بەشی ٢

1 لەدوای لەدایکبوونی یەشوا لە بێت‌ لەخمی یەهودیا لە سەردەمی هیرۆدی پاشا، کۆمەڵێک مۆغ لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتنە یۆرشەلایم، 2 پرسییان: «کوا پاشاکەی یەهود ئەوەی لە دایک بووە‏؟ لە بەر ئەوەی ئەستێرەی ئەومان لە ڕۆژهەڵاتەوە بینی، هاتووین کڕنۆشی بۆ ببەین». 3 کاتێک هیرۆدی پاشا ئەمەی بیست، شڵەژاو هەموو خەڵکی یۆرشەلایمش لەگەڵی. 4 هەموو سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەوراتی گەلی کۆکردەوە، لێی پرسین: «مەسیحەکە لەکوێ لە دایک دەبێت» 5 وەڵامیان دایەوە: «لە بێت‌ لەخمی یەهودیا، چونکە پێغەمبەرەکە ئاوای فەرمووە: 6 بەڵام تۆ ئەی بێت‌ لەخمی خاکی یەهودا، کەمتر نیت لە ناو فەرمانڕەواکانی یەهودا، چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت شوانایەتی یەسرائیلی گەلم دەکات!» 7 دوای ئەمە هیرۆد بە نهێنی مۆغەکانی بانگکرد، و لەبارەی کاتی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن. 8 ئینجا بۆ بێت‌ لەخمی ناردن، و پێی گوتن: «بڕۆن و بە وردی بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن. کاتێک دۆزیتانەوە هەواڵم بدەنێ، تاوەکو منیش بێم و کڕنۆشی بۆ ببەم». 9 لەدوای ئەوەی گوێبیستی پاشا بوون، بە ڕێگای خۆیاندا ڕۆیشتن، هەمان ئەو ئەستێرەیەی، کە لە ڕۆژهەڵات بینیبوویان، پێشیان کەوت و هات و لەسەر ئەو شوێنە ڕاوەستا کە منداڵەکەی لێ بوو. 10 کاتێک ئەستێرەکەیان بینی زۆر شادومان بوون؛ 11 چوونە ماڵەکە منداڵەکەیان لەگەڵ میریامی دایکی بینی. چۆکیان دادا و کڕنۆشیان بۆ برد، و گەنجینەکانیان کردەوە زێڕ و بخوور و بنێشتە تاڵەیان بە دیاری پێشکەش کرد. 12 کە بە سروشی خودا و لەخەوندا ئاگادار کرانەوە کە نەگەڕێنەوە لای هیرۆد، و بە رێگایەکی تردا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. 13 دوای ڕۆیشتنی مۆغەکان، فریشتەیەکی پەروەردگار لە خەوندا بۆ یۆسپ دەرکەوت، و پێی گوت: «هەستە منداڵەکە و دایکی لەگەل خۆت ببە و ڕابکە بۆ میسر، لەوێ بمێنەرەوە تا فەرمانت پێدەکەم بۆ گەڕانەوەت، چونکە هیرۆد بە شوێن منداڵەکەدا دەگەڕێت و بە نیازی کوشتنی کوڕەکەیە». 14 یۆسپیش هەستا و لە شەودا کوڕەکە و دایکی برد، و بەرەو میسر بەڕێ کەوت، 15 هەتا مردنی هیرۆد لەوێ مایەوە، تا ئەوەی پەروەردگار لە رێگای پێغەمبەرەکەوە فەرمووی بێتەدی: «من ڕۆڵەکەی خۆمم لە میسر بانگ کرد». 16 کاتێک هیرۆد زانی مۆغەکان فریویان داوە، زۆر تووڕە بوو، بەگوێرەی ئەو کاتەی بەپێی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لە مۆغەکانەوە لێی کۆڵیبۆوە، فەرمانی کرد هەموو کوڕێکی خوارتەمەن دوو ساڵ لە بێت‌ لەخم و دەوروبەری بکوژن. 17 ئینجا ئەوەی لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە گوترابوو هاتەدی: 18 «دەنگێک لە ڕاماوە بیسترا: گریان و شیوەنێکی گەورە! ڕاخێل بۆ منداڵەکانی دەگریت، نەیویست دڵنەوایی بکرێت، چونکە نەمابوون!» 19 دوای مردنی هیرۆد، فریشتەیەکی پەروەردگار لە خەودا لە میسر بۆ یۆسپ دەرکەوت، 20 گوتی: «هەستە منداڵەکە و دایکی ببە و بگەڕێوە بۆ خاکی یەسرائیل، چونکە ئەوانەی بە دوای ژیانی مناڵەکەدا دەگەڕان مردوون!» 21 هەستا و منداڵەکە و دایکی بردەوە بۆ خاکی یەسرائیل. 22 بەڵام کاتێک بیستی ئەرخیلاوس لە یەهودیا لە جێی هیرۆدی باوکی فەرمانڕەوایە، ترسا بچێتە ئەوێ. پاش ئەوەی بە سرووشی خودا ئاگادار کرایەوە، بەرەو ناوچەی گەلیلی بە ڕێکەوت، 23 جا هات و لە شارێک نیشتەجێ بوو بە ناوی «ناسیرە»، بۆ ئەوەی ئەو فەرمایشتەی لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە گوترابوو بێتەدی کە بە ناسیرەیی ناودەبردرێت!