بەشی ١٢

1 لەو کاتەدا یەشوا لە ڕۆژێکی شەباتدا بە کێڵگەکاندا تێپەڕی. قوتابییەکانی برسی بوون، گوڵە گەنمیان دەپرواندو دەیانخوارد. 2 کاتێک فەریسییەکان بینییان پێیان گوت: «ئەوەتا قوتابییەکانت ئەو کارە دەکەن کە لە ڕۆژی شەباتدا رێگەپێدراو نیە بیکەن!» 3 وەڵامی دانەوە: «ئایا نەتانخوێندۆتەوە ئەوەی داڤید و هاوڕێکانی کردیان لە کاتی برسیبووندا؟ 4 چۆن چووە ناو ماڵی خودا و نانی پێشکەشکراوی خوارد کە بۆ خۆی یان هاوەڵەکانی دروست نەبوو بیخۆن بەڵکو تەنها بۆ کاهینەکان بوو! 5 ئایا لە تەوراتدا نەتاخوێندۆتەوە کە کاهینەکان ڕۆژی شەبات (کار دەکەن) لە پەرستگادا وە ڕۆژانی شەبات پێشێل دەکەن و تاوانبار ناکرێن؟ 6 بەڵام پێتان دەڵێم: ئەوەی لێرەیە لە پەرستگا مەزنترە! 7 وە ئەگەر لە مانای ئەو وتەیە تێگەیشتبان: من بە دوای بەزیدا دەگەڕێم نەک قوربانی، ئەوا دادوەریت لەسەر ئەو کەسانە نەدەکرد کە هیچ تاوانێکیان نییە! 8 ڕۆڵەی مرۆڤ پەروەردگاری شەباتە! » 9 پاشان لەوێ ڕۆیشت و چووە کەنیشتەکەیان، 10 لەوێ پیاوێکی لێبوو دەستێکی وشک ببوو. بۆ ئەوەی فەریسییەکان بتوانن سکاڵای لێ بکەن، لێیان پرسی: «ئایا لە ڕۆژی شەباتدا چاککردنەوەی نەخۆش رێگەپێدراوە؟» 11 وەڵامی دانەوە: «کام لە ئێوە مەڕێکی هەیە و ئەگەر لە ڕۆژی شەباتدا بکەوێتە ناو چاڵێکەوە، دەستی ناگرێت و نایکێشێتە دەرەوە؟ 12 مرۆڤ چەند لە مەڕ بە نرخترە! کەواتە رێگەپێدراوە چاکەکردن لە ڕۆژی شەباتدا». 13 ئینجا بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە!» درێژی کرد و وەک دەستەکەی تری لێهاتەوە. 14 بەڵام فەریسییەکان چوونە دەرەوە و پیلانیان لە دژی یەشوا دانا بۆ کوشتنی. 15 کاتێک ئەمەی زانی لەوێ کشایەوە. کۆمەڵێکی زۆریش بەدوایدا هاتن، و هەموویانی چاک کردەوە، 16 ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن، 17 تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتەدی کە دەڵێت: 18 «ئەوەتا ڕۆڵەی خۆم هەڵمبژارد، خۆشەویستەکەم کەپێی دڵشادم! گیانم لەسەری دادەنێم، ئەویش ڕاستی بۆ گەلان ڕادەگەیەنێت. 19 بەرهەڵستی ناکات و هاوار ناکات، کەسیش لە شەقامەکاندا دەنگی نابیستێت. 20 قامیشی چەماوە ناشکێنێت، و پڵيتەی بە دوکەڵ ناکوژێنێتەوە، تا دادپەروەری بەرەو سەرکەوتن دەبات، 21 گەلان ئومێدیان بە ناوی ئەو دەبێت!» 22 پاشان پیاوێکی کوێر و لاڵیان هێنایە لای کە خێوی تێدابوو، ئەویش چاکی کردەوە تا بتوانێت ببینێت و قسە بکات. 23 هەموو خەڵکەکە سەریان سوڕما و گوتیان: «ڕەنگە ئەمە کوڕی داڤید بێت!» 24 بەڵام فەریسییەکان، کە ئەمەیان بیست گوتیان: «ئەمە خێوەکان دەرناکات، مەگەر بە بەعلزەبووبی شای گیانە پیسەکان نەبێت!» 25 بەڵام یەشوا بە بیرکردنەوەی ئەوانی زانی، پێی فەرموون: «هەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، وێران دەبێت. هەر شارێک یان ماڵێک دووبەرەکی تێدابێت، خۆی ڕاناگرێت. 26 ئەگەر شەیتان شەیتان دەربکات، ئەوا دووبەرەکییان تێدایە، کەواتە چۆن شانشینەکەی خۆی ڕادەگرێت؟ 27 ئەگەر من بە بەعلزەبووب خێوەکان دەربکەم، ئەی ڕۆڵەکانی ئێوە بە کێ دەریان دەکەن؟ لەبەر ئەوە ئەوان تاوانبارتان دەکەن؟ 28 بەڵام ئەگەر بە گیانی خودا خێوەکان دەربکەم، ئەوا شانشینی خودا هاتۆتە سەرتان! 29 ئەگینا، چۆن کەسێک دەچێتە ناو ماڵی پیاوێکی بەهێز بۆئەوەی کاڵاکانی تاڵان بکات ئەگەر سەرەتا پیاوە بەهێزەکە نەبەستێتەوە؛ و پاشان ماڵەکەی تاڵان بکات؟ 30 ئەوەی لەگەڵم نییە، دژی منە؛ وە هەرکەسێک لەگەڵم کۆ ناکاتەوە، بڵاوی دەکاتەوە. 31 بۆیە پێتان دەڵێم: هەموو گوناهە و کوفرێکی مرۆڤەکان دەبەخشرێت. 32 سەبارەت بە کوفرکردن بە گیانی (پیرۆز)، نابەخشرێت. هەرکەسێک قسەیەک دژی ڕۆڵەی مرۆڤ بکات، دەبەخشرێت. هەرکەسێک قسەیەک دژی گیانی پیرۆز بڵێت، نە لەم سەردەمە و نە لە ڕۆژگاری داهاتوودا نابەخشرێت. 33 ئەگەر دار باش بێت، بەرهەمی باش دەدات؛ ئەگەر دار خراپ بێت، بەرهەمی خراپ دەدات! دار بە بەرهەمەکەی، دەناسرێتەوە. 34 ئەی منداڵی مار، کە ئێوە خراپ بن، چۆن دەتوانن، بە چاکە بدوێن؟ دەم ئەوە دەڵێت کە لە دڵەوە هەڵدەقوڵێت. 35 مرۆڤی چاک، لە گەنجینەی چاکی دڵیدا، شتی چاک دەردەهێنێت. مرۆڤی خراپیش، لە گەنجینەی خراپی ناخیدا شتی خراپ دەردەهێنێت. 36 بەڵام پێتان دەڵێم: هەر قسەیەکی پوچ کە خەڵکی دەیڵێن، لە ڕۆژی دوایدا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت. 37 چونکە بە قسەکانت بێتاوان دەکرێیت، و بە قسەکانت تاوانبار دەکرێیت!» 38 ئینجا هەندێک لە مامۆستایان و فەریسییەکان وەڵامیان دایەوە، و گوتیان: «مامۆستا، پێمان خۆشە نیشانەیەک ببینین کە تۆ ئەنجامی دەدەیت!» 39 وەڵامی دانەوە: «نەوەی خراپەکار و ناپاک داوای نیشانە دەکات؛ وە هیچ نیشانەیەک نادرێت جگە لە نیشانەی پێغەمبەر یونان. 40 وەک چۆن یونان سێ ڕۆژ و سێ شەو لە سکی نەهەنگەکەدا مایەوە، ڕۆڵەی مرۆڤیش سێ ڕۆژ و سێ شەو لە ناخی زەویدا دەمێنێتەوە. 41 لە ڕۆژی لێ پرسینەوەدا خەڵکی نەینەوا لەگەڵ ئەم نەوەیەدا دەوەستن و تاوانباری دەکەن؛ چونکە لە گوناهەکانیان پاشگەز بوونەوە کاتێک یونان ئاگاداری کردنەوە. ئەوەتا لە یونان مەزنتر لێرەیە! 42 شاژنی باشوور لە ڕۆژی لێ پرسینەوە لەگەڵ ئەم نەوەیەدا هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هاتووە بۆ ئەوەی گوێ لە دانایی شلۆمۆ بگرێت. ئەوەی لێرەیە لە شلۆمۆ مەزنترە! 43 کاتێک گیانی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت، نایدۆزێتەوە. 44 دەڵێت: دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەم کە لێیەوە ڕۆشتم! وە کاتێک دەگەڕێتەوە، دەبینێت کە بەتاڵە گسکی لێدراوە و ڕازاوەتەوە. 45 جا دەڕوات، حەوت گیانی خراپتر لە خۆی دەهێنێت، و هەموویان دەچنە ناوی و نیشتەجێی ئەو کەسە دەبن، بۆ ئەوەی ژیانی کۆتایی لە جاران خرابتر بێت. چارەنوسی ئەم نەوە خراپەکارەش ئاوادەبێت!» 46 کاتێک لەگەڵ خەڵکەکە قسەی دەکرد، دایکی و براکانی لە دەرەوە وەستابوون، و داوایان دەکرد قسەی لەگەڵ بکەن. 47 یەکێک لە ئامادە بووان پێی گوت: «دایکت و براکانت لە دەرەوە وەستاون و داوا دەکەن قسەت لە گەڵ بکەن!» 48 وەڵامی دایەوە و پێی فەرموو: «دایکم کێیە؟ وە براکانم کێن؟» 49 پاشان ئاماژەی بۆ قوتابییەکانی کرد، و فەرمووی: «ئەمانە دایکم و براکانمن: 50 چونکە هەرکەسێک بە ویستی باوکم بکات کە لە ئاسمانەکانە برا و خوشک و دایکمە!»