بەشی ١٠

1 پاشان دوازدە قوتابییەکەی بانگ کرد بۆ لای خۆی، و دەسەڵاتی بەسەر گیانە پیسەکاندا پێدان کە دەریان بکەن و هەموو نەخۆشی و دەردێک چاک بکەنەوە. 2 ناوی دوازدە نێردراوان ئەمانەن: شیمۆن کە پێی دەگوترا پەترۆ، و ئەندریای برای، و یاکۆڤی کوڕی زەڤدی، و یۆخەنای برای؛ 3 فیلیپ، و بەرتۆلمیۆ؛ تۆما، مەتای باجگر؛ یاکۆڤ کوڕی هەلفای، تادیۆس؛ 4 شیمۆنی کانەوی؛ یەهودای ئیسخاریۆتی کە ناپاکی لێکرد. 5 ئەمە دوازدە نێردراواکەن کە یەشوا ناردنی، ڕایسپاردن و فەرمووی: «مەچنە ڕێگای نەتەوەکان، و مەچنە ناو شاری سامری. 6 بەڵکو سەرەتا بڕۆن بۆ لای مەڕە ونبووەکانی، ماڵی یەسرائیل. 7 کاتێک دەڕۆن مزگێنی بدەن و بڵێن: شانشینی ئاسمانەکان نزیکە. 8 نەخۆشەکان چاک بکەنەوە، مردوو زیندوو بکەنەوە، گولەکان پاک بکەنەوە، و خێوەکان دەربکەن. بە خۆڕایی وەرتانگرتووە، بە خۆڕایی بیبەخشن! 9 نە زێڕ و نە زیو و نە مس لە پشتێنەکانتاندا هەڵمەگرن، 10 بۆ ڕێگا نە کراس و نە پێڵاوی زیادە و نە گۆچانیش مەبەن: چونکە کرێکار شایانی نانی خۆیەتی. 11 هەرکاتێک چوونە ناو شارێک یان گوندێکەوە، لەوێدا بگەڕێن بۆ کەسێک کە شایستە بێت، و لەوێ بمێننەوە تا دەڕۆن. 12 وە کاتێک دەچنە ناو ماڵەکە، سڵاو بکەن. 13 ئەگەر بەڕاستی ئەو ماڵە شایستە بێت، ئاشتیتان لەسەری بێت. وە ئەگەر شایستە نەبوو، با ئاشتی بۆ خۆتان بگەڕێتەوە 14 ئەوەی پێشوازی لێ نەکردن و گوێی لە قسەتان نەگرت لەو ماڵە یان لەو شارە، بڕۆنە دەرەوە، و تۆزی پێتان بتەکێنن. 15 ڕاستیتان پدەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا سزای شاری سەدۆم و عەمۆرا لەهی ئەم شارە سوکتر دەبێت. 16 ئەوەتا من وەک مەڕ بۆ ناو گورگتان دەنێرم، جا وەک مار ئاگاداربن و وەک کۆتر ئاشتی خواز. 17 لە خەڵکی بەئاگابن! چونکە دەتاندەنە دادگا، و لە کەنیشتەکان بە قامچی لێتان دەدەن؛ 18 لە پێناوی مندا دەبرێنە بەردەم فەرمانڕەواکان و پاشاکان: ئەمەش شایەتحاڵی من دەبێت بۆ یەهودیەکان و هەم بۆ نەتەوەکان وەکو یەک. 19 کاتێک ڕادەستتان دەکەن، خەمی ئەوەتان نەبێت کە چۆن قسە بکەن و چی بڵێن. چونکە لەو کاتەدا پێتان دەدرێت بۆ ئەوەی چی بڵێن. 20 ئەوە ئێوە نین کە قسە دەکەن، بەڵکو گیانی باوکتانە کە لە ئێوەدا قسە دەکات. 21 برا براکەی ڕادەستی مردن دەکات، و باوکیش منداڵەکەی. منداڵان لە دایک و باوکیان یاخی دەبن، و دەیانکوژن! 22 لە پێناو ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی تا کۆتایی بەرگە بگرێت، ئەوە ڕزگاری دەبێت. 23 کە لەم شارە دەتانچەوسێننەوە، ڕاکەن بۆ شارێکی دیکە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: شارەکانی یەسرائیل چۆڵ ناکرێن تا ڕۆڵەی مرۆڤ نەیەت. 24 قوتابی لە مامۆستاکەی زیاتر نییە، و کۆیلەش لە گەورەکەی زیاتر نییە. 25 بۆ قوتابی بەسە وەک مامۆستاکەی بێت، و کۆیلەش وەک گەورەکەی! ئەگەر خاوەن ماڵ بە بەعلزەبووب ناو ببردرێت، چەند زیاتر خانەوادەکەی؟ 26 لەبەر ئەوە لێیان مەترسن: چونکە هیچ شتێکی داپۆشراو نییە دەرنەکەوێت، نهێنی نییە ئاشکرا نەبێت! 27 ئەوەی لە تاریکیدا پێتانی دەڵێم، لە ڕووناکیدا بیڵێنەوە؛ ئەوەی بە چرپە دەیبیستن، لە سەربانەکان جاڕی بۆ بدەن. 28 لەو کەسانە مەترسن کە جەستە دەکوژن، بەڵام ناتوانن گیان بکوژن، بەڵکو لەو بترسن کە توانای لەناوبردنی گیان و جەستەی هەیە پێکەوە لە دۆزەخدا. 29 ئایا دوو چۆلەکە بە فلسێک نافرۆشرێت؟ کەچی هیچ یەکێکیان بەبێ خواستی باوکتان ناکەوێتە سەر زەوی. 30 سەبارەت بە ئێوە تەنانەت مووی سەرتان هەمووی ژمێردراوە. 31 کەواتە مەترسن! ئێوە زۆر لە چۆلەکەکان زیاترن. 32 هەرکەسێک لەبەردەم خەڵکیدا دان بە مندا بنێت، منیش لەبەردەم باوکم کە لە ئاسمانەکانە دان بەودا دەنێم. 33 هەرکەسێک لەبەردەم خەڵکیدا نکۆڵی لە من بکات، هەروەها منیش لەبەردەم باوکم کە لە ئاسمانەکانە نکۆڵی لێدەکەم. 34 وا مەزانن من هاتووم بۆ ئەوەی ئاشتی لەسەر زەوی بەرپا بکەم. من بۆ بەرپا کردنی ئاشتی نەهاتووم، بەڵکو شمشێر. 35 من هاتووم بۆ هەڵگەڕاندنەوەی کوڕ لە باوکی، و کچ لە دایکی، و بووک لە خەسووی. 36 بەم شێوەیە دوژمنانی مرۆڤ لە خانەوادەکەی خۆیی دەبێت. 37 ئەوەی باوک و دایکی لە من زیاتر خۆش بوێت، شایستەی من نییە. وە هەرکەسێک کوڕ یان کچەکەی لە من زیاتر خۆش بوێت، شایستەی من نییە. 38 ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و شوێنم نەکەوێت، شایستەی من نییە. 39 ئەوەی دەست بە ژیانی خۆیەوە دەگرێت، لەدەستی دەدات؛ ئەوەی لە پێناو مندا ژیانی لەدەست بدات، ئەوە بەدەستی هێناوە. 40 ئەوەی پێشوازیتان لێ بکات، پێشوازی لە من دەکات؛ ئەوەش پێشوازی لە من بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە ناردوومی. 41 ئەوەی پێشوازی لە پێغەمبەرێک دەکات، پاداشتی وەک پێغەمبەر دەبێت؛ ئەوەی پێشوازی لە پیاوێکی چاکەکار بکات ئەوە چاکەی کردوە، لەبەر ئەوە پاداشتی وەک ڕاستودروستان دەبێت. 42 هەرکەسێک تەنانەت جامێک ئاوی ساردیش بداتە یەکێک لەم بچووکانە بۆ خواردنەوە، تەنها لەبەر ئەوەی قوتابی منن، ڕاستیتان پێدەڵێم پاداشتەکەی هەرگیز بزر نابێت.»