بەشی ١١

1 دوای ئەوەی یەشوا تەواو بوو لە پێدانی راسپاردە بە دوازدە قوتابییەکەی، لەوێشەوە ڕۆیشت، و چوو بۆ فێرکردن و مزگێنیدان لە شارەکانیان. 2 کاتێک یۆخەنان ئەوەی بیست، کە مەسیح چ کارێکی ئەنجام داوە، لە زیندان بوو، هەندێک لە قوتابییەکانی نارد بۆلای، 3 لێیان پرسی: «ئایا تۆ ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی تربین؟» 4 یەشوا وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «بڕۆن ئەوەی دەیبیستن و دەیبینن بە یۆخەنان بڵێن: 5 کوێرەکان دەبینن، شەلەکان دەڕۆن، گولەکان پاک دەبنەوە، کەڕەکان دەبیستن، مردوو هەڵدەستنەوە، مژدە بە هەژاران دەدرێت. 6 خۆزگە بەو کەسەی گومانم لێ نەکات!» 7 کە قوتابییەکانی یۆخەنان ڕۆیشتن، یەشوا دەستی کرد بە قسەکردن لەگەڵ خەڵکەکە سەبارەت بە یۆخەنان: «ئێوە چونە دەرەوە بۆ چۆڵەوانی بۆ ئەوەی چی ببینن؟ قامیشێک کە بەهۆی باوە دەلەرێتەوە؟ 8 ئەی بۆچی چونە دەرەوە بۆ بینینی: پیاوێک کە جلی نەرمی لەبەردا بوو؟ ئەوانەی جلی نەرم لەبەر دەکەن لە کۆشکی پاشاکاندان! 9 کەواتە، بۆ بینینی چی چوون بۆ دەرەوە؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنتر. 10 ئەمە ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە: ئەوەتا من نێردراوی خۆم لە پێشتەوە دەنێرم ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات! 11 ڕاستیتان پێدەڵێم: پیاوێکی مەزنتر لە یۆخەنانی لە ئاو هەڵکێش لە نێو ئەوانەی لە ژن لەدایک بوون دەرنەکەوتووە. بەڵام بچوکترینی شانشینی ئاسمانەکان لە ئەو مەزنترە! 12 لەو کاتەی یۆخەنانی لە ئاو هەڵکێش دەستی بە خزمەت کردووە خەڵکی هەوڵیان داوە و تێکۆشاون بۆ چوونە ناو شانشینی ئاسمانەکان وە هەوڵدەران بەسەختی دەچنە ناوی! 13 چونکە تەورات و پێغەمبەران هەموویان پێشبینیان دەکرد تا دەرکەوتنی یۆخەنان. 14 ئەگەر ئامادەن باوەڕ بکەن ئەم یۆخەنانە ئیلیایە، کە چاوەڕوانی گەڕانەوەی دەکرا. 15 ئەوەی گوێی هەیە با ببیسێت! 16 بەڵام، ئەم نەوەیە بە کێ بەراورد بکەم؟ ئەوان وەک منداڵێک وان کە لە گۆڕەپانە گشتییەکان دانیشتوون، بانگی هاوەڵەکانیان دەکەن و دەڵێن: 17 زوڕنامان بۆ لێدان، بەڵام ئێوە سەماتان نەکرد! بۆ ئێوە ماتەمینیمان گرت، بەڵام ئێوە نەگریان! 18 یۆخەنان هات نە دەیخوارد و نە دەیخواردەوە، گوتیان: خێوی تێدایە! 19 ئینجا ڕۆڵەی مرۆڤ هات دەخوات و دەخواتەوە، گوتیان: ئەمە خواردن خۆر و سەرخۆشە، هاوڕێی باجگر و گوناهبارانە. بەڵام دانایی بە کارەکانی تاقی دەکرێتەوە». 20 پاشان یەشوا دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی ئەو شارانەی کە زۆربەی پەرجووکانی تێدا ئەنجام دابوو، چونکە لە گوناهەکانیان پاشگەز نەببوونەوە. 21 ئینجا فەرمووی: «هاوار بە تۆ خۆرازین! هاوار بە تۆ بێت سیدۆن! ئەگەر هەمان پەرجوو لە سور و سیدۆن ئەنجام بدرایە، گەلەکەیان لە کۆنەوە لە گوناهەکانیان پاشگەز دەبوونەوە و لە ناو خۆڵەمێشدا پۆشاکی گوشیان لەبەر دەکرد. 22 بەڵام پێتان دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای سور و سیدۆن سووکتر دەبێت، لەوەی بۆ ئێوەیە! 23 تۆش ئەی کەفەرناخوم: ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ تۆ بۆ جیهانی مردووان دەچیتە خوارەوە. چونکە ئەگەر ئەو پەرجووانەی کە لەنێو تۆدا کرا لە سۆدۆم بکرابووایە، ئەوا تاکو ئەمڕۆ دەمایەوە. 24 بەڵام پێتان دەڵێم بارودۆخی سۆدۆم لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لە دۆخی ئێوە سوکتر دەبێت!» 25 لەو کاتەدا یەشوا قسەی کرد و فەرمووی: «باوکە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی سوپاست دەکەم، چونکە ئەم شتانەت لە دانا و تێگەیشتوان شاردۆتەوە و بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە! 26 بەڵێ ئەی باوک، چونکە ئەمەت پێ باش بوو. 27 باوکم هەموو شتێکی پێ سپاردووم. کەس کوڕەکە ناناسێت باوک نەبێت، کەسیش باوک ناناسێت تەنها کوڕەکە نەبێت، ئەوەی کوڕەکە بیهەوێت بۆی ئاشکرا دەکات. 28 وەرن بۆ لام هەموو ماندووان و بارگرانەکان، من دەتانحەسێنمەوە. 29 نیری من بخەنە سەر خۆتان و لە منەوە فێربن، چونکە دڵنەرم و بێفیزم، حەسانەوەش بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە. 30 چونکە نیرەکەم گونجاوە، و بارم سووکە!»