بەشی ٢٠

1 کاتێک خەڵکەکەی لە پەرستگا فێردەکرد و مزگێنی دەدا، سەرۆک کاهینەکان و زانایانی تەورات و پیران، لەگەڵی کەوتنە وتووێژ و گوتیان: 2 «پێمان بڵێ، بە چ دەسەڵاتێک ئەم کارە دەکەیت؟ یان کێ ئەم دەسەڵاتەی پێداویت؟» 3 یەشوا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «منیش یەک شتتان لێ دەپرسم و وەڵامم بدەنەوە: 4 ئایا لە ئاوهەڵکێشانی یۆخەنان لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟» 5 بۆیە لە نێوان خۆیاندا ڕاوێژیان کرد و گوتیان: «ئەگەر بڵێین: لە ئاسمانەوە»، دەڵێت: بۆ باوەڕتان پێی نەبوو؟ 6 وە ئەگەر بڵێین: لە مرۆڤەکان، هەموو خەڵک بەردبارانمان دەکەن، چونکە پێیان وایە کە یۆخەنان پێغەمبەر بووە». 7 وەڵامیان دایەوە کە نازانین لە کوێوەیە. 8 یەشوا پێی فەرموون: «کەواته منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەو کارانە دەکەم!» 9 بە نموونە لەگەڵ خەڵکەکە قسەی ئەکرد: «پیاوێک رەزێکی چاند و دای بە ڕەزەوانان و بۆ ماوەیەکی زۆر گەشتی کرد. 10 لە وەرزی دروێنەدا خزمەتکارێکی بۆ لای ڕەزەوانان نارد، تا لە بەرهەمی ڕەزەکەی پێبدەن. بەڵام ڕەزوانەکان لێیان دا و بە دەستی بەتاڵ ڕەوانەیان کردەوە. 11 بۆیە خزمەتکارێکی تری نارد. بەڵام ئەویش لێیاندا و سوکایەتیان پێکرد و بە دەستی بەتاڵ ناردیانەوە. 12 پاشان دیسان خزمەتکاری سێهەمی نارد، ئەویشیان بریندار کردو لە ڕەزەکە فڕێیاندایە دەرەوە. 13 خاوەنی باخی ترێ گوتی: چی بکەم؟ کوڕە خۆشەویستەکەم دەنێرم، چونکە سڵی لێ دەکەنەوە! 14 بەڵام هەر کە رەزەوانەکان بینییان، لە نێوان خۆیاندا ڕاوێژیان کرد و گوتیان: ئەمە میراتگرەکەیە، بۆیە با بیکوژین بۆ ئەوەی میراتەکە بۆ ئێمە بەجێ بمێنێ. 15 ئینجا کوشتیان و لە ڕەزەکە فڕێیاندایە دەرەوە. کەواتە خاوەنی ڕەزەکە چییان لێدەکات؟ 16 دێت و ئەو ڕەزەوانانە لەناو دەبات، ڕەزەکەی ڕادەستی خەڵکی تر دەکات». کە ئەمەیان بیست گوتیان: «لە ئێمە بە دور بێت!» 17 بەڵام سەیری کردن و فەرمووی: «ئینجا مانای ئەم بڕگەیە چییە کە نووسراوە: ئەو بەردەی بیناسازەکان ڕەتیان کردۆتەوە هەمان ئەو بەردەیە کە بوو بە بەردی بناغە؟ 18 هەرکەسێک بکەوێتە سەر ئەم بەردە تێک دەشکێ، و بە سەر هەر کەسێکیشدا بکەوێت پانی دەکاتەوە؟» 19 سەرۆک کاهینەکان و مامۆستایانی تەورات هەر ئەوکات هەوڵیان دا بیگرن، بەڵام لە خەڵکەکە دەترسان، چونکە تێگەیشتن کە نموونەکە مەبەستی لەوانە. 20 بۆیە چاودێرییان دەکرد و سیخوڕەکان بەدەوریدا بڵاوبوونەوە و وا خۆیان پیشان دەدا کە ڕاستگۆن، بۆ ئەوەی بە وشەیەک کە دەیفەرموو، بیگرن و ڕادەستی دادوەر و فەرمانڕەوای بکەن. 21 پاشان لێیان پرسی: «مامۆستا، ئێمە دەزانین کە تۆ بە ڕاستی قسە دەکەیت و فێر دەکەیت، پێگەی مرۆڤەکان لەبەرچاو ناگریت، بەڵکو ڕێگای خودا بە ڕاستی فێر دەکەیت: 22 ئایا ڕێگەپێدراوە بۆ ئێمە باج بە قەیسەر بدەین، یان نا؟» 23 بە فێڵەکەیانی زانی، پێی فەرموون: 24 «دینارێکم پیشان بدەن: وێنە و نەخشی کێی لەسەرە؟» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «هی قەیسەرە!» 25 پێی فەرموون: «کەواتە ئەوەی هی قەیسەرە بیدەنەوە بە قەیسەر و ئەوەی هی خودایە بیدەن بە خودا». 26 نەیانتوانی بە وشەیەک کە فەرمووی لەبەردەم گەلدا بیخەنە داوەوە، بەو شتەی بیستیان سەرسام بوون. 27 هەندێک لە سەدوکیمەکان کە بڕوایان بە هەستانەوەی مردووان نەبوو، لەگەڵی کەوتنە وتووێژ و پرسیاریان لێکرد و گوتیان: 28 «مامۆستا، موشە بۆی نووسیوین: ئەگەر کەسێکی وەجاخ کوێر بمرێت، لەسەر براکەیەتی هاوسەرگیری لەگەڵ براژنەکەی بکات و لە سەر ناوی براکەی وەچە بخاتەوە. 29 حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخ کوێری مرد، 30 پاشان دووهەمی لەگەڵ ژنەکەی هاوسەرگیری کرد، پاشان سێهەمین برا هێنای، 31 هەرحەوت براکە ژنەکەیان هێنا و بە وەجاخ کوێری مردن. 32 دوای هەموویان ژنەکەش مرد. 33 لە هەستانەوەدا، ژنەکە دەبێتە ژنی کامیان، چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە». 34 یەشوا وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «ڕۆڵەکانی ئەم سەردەمە شوو دەکەن و ژن ئەخوازن. 35 سەبارەت بەوانەی کە شایستەن لە ڕۆژی دوایی هەڵبستنەوە، نە شوو دەکەن و نە ژن دەهێنن. 36 چونکە چیتر ناتوانن بمرن، ئەوان وەک فریشتەکانن و ڕۆڵەی خودان، ڕۆڵەی زیندووبوونەوەن. 37 وە سەبارەت بە زیندووبوونەوەی مردووەکان، تەنانەت موشە ئاماژەی بەو شتە کردووە کاتێک باس لە دەوەنە دەکات، کە تێیدا پەروەردگاری، بە خودای ئەڤراهام و، ​​خودای ییتساخ و خودای یاکۆڤ بانگ کرد. 38 بەڵام خودا خودای مردووەکان نییە، بەڵکو خودای زیندووەکانە، چونکە هەمووان بەو دەژین!» 39 هەندێک لە زانایان گوتیان: «مامۆستا، فەرمایشتەکانت ڕاستە!» 40 پاش ئەوە کەس نەیوێرا هیچی لێ بپرسێت. 41 پێی فەرموون: «چۆن دەگوترێت مەسیح کوڕی داڤیدە، 42 لە کاتێکدا داڤید خۆی لە سیپارەی زەبوورەکاندا دەڵێت: پەروەردگار بە پەروەردگارمی فەرموو: لە ڕاستەی من دانیشە 43 تا دوژمنەکانت دەکەمە تەختەپێت؟ 44 ئەوەتا داڤید بە پەروەردگار بانگی دەکات، ئیتر چۆن دەتوانێت کوڕی ئەو بێت؟» 45 لە کاتێکدا هەموو خەڵک گوێیان لێ بوو: بە قووتابییەکانی فەرموو: 46 «ئاگاداری مامۆستایانی تەورات بن، کە حەز دەکەن بە جل و بەرگی رازاوە ببیندرێن، لە گۆڕەپانە گشتیەکان، و لە کەنیشتەکان لە ڕیزی پێشەوە دانیشن و لە ئاهەنگەکانیشدا لای سەرەوە بگرن؛ 47 ماڵی بێوەژنەکان دەخۆن و شانازی بە نزای درێژەوە دەکەن. ئەمانە بڕیاری توندتریان لە سەر دەدرێت!»