەرم دەبن، و گەڵا دەکات، دەزانن کە هاوین نزیک بۆتەوە. 33 بە هەمان شێوە کاتێک هەموو ئەم شتانە دەبینن، بزانن کە نزیکە و لە بەردەرگایە! 34 ڕاستیتان پێدەڵێم: ئەم نەوەیە هەرگیز بەسەرناچێت، تا هەموو ئەمانە ڕوونەدەن. 35  ئاسمان و زەوی بەسەردەچن؛ بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن. 36 سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتژمێرە، کەس نایزانێت، تەنانەت فریشتەکانی ئاسمانیش، بەڵکو تەنها باوک نەبێت. 37 سەردەمی نواخ چۆن بوو، کاتی گەڕانەوەی ڕۆڵەی مرۆڤیش ئاوا دەبێت: 38 لە ڕۆژانی پێش لافاوەکە خەڵک دەیانخوارد و دەیانخواردەوە ژنیان دەهێنا و شویان دەکرد، سەریان سوڕما ئەو ڕۆژەی نواخ چووە ناو کەشتییەکەوە، 39 نەیاندەزانی چی ڕوودەدات هەتا لافاوەکە هات و هەمووی برد. گەڕانەوەی ڕۆڵەی مرۆڤیش ئاوا دەبێت: 40 لەوکاتەدا دوو پیاو لە کێڵگەدا دەبن، یەکێکیان دەبردرێت و ئەوی دیکەیان بەجێدەهێڵرێت، 41 دوو ژن دەستاڕ دەگێڕن، یەکێکیان دەبرێت، و ئەوی دیکەیان بەجێدەهێڵرێت. 42 جا ئێشک بگرن، چونکە نازانن پەروەردگارتان لە چ کاتێکدا دەگەڕێتەوە. 43 بزانە ئەگەر خاوەن ماڵەکە بزانێت لە چ چارەکێکی شەودا دزەکە دەچێتە سەری، ئەوا بە ئاگا دەمایەوە و نەیدەهێشت ماڵەکەی ببڕدرێت. 44 هەروەها ئامادەبن، چونکە ڕۆڵەی مرۆڤ لە کاتێکدا دەگەڕێتەوە کە چاوەڕوانیتان نەدەکرد! 45 کەواتە کێیە ئەو خزمەتکارە دڵسۆز و دانایەی کە گەورەکەی دەیکاتە سەرپەرشتیاری خانەوادەکەی تا لە کاتی خۆیدا خواردنیان پێبدات؟ 46 ​​ خۆزگە بەو خزمەتکارەی کە گەورەکەی دێت و دەیبینێت کە کارەکانی دەکات. 47 ڕاستیتان پێدەڵێم: دەیکاتە سەرپەرشتیاری هەموو موڵک و ماڵەکەی. 48 بەڵام ئەگەر ئەو خزمەتکارە خراپە لە دڵی خۆیدا بڵێ: گەورەکەم لە گەڕانەویدا دوادەکەوێت! 49 دەستی کرد بە لێدانی هاو خزمەتکارەکانی و لەگەڵ سەرخۆشەکان خواردی و خواردییەوە، 50 ئیتر گەورەی ئەو خزمەتکارە لە ڕۆژێکدا دەگەڕێتەوە کە چاوەڕێی ناکات، وە کاتژمێک کە نایزانێت، 51 ئینجا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ دووڕوواندا دادەنێت، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت!