بەشی ٨

1 پاشان بە هەموو شار و گوندێکدا دەگەڕا و وانەی دەگوتەوە و مزگێنی شانشینی خودای ڕادەگەیاند و دوازدە قووتابییەکەش لەگەڵیدا بوون، 2 هەروەها هەندێک ژنیش کە لە گیانی پیس و نەخۆشی چاک ببوونەوە، لەوانە میریام ناسراو بە مەگدەلین کە حەوت خێوی لێ دەرکرابوو، 3 یونا هاوسەری خۆزی راوێژکاری هیرۆد، و شۆشانا، و چەندین کەسی دیکە کە بە سامانەکانیان خزمەتیان دەکرد. 4 خەڵکێکی زۆر لێی کۆبوونەوە کە لە هەموو شارێکەوە هاتبووونە لای، بە نموونەیەک قسەی لەگەڵ کردن: 5 «جووتیارێک بۆ چاندنی تۆوەکەی هاتە دەرەوە. لەو تۆوانەی کە دەیچاند، هەندێکیان کەوتنە سەر ڕێگا، ئەوانە ژێر پێ کەوتن، و باڵندەکانی ئاسمان خواردیان. 6 هەندێکیان کەوتنە سەر بەردەڵان، کاتێ سەریان هەڵدا وشک بوون چونکە شێدار نەبوو. 7 هەندێکیان کەوتنە ناوەڕاستی دڕکەکانەوە، دڕکەکانیش لەگەڵیاندا گەشەیان کرد و خنکاندیانن. 8 هەندێکیتریش کەوتنە سەر زەوی باش. گەشەیان کرد، و سەد هێندە بەرهەمیان هێنا». کاتێک ئەم قسانەی کرد بە دەنگی بەرز فەرمووی: «با ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن، بیبیستێت!» 9 قوتابییەکانی لێیان پرسی: «واتای ئەم نموونە چیە؟» 10 فەرمووی: «پێتان دراوە نهێنییەکانی شانشینی خودا بزانن. بەڵام بە نموونە قسە بۆ خەڵک دەکەم تەنانەت ئەوانەی: سەیر دەکەن بەڵام نابینن، و گوێ دەگرن بەڵام تێناگەن. 11 ئێستا واتای نموونەکە ئەمەیە: تۆوەکە وشەی خودایە. 12 ئەوانەی لە سەر ڕێگاکەدان ئەوانەن کە (وشەکە) دەبیستن، پاشان شەیتان دێت و وشەکە لە دڵیان دەڕفێنێ، نەکا باوەڕ بهێنن و ڕزگاریان بێت. 13 ئەوانەی لەسەر بەردەڵانەکەن ئەوانەن کە وشەکە دەبیستن و بە خۆشحاڵییەوە وشەکە وەردەگرن، بەڵام ڕەگیان دانەکووتاوە، بۆ ماوەیەک باوەڕ دەهێنن، و لە کاتی تاقیکردنەوەدا پاشەکشە دەکەن. 14 ئەو تۆوانەی کە لەنێو دڕکەکاندا کەوتن بۆ ئەوانەیە کە دەبیستن بەڵام کاتێک دەڕوێن خەمەکانی ژیان و دەوڵەمەندی و چێژەکان، دەیانخنکێنێ و بەرهەمی پێگەیشتوویان نابێ. 15 بەڵام تۆوی سەر زەوییە باشەکە، بۆ ئەوانەیە کە وشەکە دەبیستن و بەدڵێکی باش و ڕاست دەیپارێزن، و بە خۆڕاگرییەوە بەروبوومێک بەرهەم دەهێنێت. 16 هیچ کەسێک چرایەک داناگیرسێنێت و بە قاپێک دایپۆشێت، یان بیخاتە ژێر پێخەف، بەڵکو لەسەر چرادانێک دایدەنێ بۆ ئەوەی هەرکەسێک بچێتە ژوورەوە ڕووناکییەکە ببینێت. 17 لەبەر ئەوەی هیچ شاراوەیەک نییە کە نەدۆزرێتەوە، و نهێنییەک نیە کە نەناسرێت و رانەگەیەندرێت. 18 بە وردی گوێ بگرن، چونکە ئەوەی هەیەتی زیاتری پێدەدرێت؛ بەڵام ئەوەی نیەتی، چی بە هی خۆی دەزانێت، لێی دەسێندرێتەوە!» 19 دایک و براکانی یەشوا هاتن بۆ لای، بەڵام له بەر زۆری جەماوەرەکه نەیانتوانی لێی نزیک بکەونەوه. 20 پێیان گوت: «دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێ بتبینن!» 21 وەڵامی دانەوە و فەرمووی: «دایک و براکانم ئەوانەن کە گوێ لە وشەی خودا دەگرن و بەکاری دەهێنن». 22 ڕۆژێکیان یەشوا بە قوتابییەکانی، فەرموو: «با بچینە ئەوبەری دەریاچەکە!» سواری بەلەمێک بوون و بەڕێکەوتن. 23 کاتێک بە دەریادا ڕۆیشتن، نووست. زریانێکی کتوپڕی با لەسەر دەریاچەکەدا هەڵیکرد، و بەلەمەکە پڕ بوو لە ئاو، و کەوتنە مەترسییەوە. 24 قوتابییەکانی یەشوا هاتنە سەری و بەخەبەریان هێنا و گوتیان: «گەورەم، گەورەم، خەریکە دەمرین!» ئەویش هەستا و لە با و ئاوەکەی ڕاخوڕی، ئاو و بایەکە ڕاوەستان و دۆخەکە هێمن بۆوە. 25 پێی فەرموون: «باوەڕتان لەکوێیە؟» بەڵام ئەوان ترسا بوون و سەرسام بوون، بە یەکتریان گوت: «ئەمە کێیە؟ تەنانەت فەرمان بە با و ئاو دەکات و گوێڕایەڵی دەبن؟» 26 پاشان گەیشتنە ناوچەی گەراسین، کە کەوتۆتە بەرامبەر گەلیلی. 27 کاتێک یەشوا دابەزییە سەر وشکانی، پیاوێکی دی خەڵکی شارۆچکەکە بۆ ماوەیەکی زۆر خێو دەستیان بە سەردا گرتبوو، جل و بەرگی لەبەردا نەبوو و ماڵێکی نەبوو تیای بژی بەڵکوو لە ناو گۆڕەکاندا دەمایەوە. 28 کاتێک یەشوای بینی، هاواری کرد و لە بەر پێی چۆکی دادا، بە دەنگێکی بەرز گوتی : « چیت لە من دەوێت، یەشوای ڕۆڵەی خودای هەرەبەرز؟ لێت دەپاڕێمەوە ئەشکەنجەم مەدە؟» 29 چونکە یەشوا فەرمانی دابوو گیانی پیس لە پیاوەکە بێتە دەرەوە. زۆر جار دەستی بەسەردا گرتبوو، هەرچەندە کۆت و زنجیر کرابوو و لەژێر چاودێریدا بوو، زنجیرەکانی شکاندبوو و لەلایەن گیانی پیسەوە بۆ کەلاوەکان بردرابوو. 30 یەشوا لێی پرسی: «ناوت چییە؟» وەڵامی دایەوە: «لێگیۆن!» چونکە سوپایەک لە خێوەکان چووبوونە ناوی، 31 ئینجا چەند جارێک تکایان لە یەشوا کرد کە فەرمانیان پێ نەدات بچنە ناو بیری بێ بن. 32 ڕەوە بەرازێکی گەورە لەسەر لێواری چیاکە دەلەوەڕان، گیانە پیسەکان لە یەشوا پاڕانەوە کە ڕێگەیان پێبدات بچنە ناو بەرازەکان، ئەویش ڕێگەی پێدان. 33 کاتێک خێوەکان لە مرۆڤەکە هاتنە دەرەوە، چوونە ناو بەرازەکان، رەوە بەرازەکەیش لە لێواری شاخەکەوە خۆیان هەڵدایە ناو دەریاچەکەو خنکان. 34 کاتێک شوانەکان بینییان چی ڕوویداوە، بەرەو شار و کێڵگەکان بە هەڵاتن هەواڵی رووداوەکەیان بڵاو کردەوە. 35 خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی ببینن چی ڕوویداوە، کاتێک گەیشتنە لای یەشوا، ئەو پیاوەیان دی کەخێوەکان لێی چوونە دەرەوە، لەبەرپێی یەشوا دانیشتووە و جل و بەرگی لەبەردایە و ئەقڵی تەندرووستە. بۆیە ترسان. 36 ئەوانەی بینییان بە خەڵکەکەیان ڕاگەیاند کەچی روویداوە، و چۆن پیاوەکە چاک بۆتەوە. 37 ئینجا هەموو خەڵکی ناوچەی گەراسین داوایان لە یەشوا کرد وازیان لێ بهێنێت، چونکە ترسێکی زۆر دایگرتبوون. یەشوا سواری بەلەمەکە بوو و گەڕایەوە. 38 بەڵام ئەو پیاوەی گیانی پیسی لێ دەرچووبوو، لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بڕوات. بەڵام یەشوا ڕەتیکردەوە و فەرمووی: 39 «بگەڕێوە ماڵەوە، و پێیان بڵێ کە خودا چی بۆ کردوویت!» پیاوەکە ڕۆیشت و بە هەموو شارەکەی ڕاگەیاند کە یەشوا چی بۆ کردووە. 40 کاتێک یەشوا گەڕایەوە، خەڵکێکی زۆر پێشوازییان لێکرد، چونکە هەموو چاوەڕێی گەڕانەوەیان دەکرد. 41 ئینجا پیاوێک بە ناوی یائیر، کە پێشەوای کەنیشت بوو، هات و خۆی خستە بەر پێی یەشوا و لێی پاڕایەوە بێتە ماڵەکەی، 42 چونکە تاقە کچەکەی، کە دوازدە ساڵان بوو، لە سەرەمەرگدا بوو. بە دەم ڕۆیشتنەوە، جەماوەر پاڵەپەستۆیان ئەخستە سەری. 43 ژنێک لەناو خەڵکەکەدا بوو کە بۆ ماوەی دوازدە ساڵ خوێنی لەبەر دەڕۆیشت هەرچەندە هەموو ئەو شتانەی کە هەیبوو لە پێدانی پارەی پزیشکەکاندا لە دەستی دابوو، بەڵام لە سەر دەستی هیچ کەس چاک نەببۆوە. 44 بۆیە لە دواوە چوو بەرەو یەشوا، و دەستی بە کەواکەیدا هێنا، و دەستبەجێ خوێنبەربوونەکەی وەستا. 45 یەشوا فەرمووی:« کێ بوو دەستی لێدام؟» کاتێک هەموویان ڕەتیان کردەوە، پەترۆ گوتی: «گەورەم، بە قەرەباڵغی پاڵەپەستۆ دەخەنە سەرت و تەنگت پێهەڵدەچنن، تۆش دەپرسیت کێ دەستی لێدام؟» 46 بەڵام یەشوا فەرمووی: «کەسێک دەستی لێدام، چونکە هەستم بە هێزێک کرد لە منەوە چووە دەرەوە». 47 ژنەکە بینی کە ناتوانێت بابەتەکە بشارێتەوە، بە لەرزەوە هات، و کەوتە سەر پێیەکانی لە بەردەم هەموو خەڵکەکەدا باسی ئەوەی کرد کە بۆچی دەستی لێداوە، و چۆن دەستبەجێ چاک بووەتەوە. 48 ئینجا پێی فەرموو: « کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە؛ بڕۆ لە ئاشتیدا بە!» 49 لە کاتێکدا یەشوا قسەی دەکرد، کەسێک لە ماڵی یائیری پێشەوای کەنیشتەوە، هات پێی گوت: « کچەکەت مردووە. چیتر مامۆستا ماندوو مەکە!» 50 یەشوا گوێی لەمە بوو، بە یائیری فەرموو: « مەترسە، باوەڕت هەبێ، و چاک دەبێتەوە!» 51 کاتێک گەیشتە ماڵی یائیر، نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێتە ژوورەوە، پەترۆ و یۆخەنا و یاکۆڤ و دایک و باوکی منداڵەکە نەبێت. 52 هەمووان دەگریان و شیوەنیان بۆ دەکرد. یەشوا فەرمووی: « مەگرین. ئەو نەمردووە، بەڵکو خەوتووە!» 53 بەڵام پێی پێکەنین، چونکە دەیانزانی مردووە. 54 بەڵام کاتێک هەموویانی دەرکرد، دەستی گرت، بانگی کرد فەرمووی: «ئەی کچ، هەستە!» 55 گیانەکەی بۆ گەڕایەوە، دەستبەجێ هەستایەوە. ئینجا یەشوا پێی فەرموون خواردنێکی پێبدەن. 56 دایک و باوکی سەرسام بوون؛ بەڵام پێی ڕاسپارن ئەوەی ڕوویداوە بە کەسی نەڵێن.