بەشی ١٣

1 لەو ڕۆژەدا لە ماڵەوە هاتە دەرەوە و لە کەناری دەریاچەکە دانیشت. 2 خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبۆوە، هەتا وای لێهات چووە ناو بەلەمێک دانیشت، هەموو خەڵکەکەش لە کەنارەکە ڕاوەستان. 3 بە نموونە باسی زۆر شتی بۆ کردن، و فەرمووی: «جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. 4 لە کاتی چاندندا بەشێک لە تۆوەکە کەوتە سەر ڕێگاکان و باڵندەکان هاتن و خواردیان. 5 هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو؛ 6 بەڵام کاتێک خۆر هەڵهات، سووتاوە و وشک بوو، چونکە بێ ڕەگ بوو. 7 بەشێک لە تۆوەکە کەوتە ناو دڕکەکان، کاتێک دڕکەکان گەورە بوون خنکاندیانن. 8 هەندێک لە تۆوەکان کەوتنە ناو خاکی باشەوە، هەندێکیان سەد و هەندێکیان شەست، و هەندێکیان سی هێندە بەرهەمیان هێنا. 9 ئەوەی گوێی هەیە با ببیسێت!» 10 ئینجا قوتابییەکانی هاتنە لای و لێیان پرسی: «بۆچی بە نموونە قسەیان لەگەڵ دەکەیت؟» 11 وەڵامی دانەوە: «لەبەر ئەوەی بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی ئاسمانەکان بزانن؛ بەڵام بەوان، نەدراوە. 12 چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێت؛ بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەندرێتەوە. 13 لەبەر ئەوە بە نموونە قسەیان بۆ دەکەم: چونکە سەیر دەکەن بەڵام نابینن، گوێ دەگرن بەڵام نابیستن و تێناگەن. 14 لەواندا پێشبینیی ئیشایا هاتەدی وەک دەڵێت: بە بیستن دەبیستن بەڵام تێناگەن، بە سەیرکردن سەیر دەکەن بەڵام نابینن. 15 لەبەرئەوەی دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە، گوێچکەیان گران بووە بۆ بیستن، و چاویان داخستووە؛ نەک بە چاوی خۆیان ببینن، و بە گوێی خۆیان ببیستن، و بە دڵیان تێبگەن، و بگەڕێنەوە بۆ لای من، چاکیان بکەمەوە! 16 بەڵام ئێوەش خۆزگە بە چاوەکانتان، چونکە دەبینن، وە گوێچکەکانتان چونکە دەبیستن. 17 ڕاستیتان پێ دەڵێم: زۆر لە پێغەمبەران و ڕاستودروستان بە ئاوات بوون ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن بەڵام نەیانبیست! 18 مانای نموونەی جوتیارەکە ببیستن: 19 هەرکەسێک گوێی لە وشەی شانشین بێت و لێی تێنەگات، خراپەکار دێت و ئەوەی لە دڵیدا چێنراوە دەڕفێنێت: ئەمەیە کە لەسەر ڕێگاکان چێنراوە. 20 سەبارەت بەوەی لەسەر زەوییە بەردینەکان چێنراوە، ئەو کەسەیە کە گوێی لە وشەکە دەبێت و یەکسەر بە خۆشیوە وەریدەگرێت، 21 بەڵام ڕەگ و ڕیشەی لە خۆیدا نییە، بەڵکو بۆ ماوەیەک دەمێنێتەوە: هەر کە لە پێناوی وشەکەدا ئازار یان گۆشەگیری ڕوویدا تووشی کۆسپ دەبێت. 22 سەبارەت بەوەی لە نێو دڕکدا چێنرا، ئەو کەسەیە کە گوێی لە وشەکە دەبێت، بەڵام خەمی سەردەمی ئێستا و فریودانی دەوڵەمەندی وشەکە دەخنکێنێت، بۆیە بەرهەم ناهێنێت. 23 سەبارەت بەوەی لە خاکی باشدا چێنراوە ئەوە ئەو کەسەیە کە گوێی لە وشەکە دەبێت و لێی تێدەگات، و ئەو کەسەیە کە بەرهەمی دەهێنێت. یەک بە سەد بەرهەم دەهێنێت، ئەوەی تر شەست، و ئەوی دواتر سی!» 24 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە، فەرمووی: «شانشینی ئاسمانەکان لە مرۆڤێک دەچێت تۆوی چاک لە کێڵگەکەی بچێنێت. 25 بەڵام کاتێک خەڵک لە خەودا بوون، دوژمنەکەی هات، و لەناو گەنمەکەدا زێوانی چاند، و ڕۆیشت. 26 کاتێک گەنمەکە ڕوا و گوڵی دەرکرد، زێوانەکەش دەرکەوت. 27 خزمەتکارەکانی خاوەن ماڵەکە چوون، و پێیان گوت: گەورەم، ئایا تۆوی باشت لە کێڵگەکەتدا نەچاند؟ ئەم زێوانە لە کوێوە هاتووە؟ 28 ئەویش وەڵامی دانەوە دوژمن ئەمەی کردووە! خزمەتکارەکانی پێیان گوت: دەتەوێ بچین زێوانەکە بژار بکەین؟ 29 وەڵامی دانەوە: نەخێر، نەوەک لەگەڵ بژارکردنی زێوانەکە گەنمیش هەڵبکێشن. 30 لێی بگەڕێن با هەردووکیان پێکەوە گەشە بکەن تا کاتی دروێنە. وە لە کاتی دروێنەکردندا بە دروێنەکاران دەڵێم: سەرەتا زێوانەکە کۆبکەنەوە و بە قسڵ بیبەستنەوە بۆ سوتاندن. سەبارەت بە گەنمیش، لە کۆگاکەمدا کۆی بکەنەوە.» 31 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە، و فەرمووی: «شانشینی ئاسمانەکان لە دەنکە خەردەلێک دەچێت کە یەکێک بیهێنێت و لە کێڵگەکەیدا بیچێنێت. 32 هەرچەندە لە هەموو تۆوەکان بچوکترە، بەڵام کاتێک گەشە دەکات دەبێتە گەورەترینی هەموو، پاشان دەبێتە دار، بەجۆرێک باڵندەی ئاسمان دێن و لە لقەکانیدا هێلانە دەکەن». 33 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە فەرمووی: «شانشینی ئاسمان لە هەویرترشێک دەچێت ژنێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات». 34 یەشوا هەموو ئەمانەی بە نموونە بۆ خەڵکەکە باسکرد. بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، 35 تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە وتراوە بێتەدی: «بە نموونە دەمم دەکەمەوە، ئەوەی لە دامەزراندنی جیهانەوە شاراوەیە ئاشکرای دەکەم». 36 پاشان یەشوا خەڵکەکەی بەڕێکرد و گەڕایەوە ماڵەوە. قوتانییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «نموونەی زێوانی ناو کێڵگەکەمان بۆ ڕوون بکەرەوە». 37 وەڵامی دایەوە: «ئەوەی تۆوە چاکەکەی چاند ڕۆڵەی مرۆڤە. 38 کێڵگەکەش جیهانە. تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن. زێوانەکەش ڕۆڵەی خراپەکارن. 39 دوژمنەکەش کە تۆوی کردن شەیتانە. دروێنەکەش کۆتایی زەمانە. دروێنە کارانیش فریشتەکانن. 40 هەروەک چۆن زێوانەکان کۆدەکرێنەوە و بە ئاگر دەسوتێنرێن، بە هەمان شێوە لە کۆتایی زەماندا بەو جۆرەیە: 41 ڕۆڵەی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت، و هەموو تێکدەر و گوناهباران لە شانشینەکەی دەردەکەن، 42 فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. 43 ئەوکاتە ڕاستودروستان وەک خۆر لە شانشینی باوکیاندا دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێ! 44 شانشینی ئاسمانەکان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە، کەسێک دەیدۆزێتەوە و دیسان دەیشارێتەوە. لە خۆشییان، دەچێت و هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت. 45 هەروەها شانشینی ئاسمانەکان لە بازرگانێک دەچێت کە بە شوێن مرواری جواندا دەگەڕێت. 46 هەر کە مروارییە زۆر بەنرخە کەی دۆزیەوە، چوو هەموو شتێکی خۆی فرۆشت، و کڕی. 47 شانشینی ئاسمانیش لە تۆڕێک دەچێت کە فڕێدراوەتە ناو دەریاوە، و لە هەموو جۆرەکان کۆدەکاتەوە. 48 کاتێک پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشا بۆ کەنار و دانیشتن، ئینجا باشەکەیان کۆکردەوە، و خراپەکانیان فڕێدایە دەرەوە. 49 لە کۆتایی زەماندا بەم شێوەیە دەبێت: فریشتەکان دێن و خراپەکاران لە ناو ڕاستودروستان دەردەکەن، 50 فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. 51 ئایا ئێوە لە هەموو ئەم بابەتانە تێگەیشتن؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ!» 52 جا پێی فەرموون: «لەبەر ئەوە، هەر مامۆستایەکی تەورات کە بووەتە قوتابی لە شانشینی ئاسمانەکان، لە مرۆڤێکی خاوەن ماڵ دەچێت لە گەنجینەکەیدا لە کۆن و نوێ دەربهێنێت!» 53 کاتێک یەشوا ئەم نموونانەی تەواو کرد، لەوێ ڕۆیشت. 54 کاتێک گەڕایەوە بۆ شارکەی، لە کەنیشتەکانیاندا یەهودیەکانی فێر دەکرد، تا سەریان سوڕما و پرسیاریان کرد: «ئەم دانایی و ئەم پەرجوانەت لە کوێوە وەرگرتووە؟ 55 ئایا کوڕی دارتاشەکە نییە؟ ئایا دایکی ناوی میریام و براکانی یاکۆڤ و یۆسپ و شیمۆن و یەهودا نەبوون؟ 56 ئایا خوشکەکانی هەموویان لەلای ئێمە نین؟ هەموو ئەمانەی لە کوێ بوو؟» 57 جا گومانیان لێکرد. بەڵام ئەو پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە تەنها لە شار و ماڵی خۆی نەبێت!» 58  لەوێ پەرجووی زۆری نەکرد، لەبەر بێباوەڕییان بەو.