بەشی ١٤

1 لەو کاتەدا هیرۆدی فەرمانڕەوای تەترارک هەواڵی یەشوای بیست. 2 بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئەمە یۆخەنانی لە ئاو هەڵکێشە، و لە مردن هەستاوەتەوە. بۆیە پەرجوو لەسەر دەستی ئەنجام دەدرێت!» 3 چونکە هیرۆد یۆخەنانی گرتبوو کۆت و بەندی کردبوو، خستبویە زیندانەوە لە پێناو هیرۆدیای هاوسەری فیلیپۆسی برایدا. 4 چونکە یۆخەنان پێی دەگوت: «ڕێگە پێدراو نییە هاوسەرگیری لەگەڵدا بکەیت!» 5 کاتێک هیرۆد ویستی یۆخەنان بکوژێت، لە خەڵکەکە دەترسا، چونکە یۆخەنانیان بە پێغەمبەر دەزانی. 6 لە کاتی ئاهەنگی لەدایکبوونی هیرۆدا، کچی هیرۆدیا لە ناوەڕاستدا سەمای کرد، و هیرۆدی دڵخۆشی کرد، 7 بۆیە سوێندی بۆ خوارد بەڵێنی پێدا هەر شتێک داوای بکات پێی بدات. 8 دوای ئەوەی ڕاوێژی بە دایکی کرد، وتی: «هەر لێرە لەسەر سینییەک سەری یۆخەنانی لە ئاو هەڵکێشم پێبدە!» 9 جا پاشا غەمبار بوو؛ بەڵام فەرمانی کرد ئەوەی دەیەوێت بیدەنێ، لەبەر ئەوەی سوێندی خوارد لەبەردەم ئەوانەی لەگەڵیدا دانیشتبوون. 10 ئینجا ناردی لە زیندان سەری یۆخەنانی پەڕاند. 11 سەرەکەیان لەسەر سینییەک هێناو، پێشکەشی کچەکە کرا، ئەویش هەڵیگرت و بردی بۆ دایکی. 12 قوتابییەکانی یۆخەنان هاتن، و تەرمەکەیان هەڵگرت، و ناشتیان. پاشان چوون و بە یەشوایان ڕاگەیاند. 13 هەر کە یەشوا ئەمەی بیست، سواری بەلەمێک بوو بەتەنیا بەرەو شوێنێکی چۆڵ ڕۆیشت. خەڵکەکە کە ئەمەیان بیست، لە شارەکانەوە بە پێ بەدوایدا ڕۆیشتن. 14 کاتێک یەشوا لە کەنار دەریاکە دابەزی، خەڵکێکی زۆری بینی، و بەزەیی پێیاندا هاتەوە و نەخۆشەکانیانی چاککردەوە. 15 کاتێک ئێوارە هات، قوتابییەکانی لێی نزیک بوونەوە و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە، و زۆر درەنگ بووە. خەڵکەکە بنێرە بۆ ئەوەی بچنە گوندەکان و خواردن بۆ خۆیان بکڕن». 16 بەڵام یەشوا پێی فەرموون: «پێویست ناکات ئەوان بڕۆن. ئێوە خواردنیان پێبدەن!» 17 گوتیان: «ئێمە لێرە تەنیا پێنج نان و دوو ماسیمان هەیە.» 18 فەرمووی: «بۆمی بهێننە ئێرە!» 19 فەرمانی بە خەڵکەکە کرد لەسەر گیاکە دابنیشن. پاشان پێنج نانەکە و دوو ماسیەکەی هەڵگرت، بەرزی کردەوە سەیری ئاسمانی کردو، بەرەکەتی خستە سەر و نانە کەی شکاند و دای بە قوتابییەکانی، ئەوانیش بەسەر خەڵکەکەدا دابەشیان کرد. 20 هەموویان خواردیان و تێر بوون. پاشان قوتابییەکانی دوازدە سەبەتەیان هەڵگرت پڕیان کرد لەو پارچە نانانەی کە مابۆوە. 21 ژمارەی ئەوانەی خواردیان نزیکەی پێنج هەزار پیاو بوو، جگە لە ژن و منداڵ. 22 ئینجا یەشوا قوتابییەکانی ناچار کرد کە سواری بەلەمەکە بن و پێش ئەو بڕۆن بۆ ئەوبەری دەریاچەکە، تاوەکو خۆی خەڵکەکە بەڕێبکات. 23 دوای ئەوەی خەڵکەکەی بەڕێکرد، چووە سەر شاخ بۆ ئەوەی بە تەنیا نزا بکات. ئێوارە بوو ئەویش بە تەنیا لەوێ بوو. 24 ئینجا بەلەمی قوتابییەکانی گەیشتە ناوەڕاستی دەریاچەکە شەپۆلەکانیش لێی ئەدان، چونکە ڕەشەباکە پێچەوانە بوو. 25 لە چارەکی کۆتایی شەودا یەشوا هاتە لای قوتابییەکانی و بەسەر ئاوی دەریاچەکەدا دەڕۆیشت. 26 کاتێک قوتابییەکانی بینییان کە بەسەر ئاوەکەدا دەڕوات، تووشی شڵەژان بوون و گوتیان: «ئەوە جنۆکەیە!» وە لە ترسی خۆیان هاواریان کرد. 27 یەکسەر یەشوا قسەی لەگەڵ کردن و فەرمووی: «ئازابن! ئەوە منم. مەترسن!» 28 پەترۆ پێی گوت: «ئەگەر تۆ ئەویت، فەرمانم پێبکە بەسەر ئاوەکەدا بڕۆم و بێمەلات!» 29 ئینجا یەشوا پێی فەرموو: «وەرە!» بۆیە پەترۆ لە بەلەمەکە دابەزی و بەسەر ئاوەکەدا بەرەو یەشوا ڕۆیشت. 30 بەڵام کاتێک هەستی بە هێزی ڕەشەباکە کرد، ترساو نوقم بوو، بۆیە هاواری کرد و وتی: «پەروەردگار ڕزگارم بکە!» 31 یەشوا دەستبەجێ دەستی درێژ کرد و گرتی و پێی فەرموو: «ئەی کەم باوەڕ، بۆچی گومانت کرد؟» 32 هەر کە سواری بەلەمەکە بوون، ڕەشەباکە هێمن بۆوە. 33 ئینجا ئەوانەی لە بەلەمەکەدا بوون لێی نزیک بوونەوە، و کڕنۆشیان بۆ بردو گوتیان: «بەڕاستی تۆ ڕۆڵەی خودایت! » 34 کاتێک پەڕینەوە بۆ ئەوبەری دەریاچەکە، لە شاری کینەرەت دابەزین. 35 خەڵکی ئەو ناوچەیە ناسیانەوە، و هەواڵیان بۆ وڵاتانی دراوسێ نارد، و هەموو نەخۆشەکانیان بۆ هێنا، 36 داوایان لێکرد کە تەنها دەست لە لێواری جلەکەی بدەن. هەموو ئەوانەی دەستیان لێدابوو بە تەواوی چاک بوونەوە.